لەگەڵ زیاتر داماوبوونی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی وڵات و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و خەباتکارانەی کرێکاران (لەوانە مامۆستایان)، خانەنشینکراوان، زەرەرمەندانی بازاڕی بوورس و دامەزراوە ماڵییەکان، بەندکراوانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی، شایەدی نومایشی نیزامیی ناکاریگەر، دیداری بێ ئاکامی سەران لە مسکۆ، پاشەکشە لە بەرامبەر ڕۆژاوا لە دانوستانە ناوەکییەکان و توندبوونەوەی سەرکوت لە ناوخۆین.
سەرانی ڕژیم بۆ هێزنواندن لە بواری سەرکوت، زۆر جار بە پەرەپێدانی وەحشیگەری دژبە بەندکراوانی سیاسی ئەولەوییەت دەبەخشن. چونکە پێیان وایە بەندکراوان دەست بەستراو و دیلی ئەوانن. بەڵام ئەوان لە قۆناغەکانی ئەم دوایانەدا بەردەوام لەگەڵ خۆڕاگریی بەندکراوانی ژن و پیاو بەرەوڕوو بوونەتەوە. بۆ نموونە پاش ئەوەیکە بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەڕێگەی کەمتەرخەمیی بەئانقەست، بوون بە هۆی گیان بەختکردنی بەکتاش ئابتین، بەندکراوی سیاسی و هونەرمەندی خەباتکار، ناڕەزایەتیی بەرین لە ناوخۆ و دەرەوەی زیندان دەستی پێکرد.
لە بیست و دووی مانگی بەفرانباردا شەش کەس لە بەندکراوانی ناو بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین بە ناوەکانی مەحموود عەلی نەقی، عەلی ئەسغەر حەسەنی ڕاد، مێهدی دارینی، حەمید حاج جەعفەر کاشانی، سادق ئۆمیدی لەپوەندی، پەیمان پوورداد لە ناڕەزایەتی بە “کەمتەرخەمیی ئاشکرای بەرپرسانی زیندان، دەزگای قەزایی و ڕێکخراوی زیندانەکان لە پێوەند لەگەڵ مەرگی بەکتاش ئابتین” و هەروەها بەهۆی پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی مانگی بەفرانبار، دەستیان دایە مانگرتن لە خواردنی وشک.
ناوەندی نووسەرانی ئێران ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی بەفرانبار داوای لەم شەش بەندکراوە کرد تا کۆتایی بە مانگرتنی وشکی خۆیان بێنن. ناوەندی نووسەران ڕوو بەم بەندکراوانە وتی: “ئەم مانگرتنە چ لە ئێران و چ لە ئاستی جیهانیدا ڕەنگدانەوەی بەرینی بووە و هەر ئەم واقعییەتەش نیشانی دەدات کە بەندکراوانی مانگرتوو بە ئامانجی خۆیان لە ناڕەزایەتی دژبە کوشتنی تاوانبارانەی بەکتاش ئابتین گەیشتوون.”
ناوەندی نووسەران لە یەکی ڕێبەنداندا لەمبارەوە بەیانییەکی دیکەی دایە دەر. لەم بەیانییەیەدا هاتووە کە:
“لە وڵام بە داخوازیی ناوەندی نووسەرانی ئێران، ٣ کەس لەوانە “سادق ئۆمیدی لەپوەندی، پەیمان پوورداد و مێهدی دارینی” لە ڕێکەوتی ٢٦ی مانگی بەفرانبار مانگرتن لە خواردنی خۆیان لە وشکەوە بۆ تەڕ گۆڕی. ئەوان هەروەها نیگەرانیی خۆیان لەئاست ڕفاندنی سێ کەسی دیکە لە مانگرتووان (حەمید حاج جەعفەر کاشانی، عەلی ئەسغەر حەسەنیڕاد و مەحموودنەقی) و ڕاگواستنیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگەیاند. بەدوای ئەوەدا، فایلێکی سەوتی بڵاوکرایەوە کە باسی لەوە دەکرد کە پاسەوانانی زیندان دوو کەس لەم مانگرتووانە واتە (حەمید حاج حەعفەر کاشانی و مەحموود عەلینەقی)یان بە بیانووی ئەوەیکە حاڵیان خراپە و دەبێ بۆ نەخۆشخانە بگوازرێنەوە سەرەتا لە بەند هێناوەتە دەرێ و پاش لێدان و کوتەککارییان بۆ زیندانی تاران ڕایانگواستوون. دەستبەجێ بەدوای ئەوەدا هەواڵی ئەوەش گەیشت کە عەلی ئەسغەر حەسەنیڕادیش بە بیانووی بێ بنەمای هاوشێوە بۆ بەندی ٤ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە. لەناو هەموو ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە گیانی مانگرتووان دەکات، باروودۆخی سڵامەتی دوو کەس لەم مانگرتووانە نیگەرانییەکانی سەد هێندە کردووە: پەیمان پوورداد شێرپەنجەی خوێنی هەیە و عەلی ئەسغەر حەسەنیڕاد کەمئەندامە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ناوەندە ژمارەیەک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات بەم مانگرتن لە خواردنە پەیوەست بوون. لە ناوخۆش سینا بێهێشتی، مۆعین حاجیزادە، محەممەد ئەبۆلحەسەنی و شەکیلا مۆنفەرێد لە دوو زیندانی تاران و قەرچەک، و ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو لە دەرەوەی زیندان بەم مانگرتووانە پەیوەست بوون. ئەوان لە پەنا ناڕەزایەتی بە قەتڵی ئابتین و پشتیوانی لە خواستی مانگرتووانی بەندی ٨ دوو خواستی دیکەشیان هێناوەتە گۆڕێ: وەزیری، ئەلیاسی و محەممەدی، لە دست و پێوەندەکانی کوشتنی بەکتاش ئابتین، پێویستە لەسەر کار لابردرێن و لەگەڵ بەندکراوانی ئەمنییەتیش هەروەک بەندکراوانی ئاسایی هەڵسووکەوت بکرێت واتە ڕاگواستنیان بە ئیزنی دادیاری ئەمنییەتییەوە گرێ نەدرابێت.
