کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لەدژی بێکاریی، یەکگرتووانە خەبات بکەین!

لە ماوه‌ی ئه‌م هەفتانەی دواییدا، شەپۆلێکی نوێی دەرکردنی بەکۆمەڵ و تاکه‌كه‌سیی کرێکارانی بۆنگا و شیرکەتە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی، لە هەر دوو بەشی تایبەت و دەوڵەتیی و هەروەها نیمچه‌ دەوڵەتیدا کەوتووه‌تە ڕێ. دەرکرانی سەد کرێکاری “کۆک سازیی تەبەس” سه‌ره‌ڕای نه‌درانی چه‌ند مانگ هەقدەست، بێکاربوونی کرێکارانی پێترۆشیمیی “جەم”، دەرکرانی کرێکارانی شیرکەتی ” فالیز پەژوهێشی پارس”، و دەرکرانی ٥٠٠ کرێکاری کارخانەی ” فێڕڕۆ ئالیاژی ئەزنا”، تەنها چەند نموونەی دەیان حاڵەتی دەرکردن و بێکارسازیی کرێکارانن‌ لەم ماوەیەدا.دەرکران به‌دەست سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانه‌وه‌، ئامراز و شگردێکی کارایه‌ بۆ تێکشکاندن و ڕزگاربوون لە مۆته‌كه‌ی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی. لە لایەکی دیکەوە دەرکردن نەك هه‌ر پەرە بە فەزای ترس و ئێسترێس لەنێو کرێکارانی ناڕازیی ده‌دات و دەشبێتە هۆی پێشێل بوونی مافەکانیان، بەڵکوو ژمارەی ئەڕتەشی زەخیرەی کاریش زیاد دەکات. ئەرتەشی بێکاران ئه‌و هێزه‌یه‌ کە سەرمایەداران بۆ هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار لە بازاڕ پێویستیی زۆریان پێیەتی. هه‌بوونی ئەم ئەرتەشە بە واتای بوونی بەمیلیۆن ئیسانە کە لەژێر گوشاری ماددیی و بەڕێچووندا، ئامادەیی ئه‌وه‌یان تێدا پێكهاتووه‌ كه‌ هەر کارێکی سەخت و تاقەت پڕووکێن بە هەقدەستی کەمەوە قبووڵ بكه‌ن. ژمارەی بەرینی بێکاران، ئیمکانی ئه‌وه‌ دەداتە سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان، هه‌تا خراپترین و نامرۆڤانەترین بارودۆخی چەوساندنەوە بەسەر هەموو چینی کرێکاردا بسەپێنن. کەواتە تا کاتێک کە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی لەنێو نەچێت و بەردەوام بێت، دەرکران یان بێکارسازیی، و بێکاربوون،هه‌ر وەک خۆی دەمێنێتەوە.پێویست بە ئاماژەدانه لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووریدا، دەرکردن و بێکارکردنی کرێکاران زیاتر لە هەر کاتێکی دیكه‌ ڕوو دەدات. لە هه‌موو کۆمەڵگه‌ بوورژوازییه‌ پێشکەتووه‌كان و به‌ ئیستلاح “پیراموونی”یه‌كاندا، لە قۆناغی قەیراندا، خاوەنکاران و دەوڵەتەکانیان، چەند بەشێک لە هێزی کار فڕێ دەدەنە ڕیزی ئەڕتەشی بێکارانەوە. کاتێک قەیرانی سەرمایەداریی لە ساڵی ٢٠٠٨دا سەری هەڵدا، بێجگەلە وڵاتانی لەحاڵی گەشه‌، لە پێشکەوتووترین وڵاتانی سەرمایەداریی جیهان وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریکا، ئینگلستان، ئاڵمان، فەڕانسە، ژاپۆن، ئیتالییا، و ئەوانی دیكه‌دا، ڕێژه‌ی بێکاریی بەرەو زیادبوون چووه‌. لە ئێران خاوەنکاران و دەوڵەتەکەیان کرێکاران بە بڕوبیانووی جۆراوجۆری وه‌ك زیان و زه‌ره‌ری کارخانە، وەرشکستەبوونی یەکەی بەرهەمهێنان، نەبوونی شارەزایی تەواوی کرێکاران، ته‌عمیری ئامێر و ماشێنەکان و نۆژەنكردنه‌وه‌ی شوێنی کارگه‌ و کارخانەکان و … بیانووی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه‌، بێکار دەکەن. کاتێک دەرکران و بێکارسازیی لە ناوەندێکی بەرهەمهێنان یان خزمەتگوزاریدا ڕووبدات، کرێکارەکانی ئەو ناوەندە لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەبێ هیچ ته‌ئمین و دابین بوونێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتییه‌وه‌، وێڵ دەکرێن. ” وەزاڕەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی ئیجتماعیی” یان باقی سازمانەکانی پێوەندیداریش ئه‌هیچ له‌ونێك گوێ بە داواکاریی گەڕانەوەسەرکاری کرێکاران نادەن. ئەگەر بێت و ناڕەزایەتیی و حه‌ڕه‌كه‌تێكیش له‌سه‌ر ئەم بابەتە بکەوێتە ڕێ، ڕێبەرانی بەکردەوەی ئەم خەباتە و کرێکارانی ناڕازیی بەرەوڕووی دەزگای سەرکوتی دەوڵەتیی دەبنەوە، كه‌ پشتیوانی سه‌رمایه‌دارانه‌.823

