کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە ئیدانەکردنی جینایەتە جەنگییەکانی ئەرتەشی تورکیە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان

26563 676

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکرات هەروا بە تووندی بەردەوامە. بە وتەی بەرپرسێکی نەخۆشخانەی خۆجێی شاری قامیشلو، ڕۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیە بۆسەر ئەو ناوچەیە، لانیکەم شەش کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤی سوریه، ئەرتەشی تورکیە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی دا ١٢٤ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کوردستانی سوریه ئەنجامداوە کە بەهۆیانەوە ٩٢ کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون. لەم هێرشە جینایەتکارانەدا، قوتابخانە، نەخۆشخانە، وێستگەکانی کارەبا، ناوەندەکانی دابینکردنی ئاو، بەنزینخانەکان، پیشەسازی نەوت و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی دیکە کراونەتە ئامانج. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دێموکرات، ڕۆژی سێشەممە لە کەناڵی ئێکس، وێڕای ئیدانەکردنی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و ئامرازەکانی ژیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە لەلایەن تورکیەوە، وتی:  بە ئامانجگرتنی سەرلەنوێی ژێرخان و ئامرازەکانی بژێوی ژیانی خەڵکی سڤیل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریه بۆ جاری سێیەم لەمساڵدا، لە ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی برسی کردن و داگیرکارییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە بە مەبەستی هێرشکردنە سەر جەماوەرەکەمان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە بەڕێوەدەچێت و بە تاوانێکی جەنگی دادەنرێت. ناوبراو هەروەها دەڵێت، سەرەڕای ئامادەکارییەکانی خەڵک بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ بە هیوای بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیری و سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئێمە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی، ئانکارا هەروا لەسەر سیاسەتی شەڕانگێزانە و هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانی بۆ درەوەی سنوورەکان پێداگری دەکات. ئەرتەشی تورکیە هاوکات هێرش و پەلامارەکانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چڕتر کردووەتەوە و لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان جار ئەو ناوچەیەی کردووەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و زەمینی. ئەوەیکەئەرتەشیتورکیە

لە ڕۆژئاوا و لە هەرێمی کوردستان دەیکات، نموونەی ئاشکرای تاوانێکی جەنگی بە تەواومانایە. ئەو ئامانجانەی کە ئەرتەشی جینایەتکاری تورکیە بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا دەستنیشانی کردوون، ئەوە دەردەخەن کە مەبەستی دەوڵەتی تورکیە بریتییە لە لەناوبردنی سەرچاوە و ژێرخانە ئابووریی و لەناوبردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و هەوەها ناچارکردنی خەڵک بە جێهێشتنی ناوچەکە و سەرەنجام شکستپێهێنانی دەسەڵاتی جەماوەریی لەم ناوچەیە. پێویستە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا نەک تەنیا بە سەرکەوتنە شکۆدارەکانی لە دژی داعش و بەرخۆدانی بوێرانەی لە دژی فاشیزمی ئەردۆغانی، بەڵکوو بەو بەها مرۆییانەش کە لە پێناویدا گیانبازیی دەکات، بناسرێتەوە. لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرێتی کوردستانی سوریەدا، بە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، کۆمەڵێک یاسا لە بواری یەکسانی نێوان ژن و پیاو و بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، مافی یەکسان بۆ کەسانی سەربە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان، جێگیرکراوە و لەم دواییانەشدا گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازانە پەسەند کراوە کە دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتی و مافخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەو هەلومەرجەی ئێستادا کە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرێتی کوردستانی سوریه کەوتووەتەبەر هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بە چرای سەوزی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، پەرەپێدان بە بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ ڕۆژئاوا، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستن و بەردەوام مانەوەی ئەم دەستکەوتانەدا ببینێت. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستانی ئێران، کە ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی خۆڕاگریی کۆبانی و خۆڕاگریی لە بەرامبەر لەشکرکێشی ئەرتەشی تورکیە، لە درێژەی نەریتی بزووتنەوەی دامەزراندنی بنکەی گەڕەکەکان لە شاری سنە و خۆڕاگریی ٢٤ ڕۆژەی جەماوەریی ئەم شارە لە بەهاری ساڵی ١٣٥٩دا دەبینن، پێویستە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی سوریه. دیفاع لە خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر دەستدرێژییە سەربازییەکانی تورکیە، دژایەتیکردن لەگەڵ داگیرکاری سەربازیی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، نائارامکردنی شوێنی کار و ژیانی خەڵک و  ئاگرتێبەردانی ژینگە، ئەرکێکی ئینسانییە. دیفاع لە خەباتی خەڵکی کوردستان، دیفاعکردنە لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتی و ئیدانەکردنی ستەم و دەستدرێژی و داگیرکاری سەربازییە. لە کاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیە، پاڵپشتی، یان بێدەنگی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپای دەستەبەر کردووە، خەڵکی کوردستان و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی ناوچەکە و جیهان، تاکە هێزێکن کە دەتوانن بەر بە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە بگرن.