بەرپرسانی زیندان وەک هەمیشە بە زیادکردنی گوشارەکان لەوانە پچڕاندنی پەیوەندیی ناڕازیان لەگەڵ دەرەوە و ناردنیان بۆ ژووری تاکەکەسی و یان دوورخستنەوەیان بۆ ئەو زیندانانەی کە دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەکان و دیدار لەگەڵ بەندکراوانی خەباتکار سەخت بێت، هەوڵیان داوە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان ڕێگری بکەن. هەر ئەم ڕەفتارە دڕندانەیەی خۆیان بووەتە هۆی ئەوەیکە ئاگری ناڕەزایەتییەکان گەشاوەتر بێت. محەممەد ئەبولحەسەنی، سینا بێهێشتی، حەمید کاشانی، محەممەد تۆرکان، مەحموود عەلی تەقی، حسێن قەشقایی، ڕەزا سەڵەواتی، میلاد ئەرسێنجانی، شەهاب سۆڵتانیان، مێهران دێلفان ئازەری، ئەکبەر فەرجی، بەندکراوانی زیندانی تاران لە بەیانییەیەکدا دژبەم گوشارانە بەتوندی ناڕەزایەتییان دەربڕی و نووسییان:
“تەنیا چەند ڕۆژ لە مەرگی بەکتاش ئابتین تێپەڕ نەبووە کە شەپۆلی پشتیوانی و دادخوازی لەو و باقیی بەندکراوانی کوژراو لە ئێران دەستی پێکردووە.
پاش گواستنەوەی بەندکراوان و ڕفاندنیان بۆ شوێنێکی نامەعلووم بۆ تێکشکاندنی ئەم هاوپشتییە لە زیندانەکانی ئێران، لەوانە حەمید حاج جەعفەر کاشانی و مەحموود عەلینەقی و ڕاگواستنی محەممەد ئەبولحەسەنی بۆ زیندانی تاران، لەئێستادا نۆرەی کەیوان سەمیمی هاتووە.
کەیوان سەمیمی، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوان کە لە ساڵانی بەر لە شۆڕش و پاش شۆڕش بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لەپێناو خەبات دژبە زوڵم و ستەم زۆر جار دەستبەسەر کراوە و ساڵەهایە لە زینداندا بەسەر دەبات و هەروەها ژمارەیەک بەندکراوی چالاکی دیکە، لە ترسی یەکگرتوویی و هاوپشتی لە نێوان بەندکراوان، بۆ زیندانەکانی تر دوور دەخەنەوە.”
لەم بەیانییەیەدا هەروەها داوا کراوە:
“ئێمە بەندکراوانی سیاسی خوازیاری هەڵسووکەوتی بەرگرانە دژبە دەست و پێوەندەکانی قەتڵی بەکتاش و سەدان بەندکراوی دیکە، و لەوەش بانتر، خوازیاری ڕێگری لە مەرگی هەزاران بەندکراوی دیکە و ڕزگاربوونیان لە ئەشکەنجەین کە پاش مەرگی بەکتاش ئابتین خەریکە ڕوو دەدات.”
کەشوهەوای خەباتکارانەی ناوەوەی زیندان بێگومان ڕەنگدانەوەی ڕووحییەی خەباتکارانەی جەماوەری ئازادیخوازی ناو کۆمەڵگایە. بێگومان خودی ئەم فەزایە، کەشوهەوای خەباتکارانەی دەرەوەی زیندانەکانیش بەهێز دەکات. هەربۆیە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتی بەندکراوانی سیاسی ئەرکێکی هەمیشەیی چالاکانی کۆمەڵایەتی، کرێکارانی وشیار و هاووڵاتییانی ناڕازییە. هەڵبەت ئەم ئەرکە تا ئاستێک ئەنجام دراوە، بەڵام پێویستە ئەم پشتیوانیانە تا وەدی هاتنی درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” درێژەیان بێت و بەهێز بکرێن.