کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لیباس شەخسیەکان جەنایەتکار ترین بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی

Untitled 2

لەم رۆژانەدا و بەبۆنەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی ناوی” لیباسیەکان” و دەورو و نەخشێکی هەیانە لە نواندنی توندوتیژی دژبە خەڵکی مافخواز جارێکیتر کەوتۆتەوە سەر زاران.

  لیباس شەخسیەکان بەشێک لەو کەسە بەکرێگیراوانەی ڕژیمن کە یۆنیفۆڕمی ڕەسمیان لەبەردو نییە و بە شێوەی یەکەی ڕێکخراو لە گوروپی جۆراوجۆردا ڕێکخراون. ئەوان چەکوچۆڵی قەتالە و کوشتنیانبە شێوەی شاراوە هەڵدەگرن. ئەوان دەستیان بە پێشکەوتوترین ئامرازەکانی سەرکوت ڕادەگات و بە هەزاران ماتۆڕ و ماشێنی شەخسی لە ئاستی شاردا بڵاو بوونەتەوە و بەیەکەوە پەیوەندیان هەیە. ڕژیم لەگەڵ ئەوەدا کە لە هێندێک حاڵەتدا بەشێک لە هێزە ڕەسمیە نیزامیەکانی سەرکوتی لەگەڵ لیباس شخسیەکان دەنێرێتە مەیدانی شەڕ و تێکهەڵچوونی خیابانی و بەرەنگار بوونەوەی خۆپیشاندەران، بەڵام لە ڕاستیدا پەیکەربەندی ئەم هێزانەی لەنێو لاتولوتەکان و ئەرازل و ئەوباشی نێو کۆمەڵ هەڵدەبژێرێ. هێندێک لەم کەسانە مەحکومینی دادگا جەناییەکانن کە لە زینداندا دەستەبژێر دەکرێن و بۆ ئەنجامدانی مەئموریەتی جەنایەتکارانە دەبەخشرێن. وەحشی ترینی ئەم کەسانە ئەوانەن کە خاوەنی بیروباوەڕی توندڕەوی مەزهەبین. لە زۆرحاڵەتدا بیندراوە کە ڕژیم لە منداڵانی بێ سەرپەرست و خیابانی، و تەنانەت لە گیرۆدە بوانی مادە هۆشبەرەکانیش لە بەرانبەر دانی مادەی هۆشبەر پێیان، بەم ئامانجە کەڵک وەردەگرێت.

  لیباس شخسیەکان لە ماوەی چل و سێ ساڵی ڕابردودا دەور و نەخشێکی بەرچاویان هەبووە لە سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامیدا. دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی لیباس شەخسیەکان لەژێر ناوی جۆراوجۆری وەک” حیزب اللهی”،” خاهەرانی زێنەب”، ئەنساری حیزب اللە” و هیتردا کاریان کردوە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئیسلاح خوازە حکومەتیەکان دەڵێن کە گویا ئەمانە هێزی سەکێش و ڕێکخراوی سەربە باڵە جۆراوجۆرە حکومەتیەکانن، ئەوان ڕاستەخۆ لە لایەن بەیتی خامنەییەوە هیدایەت دەکرێن و مانگانەش لەوێ وەردەگرن.

یەکێک لە کردارە جەنایەتکارانەکانی ڕژیم لەدژی زیندانیانی سیاسی، ناردنی ئەوانە بۆنێو مەحکومانی جەنایی، ئەویش لە جۆری شەڕئەنگێز ترینەکانیان. بەرپرسانی زیندان بەڵێنی بەم کەسانە ئەدەن ماوەی مەحکومیەتەکەیان بۆ کەم بکەنەوە، بۆیان ئیمکاناتی بە هاسانی دەستکەوتنی مادەی هۆشبەر و سیغە لەنێو ژنانی زیندانی و تەنانەت لە دەرەوەی زیندایش، فەراهەم بکەن و لە بەرانبەردا لەوانیشیان دەوێ تا شەو و ڕۆژ لە زیندانیانی سیاسی تاڵ بکەن. گێڕانەوەی هەڵسوکەوتی ئەم جۆرە لە لیباس شەخسیە بەکرێگیراوەکانی ڕژیم لەنێو زینداندا لەگەڵ شەریف ترین و نەجیب ترین ئینسانەکان، کاتێک هەواڵەکەی دەگاتە دەرەوەی زیندان، ئینسان توشی سەرسوڕمان دەکات. ئەم لاتولوتانە کە بەم شێوەیە لە زینداندا ئیمتیحانی خۆیان داوە، لە زیندان ئازاد دەکرێن و لەنێو ڕێکخراوی لیباس شەخسیەکاندا بۆ سەرکوتی کچان و کوڕانی لاو ڕێکدەخرێن. لەم رۆژانەی دواییدا گەلێک ویدۆ لە جەنایەتەکانی پڕ لە وەحشیگەری ئەم ئینسان کوژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو بۆتەوە کە نیشانی ئەدات چۆن شەڕئەنگێز ترین کەسەکانیان بەرداوەتە گیانی لاوان و تازەلاوان لەسەر شەقامەکان و ئەوانیش لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک سل ناکەنەوە.

هێندێک جار لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا ژمارەیەک لەم کەسانە شناسایی و ئاشکرا دەبن کە دەکرێ بە قازانج بێت، بەڵام لەم بارەیەوە لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ وشیارانە بجوڵێنەوە و ئاگاداری ئەوە بن کە ڕژیم ئەم جەریانە ئاڵۆز نەکات، لە ئاڕاستەکەی دەری نەکات و بەدژی خۆی نەیشکێنێتەوە. بێ گومان لە سبەی رۆژێکی نە زۆر دووردا ئەم بەکرێگیراوە لیباس شەخسیانە دەناسرێن و ئاخوند و سەرانی کۆماری ئیسلامی کە ڕێبەران و ڕێکخەرانی لەشکری بەکرێگیراوانی لیباس شخسیەکانن دەبێ وڵامدەرەوەی جەنایەتە بێ ئەژمارەکانیان لەدژی خەڵک بن.