کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لەرزەکانی دوای بەرجام

سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران رۆژی سێ شەممە ١٢ی خەزەڵوەر بە بڵاو کردنەوەی ئیتلاعاتێك رایگەیاند کە لەم هه‌فته‌یه‌دا، “چەند کەس لە ئەندامانی شەبەکەی نفوزی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی نەیاری رۆژئاوایی کە لە فەزای مەجازی و راگەیەنەرەکانی وڵاتدا چالاک بوون” گرتووە. بەپێی هەواڵی سایتی “راهی دانا” سەربە سپای پاسداران، گیراوەکان ٥ کەسن و تا ئێستا ناوی چوار کەسیان کە بریتین لە عیسا سەحەرخیز، ئێحسان مازندەرانی، مودیر مەسئولی رۆژنامەی فەرهیختەگان، سامان سەفەرزایی، لە گۆڤاری “ئەندیشەی پویا” و ئافەرین چیت ساز، وتار نووسی رۆژنامەی ئێران، راگەیەندراون.بە سه‌رنجدان لەو ئیتلاعیەی لە راگەیەنەرە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیه‌كان و سەدا و سیمادا بڵاو کرایەوە، ئەم گرتنانە بەشێک لە تەرحێکی بەرینی پۆلیسی تر کردنی کۆمەڵگای ئێرانە. رۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەر رۆژنامەی “جەوان” سەربە سپای پاسداران نووسی کە دەست بەسەر کردنەکانی ئەم دواییە ” بەشێک لە ئاستی شاراوەی پرۆژەی ئاڵۆزی نفوزی ئاسکرا کرد.” بەر لە رۆژنامەی جەوان کەسێک بەناوی عاسف لەژێر ناوی کارناسی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا لە تەلەویزیۆنی کۆماری ئیسلامیدا دەرکەوت و دەستی کرد بە هەڵسەنگاندنی مەسەلەی بەناو” نفوزی”. ئەو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: “لەم پەروەندەیەدا کۆمەڵێک لە موجەڕەب ترین چالاکانی راگەیاندنی ئوپوزسیۆنی دەرەکی و نێوخۆیی لە فەرایەندێکی ئاڵۆز و هیرەمی چەند لایەنەدا بە شەبەکە سازی لە هەواڵنێرانی نێوخۆیی خەریکی قەناعەت پێهێنان بوون.” ئەو لەدرێژەدا وتی:” بڕێک پارە لە دەرەوەی وڵاتەوە لە ڕێگای سەڕافیەکان و هێندێک کەسی تایبەتەوە بۆ ئەم کەسانە دەهات. ئەو وتی کە تەرحی ئاڵۆزی نفوز لە لایەن سازمانی جاسوسی ئامریکا و هیدایەت کردنی ئینگیلیسەوە گەڵالەڕێژی کراوە و بە یارمەتی ئیتلاعاتی و دیپلۆماتیکی وڵاتانی وەک هێند و سوئێد براوەتە پێشێ. هەواڵنێری ئەمنیەتی فارسیش رۆژی ١٧ی خەزەڵوەر هێندێک وردەکاری لە تەرحی بەناو نفوزی لەژێر ناوی شەبەکەی YGLی بە وردەکاری زیاترەوە و بە ئاماژە بە هێندێک ناو بڵاو کردەوە.579
ئەم کارزارە تەبلیغاتیەی سەدا و سیما و راگەیەنەرە ئەمنیەتیەکانی رژیم بەشوێن هۆشداری خامنەیی و جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسداران، سەبارەت بە نفوزی فەرهەنگی و ئابووری دەوڵەتانی رۆژئاوایی و لە سەروشیانەوە ئامریکا خراوەتەڕێ و لە رۆژەکانی داهاتودا توند تریش دەبێتەوە.
بەدوای ئەودا هێندێک لە کاربەدستانی سەربە هەردوو باڵەکە سەبارەت بەم کردارانە نیگەرانیان دەربڕی. رۆحانی رۆژی ١٣ی خەزەڵوەر هۆشداری دا کە کەلیمەی نفوز نەبێتە ئامرازێک بۆ تەسویە حیسابی جەناحی و گروهی.
دەستپێکی وتووێژەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گروپی ١+٥ سەبارەت بەر پرسی هەستەیی توند بوونەوەی گوشارەکان بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری، ژنان، لاوان، میلیتاریزەتر کردنی کوردستان و زیاد بوونی ئیعدامەکانی لەگەڵدا بووە. کۆماری ئیسلامی کە رێگای دەرچوون لە قەیرانە جۆراو جۆرەکانی لە بە چۆکداهاتن لە بەرانبەر دەوڵەتانی رۆژئاوایی و لەوانە ئامریکادا دەبینی بە توند کردنەوەی بەندەکانی ئیستبداد لەدژی خەڵک لە پێشدا هەوڵیدا ڕێگای هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەکی جەماوەری لە دژی خۆی بگرێت. لە درێژەی توند کردنەوەی ئەم سەرکوتگەریەدا ئێستا سەبارەت بە جۆری پەیڕەو کردنی کێشە کەوتوەتە نێوان هەردوو باڵی سەرەکی حاکمیەتی ئیسلامیەوە. باڵی رۆحانی- رەفسەنجانی دەیانەوێ دیکتاتۆڕی تەنیا لەدژی کرێکاران و خەڵکی ئازادی خواز توند بکرێتەوە، بەڵام هیدایەتگەرانی باڵی سپا- خامنەیی خۆیان ناچار دەبینن گوشارەکانیان لەدژی باڵی ڕەقیبیش توند بکەنەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە دیکتاتۆڕیەکی هار کە بۆ پاراستنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی پێویستە، تەنیا و تەنیا بە یەکدەست بوونی حکومەتی ئیسلامی ئیمکانپەزیرە و ئەوان هەر لەم ڕاستایەدا تێدەکۆشن جوڵە و بزوتنەوەی ئیعتیدال گەراکان و ئیسلاح خوازانی حكومەتیان لەژێر کۆنترۆڵدابێت. باڵی سپای پاسداران ئیجازە نادات باڵی بەرانبەر، خۆی بە سەرکەوتوی موزاکراتی هەستەیی پیشان بدات و لە هەڵبژاردنی داهاتووی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگاندا دەستی باڵای هەبێت.
راستیەکەی ئەوەیە کە بەربەستی ئیسلامی سیاسی لە بەرانبەر نفوزی فەرهەنگی لیبڕالی رۆژئاوادا دەمێکەیە روخاوە و تەنیا هێندێک خاکریزی ماوەتەوە. سەرانی باڵی ئوسول گەرای توندڕەو کە تەوافوقاتی هەستەیی بە شکستێکی چەند لایەنە بۆ باڵەکەی دەزانێ، بۆ قەرەبوی ئەم شکستە لە هەوڵدایە کە وێڕای کارشکێنی بەکردەوە لە راستای ئیجرای بەرجامدا، لەژێر ناوی بەرەنگار بوونەوەی پەرەسەندنی نفوزی فەرهەنگی لیبڕاڵی رۆژئاوا لەگەڵ ئیعتیدال گەرایان و ئیسلاح خوازە حکومەتیەکان بەربەرەکانی بکات. کارزاری ئێستای بەناو ئیفراتیەکان بۆ دیفاع لە مافیای ئابووری سپا و جەماعەتی خامنەیی لە بەرانبەر ئەگەری سەرمایە گوزاریەکانیشدایە. کادری رێبەری سپای پاسداران کە ئیبتیکاری سەرەکی دەستپێکی مزاکراتی هەستەیی و تەوافوقاتی ویەنی لەدەستدایە ئێستا بە هاوئاهەنگی لە هەڵوێستدا لەگەڵ ئوسول گەراکان لە هەوڵدایە کە شکستی ئەم بەشە