کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

له یادی یازدەی خه‌رمانان، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حێزبی کۆمۆنیستی ئێران

33 ساڵ لەوەپێش لە ئاوا رۆژێکدا حیزبی کومونیستی ئێران، لە کۆنگرەیەکی دامەزرێنەردا پێکهات. لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی حێزبی کومونیستی ئێراندا یاد و بیرەوەری فیداکاری ئەو هاورێ و هاوسەنگەرانە رێزلێدەگرین کە لە ریزەکانی حیزبی کومونیستی ئێراندا، چ لە زیندان و لە ژێر وەحشیانەترین ئەشکەنجەکان یان بە سێدارەوە و لەبەرانبەر دەستڕێژی گوللەی جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامیدا و چ لە سەنگەرەکانی تێکۆشان و خۆڕاگری شۆڕشگێڕانە لە کوردستان و خەباتی چەکدارانە لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا لە نەبەرد و تێکۆشانی رووبەڕوودا لەگەڵ دوژمن، گیان و ژیانی خۆیان لە ڕێگای رزگاری ئینسانی چەوساوە و زۆرلیکراودا فیدا کرد. سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵە خۆڕاگر و سەربەرزەکانیان. لەم رۆژەدا هەروەها سڵاو دەنێرین بۆ خۆڕاگری و پایەداری کرێکاران و کومونیستە بەند کراوەکان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کە بۆ دیفاع لە ئامانجه‌كانیان بە دیل گیراون و رێز لە خەبات و تێکۆشانیان دەگرین. به‌و هیوایه‌ی خرۆشانی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران و جەماوەری بێبەش و ستەمدیتوی کۆمەڵگا، رژیمی سەرمایەداری ئیسلامی لە ئێران تێكه‌وه‌پێچێ و هەموو ئازادیخوازانی بەندکراو، بە بزەی شادی بەسەر لێو بگەڕێنەوە ئامێزی ئازیزانیان.دامه‌زراندنی حیزبی کومونیستی ئێران ئەگەرچی وەک هەنگاوێکی خێرا بۆ وڵامدانەوە بە بارودۆخی سیاسی ئەو سەردەمه‌ لە لایەن كۆمه‌ڵێك کومونیستەکانەوە له‌ده‌ستووری كار دانرا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک حه‌ره‌كه‌تێكی بێ پێشینه‌ نەبوو و لە ژووری داخراو و بەدوور لە چاوی کۆمەڵگە و بزوتنەوە، زەمینەسازی و ئامادەکاری بۆ نەکرابوو. بەر لەهەموو شتێک پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێران ڕیشەی لە هەوڵ و تێکۆشانی سەد ساڵەی بزوتنەوەی کومونیستی بۆ یەکگرتندا بوو. له‌ماوه‌ی ئه‌و سه‌د ساڵه‌دا گەلێک دەرفەت هاتنەپێش، بەڵام هەرجارە و لەگەڵ ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ئاستی محەلی، ناوچەیی و جیهانی، لە گۆڕەپانی فکری و سیاسیدا، هاتنە سەر ڕێ، دەرفەتەکانیان له‌كیس چوون و هەوڵەکان بێ ئاکام مانەوە. قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ساڵەکانی ١٣٥٧ و ١٣٥٨ کە سەرئەنجام بوو بەهۆی روخانی ڕژیمی پاشایەتی، یەکێک لەو دەرفەتانە بوو. چینی کرێکار لە ئاستی ملیۆنی و سەرتاسەریدا لە ئەمری گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسیدا لە ئێران دەوری گێڕابوو، تەنانەت شکڵ و شێوەی سەرەتایی رێكخستنی خۆی لە دەورەی شۆڕشگێڕانەدا ئەزمون کردبوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا نەیتوانیبو مۆری خۆی بەسه‌ر ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ئەو دەورەیەوە دابوكتێ و لە حاڵێکدا کە کۆڵەبارێکی لە ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ند پێبوو، ناکام مابۆوە. کومونیستەکان، ئه‌وانه‌ی کە دواتر لە حیزبی کومونیستی ئێراندا خۆیان رێکخست، هەوڵێکی راستگۆیانه‌یان دەست پێکرد بۆ وڵامدانەوە بە پێویستی و دەرس وەگرتن له‌و ئه‌زموونه‌. ئەم هەوڵانە سەرئەنجام لە ساڵی ١٣٦٢دا بە دامه‌زراندنی حیزبی کومونیستی ئێران له‌كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ریدا بە ئاکام گەیشت و رەوتەکەمان سەهمی خۆی لە بابەتی دابین کردنی یه‌كگرتوویی بزوتنەوەی کومونیستی ئێران ئەدا کرد.795