ڕاستییەکەی ئەوەیە، بێکارسازیی و دەرکردنە بەردەوامەکانی کرێکاران لە ڕشتە جۆراوجۆرە پیشەسازیی و خزمەتگوزارییەکاندا، تەوەڕۆم واته‌ “ئاوسان” یان با بڵێین گران بوونی هەر ڕۆژەی پێداویستییەکان، درێژەی سیاسەتی ڕیازەتکێشیی ئابووریی و هه‌روه‌ها خسوسی سازییەکان، بارودۆخێکی نه‌شیاو و ژیانێکی سه‌خت، دژوار و تاقه‌ت پڕووكێنیان بەسەر بە ملیۆن کەس لە کرێکاران و بنەماڵەکانیاندا سەپاندووە. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ له‌م به‌ینانه‌، دەوڵەتی ڕووحانی لەڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار” بە مەجلیسی ئیسلامییه‌وه‌، لە هەوڵی ئه‌وه‌دایه‌ کە ئەم”قانون کار”ە دژه‌ کرێکارییه‌ش هێنده‌ی دیكه‌ دژه‌ كرێكارتر بکات و له‌وه‌ش واوه‌تر بچێت و لایەن و مه‌شرووعییه‌تی یاساییش بداتە ئەم بارودۆخە “کۆیلە ئاسایه‌”یكه‌ ئێستا لە ئارادایە. هەژاریی و نەداریی و بێکاریی، له‌چاو دەیەی هەشتای هەتاویی چەندین بەرابەر په‌ره‌یسه‌ندووه‌. ڕاپۆرتی ” ناوەندی ئاماری ئێران” باس لە ڕێژه‌ی بێکاریی سەروو ٤٠ لەسەد لەنێو لاوانی کەمتر لە ٣٠ ساڵ دەکات. ڕێژه‌ی بێکاریی لەنێو ژنانیش، زیاتر لە هەشتا لەسەدە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە، ڕێگه‌یەک بێجگەلە درێژەدان بە خەبات لە ئاست هێرشی سەرمایەدا، نەماوەتەوە.

لە بارودۆخی ئێستادا خەبات لەدژی بێکاریی، خواستێكی هاوبەش و خێرای کرێکارانی شاغڵ و بێکاری سەرتاسەری ئێرانه‌. خواستی ” کار” یان بیمەی بێکاریی لە زومرەی زه‌رووریترین داخوازییه‌كانی کرێکارانی ئێرانە. بەڵام ئەم داواکارییە بە خەباتێکی موتەشەکێل و ڕێکخراو و تەنها له‌ڕێگه‌ی بەرپاکردنی بزووتنەوەیەک لەدژی بێکارییه‌وه‌ دەستەبەر دەبێت. بزوتنەوەیەک کە بوارە عەینییەکانی بەرپابوونی ئامادەیە و هێزی بێلقووە و حازر و ئامادەی نه‌ك هه‌ر ڕیزی میلیۆنی کرێکارانی بێکارن، بەڵکوو بە ملیۆن کرێکاری شاغڵ و بنەماڵە کرێکارییەکانیش کە دێوەزمەی بێکاریی ئەمنیەتی پیشەیی لێ زەوت کردوون، دەگرێتەوە. بزوتنەوەیەک کە بەهۆی بەردەوام بوونی قەیرانی ئابووریی و پەرەسەندنی بێکارسازییەکان، و داواکارییە هاوبەشەکانه‌وه‌، دەتوانێ بەخێرایی جەماوەریی بێتەوە و دەوڵەت تووشی کێشە و گرفت بکات.

بۆ بەرپاکردنی ئەم بزووتنەوەیە لە خوارەوە و بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم خەباتە، ئەم هێزە بێلقۆوەیە لە هەلومەرجێکدا کە کۆمەڵگه‌ی کرێکاریی خاوەنی تەشەکۆلی جەماوەریی و کرێکاریی خۆی نییە، دەبێ سازمان بدرێت و ڕێکبخرێت. ئەرکی بەرپاکردن و ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوەیە لە ئەستۆی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی و بەتایبەت کرێکارانی کۆمۆنیستە. بەرەوپێشبردنی ئەم خەباتە و پەرە پێدانی هه‌تا ئاستی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی، پێویستیی بە دامەزراندنی سازمان و تەشەکولێک هەیە کە پشتی بە دخاڵەتی ڕاستەوخۆ و ئیرادەی بەکۆمەڵی کرێکاران بەستبێت. وەها تەشەکولێک دەتوانێ ” شوڕای بێکاران” یان ” یەکێتیی بێکاران” ،یان هەر شکڵێکی سازمانیی و ڕێكخراوه‌یی گونجاو بێت‌ کە خودی کرێکاران لە گەڕەک، ناوچە یان شاڕێکدا بە باشیی ده‌یناسن . بۆ پێشەوە بەرەو یەکێتیی کرێکاریی لەدژی بێکاریی.

بابەتی پەیوەندیدار

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah