کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لەدژی پرشوبڵاویی، “چاوی ئیسفەندیار” واتە خاڵی لاوازی بزووتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی ئێران

تجمع کارگران ارکان ثالث شرکت ملی حفاری1

ڕۆژی ٢١ی نوامبر بەرامبەر لەگەڵ خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢، شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان (ئەرکانی سالس) یاداشتێکی ڕوو بە هاوکارانی بەشی پیشەسازی نەوت بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لە پرسی زۆر گرنگی پێویستی پێکهێنانی یەکێتی و یەکگرتوویی لەنێوان کرێکارانی نەوتدا کرد. یاداشتەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکات:

هاوکارانی بەڕێز، کرێکارانی ئەرکانی سالسی نەوت، سیاسەتی دابەشکردنی کار لە نەوتدا، لە ڕووی جۆری دامەزراندن و چالاکیی تێیدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەستپێکی ئەم پیشەسازییە لە ئێران واتە ١١٥ ساڵ لەمەوبەر. سیاسەتێک بە ئامانجی هەڵاواردن و دابەشکاری چینایەتی لە نێوان کرێکارانی نەوتدا کە بەهۆی فرەچەشنی داواکارییە سنفییەکان و ڕەچاوکردنی کار، بەردەوام لە کەلێن و ناهماهەنگی بۆ خەبات لەدژی یاسا دژە کرێکارییەکان لە نەوتدا، کەڵکی لێ وەرگیراوە. لەو یاداشتەدا هەروەها هاتووە: لە ئێستادا کەرتە جۆراوجۆرەکانی نەوت و هاوکارە فەرمی و گرێبەستییەکان و تەنانەت خانەنشینانی نەوتیش بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی ڕێکخراوە سەربەخۆ سنفییەکان، سیاسەت و فێڵ و فریوە جیاکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان تێپەڕاندووە و لە حەرەکەتێکی بوێرانە و هەماهەنگدا، هەموو حەوتوویەک ناڕەزایەتی دەردەبڕن. لە یاداشتەکەدا، وێڕای ئاماژە بە پاڵپشتیی شۆڕای ئەرکانی سالس، ڕێکخراوەکانی خوێندکاران، کادری پزیشکی و پەرستاران، کرێکارانی فوولاد و پیشەسازییەکانی تر و هەروەها خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و کێشوەری و لەشکری، لە ناڕەزایەتی کرێکارانی ڕەسمی، خاوەن گرێبەستی کاتی، خانەنشینان و سەرجەم کەرتە ناڕازییەکان، جەخت لەسەر خاڵێکی هەستیار کراوەتەوە. لە یاداشتەکەدا داواکراوە کە سەرجەم کرێکارانی نەوت بەشێوەیەکی یەکڕیز و یەکگرتووانە بە کرێکارانی فەرمیی نەوتەوە پەیوەست بن و نەکەونە داوی هەوڵە دابەشکارییەکانی بەڕێوەبەران، ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و جێبەجێکارانی یاسا دژە کرێکارییەکان و بە واتایەکی تر، ئەو هۆکارانەی ڕەنج و چەوسانەوەی کرێکاران.

لە کۆتایی یاداشتەکەدا هاتووە: بانگەوازی ئێمە بۆ هاوکارانی ئەرکانی سالسی نەوت، تێپەڕاندنی سیاسەتە دابەشکارییەکان و دروستکردنی هەماهەنگییە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی هەفتانەی نەوت لەلایەن شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی ئەرکانی سالسەوە.

