هێشتا خوێنه ڕژاوه‌كانی سه‌ركوتی ڕاپه‌ڕینی هه‌ژارانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر ویشك نه‌بووه‌ته‌وه، هێشتا ئامارێكی ورد سه‌باره‌ت به كوژراوه‌كان له‌به‌رده‌ست دا نییه، هێشتا چاره‌نووسی هه‌زاران به‌ندكراو نادیاره، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌م سهركوتگهریانه، بۆ ئه‌مڕۆ ٢ی مانگی به‌فرانبار، گرووپی “ئیتحادی بازنشهستهكان” به ده‌ركردنی ڕاگه‌یه‌ندراوێك، داوای له هه‌موو خانه‌نشینان كردووه كه له به‌رامبه‌ر مه‌جلیسی ڕژیم دا كۆببنه‌وه. ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه له لایه‌ن هه‌موو گرووپ و ڕێكخراوه‌كانی خانه‌نشینان پشتیوانی لێكراوه. به بڕێك مه‌وداوه، “شۆرای هاوئاهه‌نگی ڕێكخراوی سینفی موعه‌لیمانی ئێران“یش وێڕای پشتیوانی له بانگهێشتی گرووپ و ڕێكخراوه‌كانی خانه‌نشینان، هه‌موو موعه‌لیمانی خانه‌نشین كراوی بانگهێشتی ئه‌م كۆبوونه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه كردووه و داوای له موعه‌لیمانی سه‌رتاسه‌ری ئێران كردووه كه ئه‌مڕۆ كلاسه‌كانی ده‌رس ته‌عتیل بكه‌ن و له مه‌دره‌سه‌كان ده‌ست بده‌نه كۆبوونه‌وه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م بانگهێشتنانه له حاڵێكدا كه كاربه‌ده‌ستانی جه‌نایه‌تكاری ڕژیم وێڕای ئاماژه به كوشتاری خه‌ڵكی ناڕازی، باسی “سه‌ركه‌وتن له شه‌ڕی نیزامی و ئه‌منیه‌تی“دا ده‌كه‌ن، نیشانی ده‌دا كه هێرشی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی ڕژیم به هه‌موو جهنایهتهكانیهوه نه‌یتوانیوه ده‌نگی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خامۆش بكات. هێستاش مه‌رگی دوو برای كۆڵبه‌ری ١٤ و ١٧ ساڵ ته‌مه‌ن كه له‌به‌ر نان گیانیان له‌ده‌ست دا، هه‌زاران كه‌س له ئاوایی “نێ” و شاری “مه‌ریوان” به درووشمی “مه‌رگ و نه‌مان بۆ دیكتاتۆر” دێنێته سه‌رشه‌قامه‌كان. هێستاش مانگرتنی كرێكاری درێژه‌ی هه‌یه و هێستاش هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی كوشتاری چوار ده‌یه‌ی ڕژیم، خه‌ڵك بانگهێشتی كۆبوونه‌وه له ڕۆژی ٥ی به‌فرانباردا ده‌كه‌ن تا كۆمه‌ڵ له‌بیری نه‌چێته‌وه كه له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا چی به‌سه‌ر هات.
ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، بانگهێشتی ڕێكخراوه كۆمه‌ڵایه‌تیه جۆراوجۆره‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه خه‌ڵك له هه‌ژاری و گرانی وه‌گیان هاتوون، كاڵا سه‌ره‌كیه‌كان له‌سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵك نه‌ماون، نزیك به ٢٠ ملیۆن كه‌س له جه‌معیه‌تی ئێران له په‌راوێزی شاره گه‌وره‌كان له سه‌ره‌تایی ترین ئیمكانات بێبه‌رین و له‌گه‌ڵ ڕژیم كه‌وتوونه‌ته شه‌ڕێكی ڕانهگهیهندراوهوه. كه‌وابوو چۆن ده‌بێ بۆ جه‌ماوه‌رێك كه بوون و نه‌بوونیان به‌رده‌وام به‌فیڕۆ ده‌چێ، بێده‌نگ بن و ئه‌م باروودۆخه فهلاكهتباره قه‌بووڵ بكه‌ن؟ له خۆڕا نییه خانهنشینانێك كه له ئاست ملیۆنی دا توانای دابین كردنی هه‌زینه‌ی ژیانیان نییه و به‌شێكی گه‌وره‌یان له هه‌ژارترین توێژی زه‌حمه‌تكێشی كۆمه‌ڵ پێكهێناوه، دژبه چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی قیمهتهكان و خرابتر بوونی باروودۆخی ژیانیان ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن و بانگه‌واز ده‌كه‌ن كه له به‌رامبه‌ر په‌لامارێك كه كراوه‌ته سه‌ر ژیانیان، له‌به‌رامبه‌ر گۆێی كه‌ڕی به‌رپرسانی ڕژیم، ڕێگایه‌كیان جگه له هاتنه سه‌ر شه‌قام و گه‌شاندنه‌وه‌ی ئاگری خه‌بات بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌یكه ده‌ستبه‌جێ “شۆڕای هاوئاهه‌نگی ڕێكخراوی سینفی موعه‌لیمان” له بانگهێشتی “ئیتحادی بازنشهستهكان” پشتیوانی ده‌كات، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه ئه‌وان له هه‌ژاری ملیۆنان خانه‌نشین دا، داهاتووی خۆیان ده‌بینن. ئه‌و موعه‌لیمانه به ڕوونی ده‌بینن له باروودۆخێكدا كه هێڵی هه‌ژاری هه‌موو سنوورێكی تێپه‌ڕ كردووه، چلۆن ده‌وڵه‌تی ڕووحانی له گه‌ڵاڵه‌ی بوودجه‌كه‌ی خۆیدا بێشه‌رمانه ته‌نیا باس له چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ١٥ له‌سه‌دی بوودجه‌ی ئامووزش و په‌روه‌رش ده‌كات. كه‌وابوو به بڕێك بیر كردنه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ كه چ بۆشاییه‌كی قووڵ له نێوان مامناوه‌ندی ئاوسانی ٤٢ له‌سه‌دی و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ١٥ له‌سه‌دی بوودجه‌ی ئامووزش و په‌روه‌رش دایه و هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه كه ڕێژه‌ی ئاوسانی ڕاسته‌قینه زۆر له‌وانه له‌سه‌رتره و هێستاش ئه‌وه ڕوون نییه كه له‌و چوونهسهرهوهیهی بوودجه‌دا، چه‌نده‌ی وه‌به‌ر موعه‌لیمان ده‌كه‌وێ. چ موعلیمانی خانه‌نشین، چ ئه‌و موعهلیمانهی خه‌ریكی كارن له‌ماوه‌ی یه‌ك دوو ساڵی ڕابردوودا به ده‌یان جار ده‌ستیان داوه‌ته ناڕه‌زایه‌تی. به‌ڵام به ئه‌زموون بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه “گۆێی به‌رپرسان كه‌ڕه و چاویشیان كوێره”. ئه‌وان دیتوویانه كه چلۆن “سندووقی زه‌خیره‌ی فه‌رهه‌نگیان” و سندووقی خانه‌نشینان به تاڵان ده‌بردرێ. موعه‌لیمه‌كان و خانه‌نشینان زۆر جار باسیان له خسووسی سازی ئامووزش و په‌روه‌رش و “هه‌ژاركردنی موعه‌لیمان” كردووه و هه‌موو جارێكیش به‌وه گه‌یشتوون كه ته‌نیا ڕێگای چاره درێژه دان به ناڕه‌زایه‌تی و هاتنه سه‌ر شه‌قامه. ئه‌وان فێربوون كه ڕێگایه‌كیان جگه له خه‌بات بۆ گه‌یشتن به داخوازیه ڕه‌واكانیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌وان به ئه‌زموون دیتوویانه كه ڕژیم و ئۆرگانه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی له جیات ئه‌وه‌یكه به‌ره‌نگاری دز و گه‌نده‌ڵه‌كان ببنه‌وه، موعه‌لیمانی عه‌داڵه‌تخواز، خانه‌نشینان، كرێكاران، ژنان، په‌راوێزنشینان، منداڵانی كار و كۆڵبه‌ران ده‌كه‌نه ئامانج. له دڵی باروودۆحی گۆڕاوی كۆمه‌ڵدا، له باروودۆخێكدا كه خه‌ڵك جه‌رگ سووتاوی ڕۆڵه كوژراوهكانیانن، له باروودۆخێكدا كه موعه‌لیمان داخداری جێگای به‌تاڵی خوێندكاره كوژراوه‌كانن، ناتوانن ئارام دانیشن و ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانێن. هه‌ربۆیه هه‌م ڕێكخراوی خانه‌نشینان و هه‌م موعه‌لیمان ڕایانگه‌یاندووه كه خه‌بات تا گه‌یشتن به داخوازیه‌كانیان درێژه پێده‌ده‌ن. له‌خۆڕاش نییه كه “شۆرای هاوئاهه‌نگی ڕێكخراوی سینفی موعه‌لیمان” له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی خۆیدا نووسیی: “به‌ڵێ! ئه‌گه‌رچی به‌خاتری سه‌ركوت و باروودۆخی ناله‌باری ژیانی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵ و گیان به‌خت كردنی خوێندكاران و لاوانمان داخدارین، به‌ڵام له‌م برینانه‌وه داری ئازادی چرۆ ده‌رده‌كات و ده‌نگی دادخوازی و عه‌داڵه‌تخوازی بڵاوده‌بێته‌وه”. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ته‌نیا ئاواتێك نییه، به‌ڵكوو ئه‌وه دیمه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كه كه به‌ره‌و ئاڵوگۆڕێكی مه‌زن هه‌نگاو هه‌ڵدێنێته‌وه.
بێ گومان كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خانه‌نشینان و مانگرتنی موعه‌لیمان له دوای كوشت و كوشتاری مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هێمای هیوابه‌خشی ده‌ستپێكی قۆناخێكی دیكه له ناڕه‌زایه‌تی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه. به دڵنیاییه‌وه ڕژیم به‌هه‌موو سهركوتگهریهكی وهحشیانهیهوه، به ده‌ركردنی حوكمی قورس دژبه هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و داكۆكیكارانیان، دژبه ژنان و چالاكانی مه‌ده‌نی و به ده‌سبه‌سه‌ركردنی هه‌زاران كه‌س، ناتوانێ كۆمه‌ڵگا بگه‌ڕێنێته‌وه قۆناخی پێش ئاخێزی مانگی به‌فرانبار و خه‌زه‌ڵوه‌ر.
با به‌ره‌و ڕێكخستنی ڕاپه‌ڕینی گه‌وره‌تر هه‌نگاو هه‌ڵێنینه‌وه و پێداویستیه‌كانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی دابین بكه‌ین و به‌ر به فریوكاری ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و بورژوایی بگرین. له‌بیرمان نه‌چێته‌وه كه خوێندكاران له ١٦ی سه‌رماوه‌زدا به درووستی هاواریان كرد: “سه‌ركوت كۆتایی ڕێ نییه، خۆڕاگری ژیانه”.