لە ئوسول گەراکان لە شەڕی جەناحیان بۆ قابیکی تەحەمول بکات. سپای پاسداران هەرچەند زەرفیەتی کرداری شێوە کوده‌تای هەیە، بەڵام لە ئێستادا لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای وەلی فەقیەوە شەڕ و کێشمەکێشی باڵە حکومەتیەکان مودیریەت بکات. کێشمە کێشێکی کە لە نێوان دوو باڵی رژیمدا دەستی پێکردووه‌، لەرزەی دوای بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش ( یان بەرجام) و هەوڵی هێزی سەرەکی حاکمیەتە بۆ رزگار بوون لە ئاسەوارەکانی. لە حاڵێکدا کە باڵی رۆحانی- رەفسەنجانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە هەوڵدان تا مەتڵوبیەتی سیاسیان لە خزمەت بە بۆرژوازی ئێران نیشان بدەن، کێشمەکێشەکانی ئێستا دەتوانێ کاریگەری لەسەر رەوتی هەوڵەکانی بۆرژوازی ئێران بۆ دیاری کردنی مناسباتی لەگەڵ باڵە حکومەتیەکان دابنێت.
چینی کرێکاری ئێران کە بەرده‌وام لەژێر گوشاری ئابووری و هێزی سەرکوتی هەردوو باڵدا بووە، بەرژەوەندیەکانی لەگرەوی خەبات لەگەڵ هەدوو باڵەکە و کولیەتی رژیمی سەرمایەداری ئێراندا دەبینێ. لە ئێراندا کێشمەکێش تەنیا لەنێوان ئەو دوو باڵەدا نییە کە لە ئارادایە، بەڵکو هێزێکی سێهەمیش لە بەرانبەر کولیەتی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەداری ئێراندا ریزی بەستوە و ئەویش هێزی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشە کە رێگایەکی بێجگە لە درێژەدان بە خەبات لەبەردەمدا نییە. ئەگەر کێشمەکێشی نێوان باڵەکانی رژیم شەڕی دەسەڵات و پوڵە، بەڵام شەڕی نێوان کرێکاران و هەردوو باڵەکەی رژیم، لە روانگەی هەڵسوڕاوانی سوسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاریەوە شەڕێکی چینایەتییە سەبارەت بە نیزامی حکومەتی و ئابووری، لەنێوان مناسباتی سەرمایەداری و نیزامی کۆمەڵایەتی سوسیالیستیە. ئەگەر لە کێشمەکێشی نێوان ئیسلاح خوازانی حکومەتی و ئوسول گەرا توندڕەوەکاندا دەوڵەتانی رۆژئاوایی پشتی ئیسلاح خوازانیان گرتوە، لە شەڕی چینایەتیدا تەنیا چینی کرێکاری ئەنترناسیۆنالیست و ئینسانە ئازادیخوازەکان پشتی کرێکاران دەگرن. هەردوو باڵی رژیم و پشتیوانە ئیمپڕیالیستە رۆژئاواییەکانیان بەگشتی دەرگیری قەیرانێکی ساختارین کە ئاسەوارەکانی هەڕەشە لە سەرجەم مرۆڤایەتی دەکات. کرێکارانی ئێران لەگەڵ هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی سوسیالیستدا کە لە داوێنی خۆیدا پەروەردەی کردون، رسالەتی مێژوویی رزگار کردنی بەشەریەت لە چەوساندنەوە و دیکتاتۆڕی، شەڕ و ماڵوێرانی و تێکدانی ژینگەیان لە ئەستۆیە. بە حوکمی مێژوو هێزی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری روو لە کز بوونە و هێزی رزگاریدەری کرێکاران رووی لە سەرهەڵدان لە ئاسۆ و سەرکەوتنە. دەبێ بە خەباتی یەکگرتوانە و هەمە لایەنە ئەم سەرکەوتنە بکەینە ئەمرێکی حەتمی.