کرێکارانی فەرمی کە ژمارەیان ٦١ هەزار کەسە لە کۆی ٢٧٠ هەزار کرێکاری نەوت، ماوەیەکە توانیویانە بەشێوەیەکی هەفتانە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان ڕێکبخەن. ئەوان کە لە هەندێک دەرفەتدا داکۆکییان لە داخوازییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادی، ئازادی زیندانیانی سیاسی و یەکگرتوویی خەباتکارانەی کرێکاران بە گشتیی کردووە، لەم قۆناخەدا بەشێوەیەکی سەرەکی داخوازیی سنفییان خستووەتەڕوو. ئەوان خوازیاری جێبەجێکردنی مادەی ١٠ی یاسای ئەرک و دەسەڵاتەکانی وەزارەتی نەوت و لابردنی سەقفی حقوقی و پێدانی مەزایا تایبەتەکان، لابردنی باجی زۆر لەسەر حەقدەست، زیادکردنی حەقدەست، پێدانی پاداشتی خانەنشینی، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی خۆشگوزەرانی و دۆخی تەندروستی، هەڵوەشاندنەوەی یاسا بنەڕەتییەکانی سندوقی نەوت و وڵامدانەوە بە داواکارییەکانی دیکەیانن. لەو ڕووەوە کە باندە جۆراوجۆرەکانی وەک قەرارگای خاتەم ئەلئەنبیا، باندی دژە کرێکاریکەمپەینی ١٤٠٢و نوێنەری بەڕێوەبەرە جۆراوجۆرەکان، خەریکی دووبەرەکی نانەوەن لەنێوان کرێکارانی خەباتکاری نەوتدا، بانگەوازی ئەم دواییەی شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی نافەرمی نەوت ( ئەرکانی سالس) گرنگییەکی تایبەتی هەیە. خەبات و ناڕەزایەتی ڕوو لە گەشەی کرێکارانی نەوت، واتە پیشەسازییەکی کە زیاتر لە ٩٠٪ی بودجەی دەوڵەت دابین دەکات، نەک هەر بۆ تەواوی بزووتنەوەی کرێکاری ئومێدبەخشە، بەڵکوو گرنگییەکی تایبەتیشی هەیە بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی خوازیاری ڕووخانی ڕژیم.

ئەوە کرێکارانی نەوت بوون کە ساڵی ١٣٥٧ بڕبڕەی پشتی حکوومەتی پەهلەوییان شکاند و بە دروشمیکرێکاری نەوتمان، ڕێبەری سەرسەختمان، لە لایەن خوازیارانی ڕووخانی ئەو کاتەوە پێشوازییان لێکرا.

ئێستا بە چەند هۆکارێک، ڕۆڵی خەباتکارانەی کرێکارانی نەوت لە بزووتنەوەی کرێکاری و ئازادیخوازانەدا گرنگییەکی زۆرتریشی هەیە. ئەوە ڕاستە کە کرێکارانی نەوت لە ڕووی چەندایەتی و ئاستی ئاکسیۆنە داواکارییەکانەوە بە مەودایەکی زۆر لە پێشەوەی بزووتنەوەی کرێکاریدا بوون. ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانە لە هەلومەرجی گەشەی بزووتنەوەی کرێکاریدا بەڕێوەچووە. پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت کە خەباتی کرێکاری لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتی دوای هێوربوونەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بەیانگەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار، کرێکارانی وشیار، پێشڕەوان و هەڵسووڕاوان و چەپ و کۆمۆنیستەکان لە مەیدانی خەباتەکانی چل و چەند ساڵی رابردوو لەدژی ڕژیم و سەرمایەداران، لە هەموو ڕوویەکەوە خاوەن ئەزموون و پێگەیشتووتر بوون. ئێستا ئێران وڵاتێکی تەواو سەرمایەدارییە و سەرمایەداری و ئیسلامی سیاسی تیایدا وەک هەموو شوێنەکانی تری جیهان، نوقمی قەیرانی چارەهەڵنەگر بووە و لە ڕووی مێژووییەوە سۆسیالیزم و کرێکاران وەک هێزی دابینکردنی، تەنیا چارەسەرە بۆ ئەو نەهامەتییە وێرانکەرانەی کە سیستەمی سیاسی و ئابووری زاڵ بەسەر جیهان و لەوانە ئیران، بەسەر کۆمەڵانی خەڵکیاندا سەپاندووە. ئێستا کرێکارانی ئێران و لە پێشەوەی ئەوان کرێکارانی نەوت، وردە وردە خەریکن خۆیان لەڕووی ئاستی هۆشیاری چینایەتی، هاوپشتی و هاوخەباتی، ڕێکخراوەیی و گرتنەبەری تاکتیکی خەباتکارانەوە، ئامادە دەکەن بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی مێژوویی، کە بریتییە لە ڕزگارکردنى کرێکاران و هەموو ستەمدیتووان و سەرەنجام سەرجەم کۆمەڵانی خه‌ڵکی زەحمەتکێشی ئێران. هەر ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران کە یەکێک لە ئەڵقەکانی بریتی بێت لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەریی بە ڕێبەرایەتی چینی کرێکار، ناوچەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی دەگۆڕێت. لە وەها هەلومەرجێکدا بانگەوازی شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی نافەرمی نەوت) ئەرکانی سالس (بۆ پێشگرتن لە دووبەرەکی و پەیوەستبوون بە ڕیزی خەباتی کرێکارانی ڕەسمییەوە، گرنگییەکی مێژوویی هەیە.