پێکهێنانی حیزبی کومونیستی ئێران هەنگاوێکی سیاسی بەجێ و بیرلێکراو بوو کە لە یەکێک لە هەستیارترین ساتەکانی ژیانی کومونیستەکانی ئێراندا هه‌ڵگیرا. ئەم حیزبە لە بارودۆخێکدا پێکهات کە شۆڕشی گەلانی ئێران لەژێر زەبری حکومەتی دژی شۆڕشی ئیسلامیدا لە دوایین هەناسەکانیدا بوو. هێزە چەپ و رادیکاڵەکانی ئێران بەتوندی توشی لێکهەڵوەشان و سەر لێ شێواوی هاتبوون. سەرکوتی خوێناویی، گرتنی بەربڵاو و ئێعدامی بەرین، بەشێک لە هێزە چەپەکانی ئێرانی بەکردەوە لێک هەڵوەشاندبوو. لە ئاوا بارودۆخێکدا پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێران لە لایەن بەشێک لە هێزە چەپەکانی ئێرانەوە وڵامێکی شۆڕشگێڕانە بوو بەم بارودۆخە ناله‌باره‌. لە حاڵێکدا کە حکومەتی ئیسلامی لە هەموو شوێنێک لێکهەڵوەشانەوەی ڕێکخراوە سیاسیەکانی جاڕ ده‌دا، حیزبێکی سیاسی نوێ و پڕشور، به‌وره‌ و هیوادار پێکهات. حیزبێک کە هیوادار بوو و ئێستاش هیوادارە بە به‌هێزكردنی یه‌كگرتوویی خۆی، لە کۆتایی هێنان بە تەفرەقە و پڕژوبڵاوی بزوتنەوەی کومونیستی ئێران و كۆتایی هێنان به‌جیایی بزووتنه‌وه‌ی كومۆنیستی له‌بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، دەورێکی کاریگەر بنوێنێ. حیزبی کومونیستی ئێران لە سەرەتای پێكهاتنیه‌وه‌، لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران و شوێنە کرێکاریەکان کۆمەڵێکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوانی سیاسی کرێکاری لەگەڵدا بووە و ژمارەیەکی تا رادەیەک زۆر لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و کومونیستی ئێرانی لەخۆدەگرت. حیزبی کومونیستی ئێران لە کوردستانیش پشتی بە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و بەرین گەرم بوو و خاوەنی پێگەیەکی کرێکاری بەهێز بوو. پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێران رەزمەندەگی و شور و شەوقی شۆڕشگێرانەی لە ریزەکانی تەشکیلاتی کوردستاندا بەرزتر کردەوە و ئیجازەی نەدا پاشەکشەی نیزامی بزوتنەوەی کوردستان ئاسۆی سیاسی خەباتکارانی لێڵ و تاریک بکات و یارمەتی کۆمەڵەیدا تا بەسەر قۆناغێکی سەخت و دژاواردا زاڵ بێت. ئەم هێزە لە ساڵەکانی دواتر و بەتایبەت لە جەریانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاقدا كه‌وته‌ به‌ر هێرش و په‌لاماری تووندی كۆماری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی عێراقیش.

حیزبی کومونیستی ئێران لێبڕاوانە هەوڵ ئەدات تا لە هەموو كات و ساتەکانی خەباتی ئازادیخوازانە و چینایەتی ئێستای ئێراندا دەوری شایستەی خۆی بگێڕێ و ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێ. هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز، هەموو نەتەوەیەکی زۆرلێکراو، هەموو ژنێکی خولیای یه‌كسانی، هەموو لاوێکی مافخواز، هەموو هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست، دەتوانێ پێگەی ئینسانی خۆی لە ستراتیژی و بەرنامەی حیزبی کومونیستی ئێراندا ببینێته‌وه‌.

ئەمرۆ، کە لە ڕابردوی ئەم سێ دەیەی دوایی دەڕوانین ئەو ڕاستیە بە روونی دەبینین کە ڕاگەیاندنی دامەزرانی حیزبی کومونیستی ئێران لە رۆژی یازدەی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٢، خاڵێکی دەست پێک بوو لە ڕێگایەکدا کە چینی کرێکار دەتوانێ و دەبێ سەرکەوتوانە بیبڕێت تا لە پێگەی چینێکی چەوساوە و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەوە، بچێتە ئاستی چینی دەسەڵاتدار، تا کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ئەو موسیبەتانەی کە زۆربەی خەڵکی ئێران لەگەڵی دەستەویەخەن، رزگار بکات.

حیزبی کومونیستی ئێران بە ستراتیژیەکی روون کە هەیەتی، به‌ئاراسته‌ی ئەو ئەرک و ڕه‌سالەتە گرینگانەی لەم قۆناغەدا خستویەتە سه‌ر شانی خۆی، بە عەزمێکی لێبڕاوانەوە هەموو زەرفیەتەکانی بۆ یارمەتی گەیاندن بە وشیاركردن و رێكخستنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا وه‌گه‌ڕ ده‌خات. حیزبی کومونیستی ئێران لەسەر بنەمای پێشینەی ئەم سێ دەیەی دوایی و پێبەند بوونی بە دیفاع و داکۆکی کردن لە قازانج و بەرژەوەندی کرێکاران، بەپێی ئەو پێوەندیە قوڵ و پتەوەی کە لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستاندا هەیەتی، لەسەر بنەمای ئیعتیبارێک کە لە نێوان هێزەکانی بزوتنەوەی چەپ و کومونیستی ئێراندا لێی بەهرەمەندە، به‌پێی ستراتێژی روونی، دەتوانێ ببێتە زەرفێک بۆ رێكخستن و چالاکیی ڕێبەران و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران.

حێزبی کومونیستی ئێران بە دیفاعی لێبڕاوانە و بێ راڕایی لە قازانج و بەرژەوەندی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکی زۆرلێکراو و بێبەشی کۆمەڵگا و خەباتێکی لێوانڵێو لە فیداکاری و لەخۆبردویی، لە رێگای هێنانەدی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستیدا هەنگاو ده‌نێت.