دوشنبه, دسامبر 6, 2021
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

لووت شکاندن

پیاوێكی چل و چەند ساڵە ئینگلیسی بوو ، شەڵوارێکی لی شین ، جاکەتێکی رەش ، کراسێکی سپی چرچ و لۆچ ، جانتایەکی چکۆلە لە شانیا  هاتە دووکانی پیتزا فرۆشیەکە و پرسیاری کرد :

کێ بەڕێوەبەری ئەم دووکانەیە  ؟

 خەریکی ئیش بووم لە دواوەوی دووکانکە کە گۆران منی بانگ  کرد و وتی ئەو کابرایە کاری بە تۆیە .

سەرنجی جل و بەرگ و روخساریم دا ، بەڵکوو بزانم کاری چییە ، شتێکم بۆ ساخ نەبوەوە .

بەخێر هاتنم کرد و پرسیارم کرد کاری چییە و چۆن دەتوانم یارمەتی بەم ؟

کابرای ئینگلیسی ، بە زاراوەی باکوری بریتانیا دەستی کرد بە قسەکردن:

ـ  “ناوم  “پیتەرە ، بە دوای کاردا دەگەرێم ، ماڵم هەر لە ئەم گەڕەکەیە ، وتم ئەگەر ئێوە کارێکتان ببێت بۆ من سوپاستان ئەکەم .

پرسیم ماشین یا مۆتۆڕ سیکلێتی هەیە بۆ بردنی پیتزا بۆ ماڵان ، کە وتی نە . پیتەر ئەزموونی کاری لە پیتزایی نەبوو ،  ماشێن و مۆتۆڕیشی نەبوو بو بردنی پیتزا بۆ ماڵان ، خەریک بو بڵێم ئێستە کارێکمان نییە و ژمارە تەلەفۆنەکەت دانێ ، پێویستمان بوو تەلەفۆنت بۆ ئەکەین، کە دەستی کرد بە قسەکردن:

ئەگەر من دامەزرێنن ، زەرەر ناکەن ، هەموو کارێکی دووکان دەکەم و ئیش و کاریش زو فێر دەبم ، ماڵەکەم بە ئێوە نزیکە و حەوت رۆژی حەوتووش ئامادەی کارم . تکاتان لێ ئەکەم ئەگەر چەن ساعەتیش لە حەوتوودا بووە ، با لای ئێوە کار کەم .

دیار بو کار کردن بۆی زۆر جیدی و گرینگە و لەو خەڵکانە نییە کە بەو رۆژگارە دووکان بە دووکان دەچوون و داوای کاریان دەکرد ، تەنیا لە بەر ئەوەی بە دایرەی سۆشیاڵ بڵێن بە دوای کاردا گەڕاون و کاریان نەدۆزیوتەوە.

پێویستمان بە کەسێک بوو ئینگلیزی باش بزانێت ، وەڵامی تەلەفۆنەکان بداتەوە ، بتوانێت دەستوری خواردن لە کڕیارەکان  وەرگرێت و بڕێک کاری ناو دووکانیش بزانێت و یا بتوانێت فێری بێت .

پرسیم کاری پیتزایی بە زۆری ئیشی شەو و هی رۆژانی پشودانە ، ئایا ژن و منداڵت هەیە و چ رۆژ و شەوانێک دەتوانی کار کەیت و چ رۆژانکیش ناتوانیت ئیش کەیت .

پیتەر  : من حەوت رۆژی حەوتوو ، شەو رۆژ دەتوانم کار کەم ، منداڵەکانم لای من نین و لای دایکیانن و  ئێمەش لە مێژە لە یەک جیا بوینەتەوە .

بە پیتەرم وت

ماوەی مانگی وەک تاقیکردنەوە کارت پێ ئەدەین و دوای مانگێک بڕیاری کۆتایی ئەدەین و تۆش دێتە دەستت کار لە پیتزا فرۆشیدا لەگەڵ ژیان و بەرنامەی تۆ دیتەوە یا خۆ نا .

چەن رۆژ دواتر پیتەر لای ئێمە دەستی بە کار کرد ، بە تەلەفۆن وەڵامی کڕیارەکانی دەدایەوە و ئەدرەسی ماڵەکان و جۆری خواردنی داواکراوی دەدایە ئاشپەز و ئەوانەی پیتزایان دروست دەکرد . کاتێک کە دووکان شلووق نەبوو ، جار و بار قسەمان دەکرد و کەم کەم زیاتر لە ژیانی پیتەر ئاگادار دەبووم .

پیتەر کەم قسە بوو ، لە ناو خۆیا بوو و دەتگوت بیر و خەیاڵی لە جێگایەکی زۆر دوورە ، بڕێ جاریش زوو تووڕە و قەڵس دەبوو ، بە تایبەت کاتێک کە کار زۆر بایە. خەمێکی تاڵ و قووڵ لە ناو چاویا بوو ، بە پێچەوانەی هاوتەمەن و دۆستەکانی کە جار و بار دەهاتن بو سەردانی  ، 

 مەشرووبی ئەلکولی زۆری نەدەخواردەوە. جگەرەی نەدەکێشا و پێمخۆش بوو بزانم بۆ وا بیدەنگە ، بۆ وا خەفەت بارە و کاتێک بۆی دادەچێت و ئاگای لە دەور و بەری نییە ، بیر لە چی دەکاتەوە .

رۆژی پرسیم پیتەر چەند منداڵت هەیە و مناڵەکانت له کوێن .

ـ سێ مناڵم هەیە ، دوو کچ و کوڕێ ، بەڵام نازانم لە کوێن ، نایانبینم و پەیوەندیمان نییە .

 ـ  بە داخەوەم ، بەڵام بۆ ، دیارە بێ تاقەتی بۆ ئەوان و  حەتم منداڵەکانیش  ئارەزوی دیداری تۆیان هەیە .

ــ نازانم چی بڵێم ، من پێمخۆشە ئەوان ببینم ، راستیەکەی ئەوەیە زۆریش  بیرم نەکردون ، ڕاهاتووم بە ئەم وەزعە ، تازە ئەگەریش بمهەوێت ناتوانم و بۆم نییە بیانبینم .

ـ بۆت نییە بیانبینی ؟ بۆچی ؟ دایکی منداڵەکان نایەڵێت چاوتان بە یەک کەوێت ؟ 

ــ داستانەکەی دوور و درێژە ، بە بڕیار و حوکمی دادگا و پۆلیس،  بۆم نییە ئەوان ببینم ، نابێت پەیوەندی بگەرم و دەبێت بە بڕیاری دادگا ،  لانیکەم پانزە کیلۆمەتر لە ماڵ و مەکتەبی مناڵەکانم  دوور بم .

ــ باشە بۆچی ، چی رووی داوە کە دادگا بڕیاری وای داوە ، چۆن دەکرێت مناڵەکانت نەبینی و

ــ ئەمن  لە منداڵیەوە هەر کە تووڕە و بێ تاقەت دەبم خۆم پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێت . جارێک دەمە قڕەمان بوو لەگەڵ ژنەکەم ، مشتیکم دا لە لووتی و لووتیم شکاند، پۆلیس هات ، من دەست بەسەر و زیندانی کرام و چەند ساڵێک لە زیندان بووم و دواترش ناوە ناوە چەند جار زیندانی بووم  و دۆسیەکەم هەتا هاتووە قورس تر بووە .

هاوکات کە گوێم بو قسەکانی پیتەر شل دەکرد ، لە خۆمم پرسی چۆن بی تەحقیق و لێپرسینەوە لە ژیان و کاری دامان مەرزاندوە و تۆ بێژی ئێمەش تووشی گێرەوکێشە نەکات .

 ــ وتت چەن جاری تریش کەوتیتە زیندان ، ئەوانە بۆ و لە سەر چی بووە ؟ ئاخرین جار کەی لە زیندان هاتوویتە دەر و؟

ــ رۆژی پێش لەوەی ئێوە من داەمەرزینن لە زیندان ئازاد کرام ، لە ماڵی ئاشنایەکم بووم دوو حەوتوو ، ماڵی ئاوا، ئەو نەبوایت ئێستە لە سەرشەقام دەنوستم ، ماڵی تۆش ئاوا هیچت لە سەر رابوردوم نەپرسی ، چۆن دوو هەوالی من هاتوون بو کار لای ئێوە و  هیچیانت دانەمەرزاندوە . ئیستە جێگەم هەیە بو دوو حەوتوو و سێ ژەمەش پیتزا دەخوم لێرە و پارەکەم کۆ دەکەمەوە کە بتوانم هۆدەیەکی چکۆلە و هەرزان  کرێ بگەرم لەم دەور و بەرە .

پرسیم بۆ زیندانی کرایت و چیت کرووبوو 

ـــ راستیەکەی ئەوەیە چەن لووتی پۆلیسم شکاندبوو !

ـ پیتەر ، تۆ وا باسی لووت شکاندن دەکەی ئێژی چەن گویز و بامۆت شکاندوە ! باشە لە سەر چی بوو ؟

ـ  شەڕیان پی دەفرۆشتم ، منیش تووڕە بووم و لووتی یەک دانەیانم بە مشتێک شکاند ، و دواترش کە شەڕی ئێمە گەرم و خۆش بوو ، چەن لووتی ترم شکاند و ئەوانیش زۆریان لە من دا .

ـ باشە بۆ شەڕ دەکەیت و چۆنە لە هەر شەڕ و تێک هەڵچونێکدا لووتی بەرانبەرکەت دەشکینی ؟

ـ راستیەکەی ئەوەیە لووت زۆر راحت دەشکێت و خۆین و ئازاری زۆر  ئەوان سەرسام دەکات ، لە هەمان حاڵدا کەس بە لووت شکاندن نامرێت و مەترسی مردن لە گۆڕدا نییە . جیا لەوە ئەوانەی کە لووتم شکاندوون هەتا قیامەت لە بیری ناکەن و لووتی شکاو ، غروور و کەرامەتی شکاوە ، تابلۆیە و هەموو کەسێک دەی بینی ئەو لووتە شکاوە .

بیرم دەکردەوە ئەگەر پیتەر لە ئێمەش تووڕە بیت ، تو  بڵێی لووتی من  یان کەسێکی تر نەشکێنێت !

رووم  کرووە پیتەر و وتم :

باشە هەتا کەنگی دەتوانی وا تووڕە بیت ، شەڕ و ئاژاوە ساز کەیت ، لووتی ئەم و ئەو بشکێنی  و هەر لە رێگای زیندان دا بیت ؟

ــ ئەمن تووڕەم و بە دەست خۆم نییە ، زوو هەڵدەچم،  پێمخۆشە ئارام و لەسەر خۆ بم، کێ کەوتنە زیندانی پیخۆشە ؟ بەڵام چ کردن . ئەوەتەی منداڵ بووم و لە بیرم دێت خۆشی و میهرەبانیم لە ژیانما نەبینیوە .

هەر لەو کاتەوە کە بیر و فامم کردۆتەوە ، باوکم زۆری دەخواردەوە و مەستی دەکرد و لە بەر چاوی ئێمە لە دایکمی ئەدا ، جنێو و قسەی ناخۆشی بە ئێمە ئەدا و  بە رۆژ و شەو لە ماڵ دەری دەکردین. زۆر جار لە باران و سەرمادا دەری کردووین و ئێمە کە کەسمان نەبوو ، لە ژێر پرد و لە  بەردەرگەی دووکان و لە ناو وێستگەی شەمەنەفەڕدا دەنووستین .

ئەو وەزعە نالەبارەی ئێمە ، گریان و پارانەوەی دایکم ، جنێو و لیدانی باوکم منی دەترسان و لە هەمان کاتدا تووڕەی دەکردم و بیرم لە تۆڵە کردنەوە دەکردەوە . لەگەڵ مناڵی گەڕەک کە شەڕمان دەبوو ، ئەمن  کە دەسەڵاتی باوکمم نەبوو ، تۆڵەی باوکمم  لە ئەوان دەکردەوە . کەم کەم لووت و سەر شکاندنم پێخۆش بوو، خۆین ئارامی دەکردمەوە ، بەرانبەرەکەشمی دەترسان . کاتی کە ژنم هینا ، منیش بیئەوەی مەبەست و ئارەزوم بیت ، لاسایی باوکمم دەکردەوە ، و ژن و مناڵەکانم بەفرووز هێنابوو ، تائەوەی شکایەتی پۆلیسیان لی کردم و لە دەستم دەر چوون .

پیتەر تووڕە ببوو ، دەلەرزا ، پەیتا پەیتا لووتی دەخوران ، دەتکووت  لە بیری ئەوەدایە چەن لووتی تر بشکینی .

قسەکانم گۆڕی ، کردمە شوخی و رووم کردە پیتەر و وتم :

پیتەر تۆ دوو شت زۆر دووپات دەکەیتەوە ، یەکەم  راستیەکەی ئەوەیە و دووم لووت شکاندن ، جا بە زوانی تۆ راستیەکەی ئەوەیە کاتی خواردنی قاوەیەکی خۆش و چەن تیکە لە ئەو مریشکە برژاوەیە کە بۆن و بەرامەی بڵاو بووتەوە ، خواردن لە لووت شکاندن خۆشترە ، با دانیشین و کەمێک بحەسینەوە . بە دەم پێکەنینەوە قاوەیەکم دروست کرد بو هەر دووکمان،  چەن تیکە مریشک و بڕێک سەوزەم خستە سەر دوو دەوری و بە پیتەرم وت با دانیشین و نانی ئێوارەمان بخۆین

دڵم بو پیتەر دەسووتا ، لە ناوەوە دەکوڵا ، زیندانی بوون، بێماڵی، بێکاری ، نەبینینی مناڵەکانی ، بیرەوەری تاڵی مناڵی ، خوێن ، شەڕ و لووت شکاندن و ….

پیتەر ئارام بووەوە و دووای خواردن چەن شۆخی و قسەمان کرد .

رۆژێک خەرێکی کار بووین و بە دەم گونک گرتنی هەویری پیتزاوەوە قسەمان دەکرد ، پرسیم پیتەر بۆ باوکت وا تووڕە و دڵ رەق بوو ، چۆن دڵی دەهات لە دایکت با و ئێوە دەر کات ؟

ــ  باوکم ژیانی زۆر سەخت و دژوار بووە ، دایکی زوو دەمرێت و زڕ دایک گەورەی دەکات . باوەگەورەم ئەلکولی بووە و زۆر ئاگای لە خۆی نەبووە، زڕ دایکەکەش بە تەوای مانا بیڕەحم بووە ، زۆریان لێداوە ، گشت گیانی جێگای داخ و شکاندن بوو ، هەر لە حەوت ـ هەشت ساڵیەوە دەینرین بو کار ، خۆشی لە ژیانیدا نەبینیبوو . راستییەکەی نەیدەزانی جیا لە ئەو شتەی کە خۆی بینیوە و تەجروبەی کردوە ، جورێکیتر بجووڵێتەوە. من زیاتر لەوەی لە باوکم تووڕە بم  ، دڵم بۆی دەسوتێت ، بەڵام نازانم بۆ من و باوک و باوەگەورەم

 نەفرەت لێکراوین ، بۆ دەبوو چارەنووسمان وابێت ، راستیەکەی ئەوەیە خۆشم سەری لێدەرناکەم.

بە میهربانییەوە دەستم بە سەر شانیا هێنا ، وتم تۆ ژیر و بە ئەزمونی ، دەتوانیت کارێک بکەیت مناڵەکانت چارەنووسیکی باشتریان هەبێت ، خۆشت هێشتا لە چل و چەن ساڵ تەمەنت زۆرتر نییە ، ژیان زۆری بە بەرەوە ماوە و دەکرێت جۆرێکیتر بیت .

رۆژی دوای کار ،  پیتەر بانگی کردم و وتی بە نیازە لەندەن بەجێ بێڵێت و بڕواتەوە بو شاری لیڤەرپوول، لەوی خانوو ئاسانتر گیر دەکەوێت و هەوڵ ئەدات کارێکیش بدۆزێتەوە . سوپاسی کرد کە متمانەم پێکردوە و دام مەرزاندوە . وتی  مۆبایل دەکرێت ، تەلەفۆنم بۆ دەکات و ئەدرەسی ماڵەکەشم لە لیڤەرپوول بو دەنێرێت ، کە ئەگەر واوەوە چووم سەردانی کەم .

منیش سوپاسیم کرد ، داوام لێکرد تا ئەو جێگەی بووی دەکرێت خۆی لە شەڕ و تووڕەیی دوور راگرێت و ئەگەریش هاتەوە بو لەندەن سەردانمان کات. حەق و حەسابمان کرد ، بو ڕێگەکەی خواردن و خواردنەوەمان بۆ پێچایەوەو کاتێک کە دەڕۆیی یەکمان لە ئامێز گرت، بە پێکەنین و خۆشیەوە وتی تۆ یەکەمین خارجیت  لە باوشم پێدا کردبێت، و خۆشحاڵم کە یەکمان ناسی . دەتوانم بیژم دۆستیکم لە لەندەن هەیە و تکایە تۆش من بە دۆستی خۆت بزانە کە لە شاری لیڤەرپوولم .

بو پێزانین و لە بەر دۆستایەتی ، کراس و ئۆدکۆلۆنێکم بۆ پیتەر کڕیبوو ، توورەکە گوێزێکیشم بە ئەنقەست خستە ناوی ، سوپاسی کرد و پرسی ئەو گوێزانەت بۆچی بو داناوم ؟

ــ بۆ ئەوەی هەر کاتی تووڕە و وەرس بووێت چەن گویز بشکێنیت ، پیویست ناکات لووتی ئەم و ئەو بشکێنی و چەن ساڵ لە زیندان بیت ، چەن گۆیز بشکینە ، کاکڵە گویزو لە گەڵ نان و پنیر زۆر خۆشە ! پیکەنی ، چاوی دەدروشایەوە ، دەستم گوشی ، هیوای سڵامەتیم بۆ خواست ، وتم من بە دۆستی خۆتم بزانە و هەر کارێکت بوو ئاگادارم کەرەوە .

پیتەر دور کەوتەوە ، بەرەو شارێک کە نە ماڵی بوو ، نەکار ، نە دۆست و ئاشنا و نە مناڵەکانی لەوێ بوون .

پیتەر دەڕۆیشت بۆ شارێک کە کەس بە تەمای نەبوو ، کەس پێشوازی لێنەدەکرد ، شارێکی سارد و تەڕ و بارانی . نەمدەزانی لە رێگای لەندەن ـ لیڤەرپوول دا پیتەر بیر لە چی دەکاتەوە ، لە مناڵەکانی ، لە داهاتووی ، و داخو بیر لەوە دەکاتەوە سێ پشتی پیتەر  باوەگەورە و باوک و خۆی زۆر چەرمەسەری و ئازاریان بینیوە ، و پێویست ناکات منداڵەکانی هەر ئەو چارەنووسەیان بیت !

محەممەد خاکی

سوپاس و پیزانین

هاوڕێ و خزمیکی خۆشەویست ئەم  کورتە چیرۆکەی بو ئیدیت کردوم ؍ سوپاسی میهرەبانی و ماندوبوونی دەکەم .

بابەتی پەیوەندیدار

مارکسیسزم و ئیکۆ سۆسیالیزم

rezan

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ساڵانەی تەشکیلانی ئاڵمانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

rezan

دەستی ئەردۆغان خۆش بێ، یان ڕووی دیپڵۆماسی دەوڵەتەكان ڕەش بێ؟

rezan

تیرۆرەکانی تورکییە و ئێران لە هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە!

rezan

چی لێ بڵێم، چۆن باسی کەم؟!!!

rezan

ئاخیزی خوزستان موژدەی ڕاپەرینی گەورەتری لەناخایە

rezan