به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه ١٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، حوكمی ئێعدامی دوو به‌ندكراوی به‌لووچی بێ شناسنامه له زیندانی زاهیدان و سێ به‌ندكراوی دیكه له زیندانی ئیسفه‌هان جێبه‌جێ كرا.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، دوو به‌ندكراوی به‌لووچ به ناوه‌كانی “سه‌عید عه‌لیزهی” ته‌مه‌ن ٢٥ ساڵ و “ئیسماعیل عه‌لیزهی” ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵ كه ساڵی ١٤٠٠ له شاری زابۆل به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ر و به ئێعدام مه‌حكووم كرابوون، له زیندانی زاهیدان له‌سێداره دراون. ئه‌و دوو برا به‌لووچه له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ركراندا هیچ مادده‌یه‌كی هۆشبه‌رێكیان پێ نه‌بووه و له دادگایش هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان ڕه‌د كردبوو، به‌ڵام ده‌زگایی قه‌زایی ڕژیم به‌بێ به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ر ئه‌و دوو شارۆمه‌نده‌ی له‌سێداره داوه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه سێ به‌ندكراو به ناوه‌كانی “ئیبراهیم ناروویی”، “عه‌لی هادئیی” و “نه‌سیر كه‌ریمی” به هه‌مان تۆمه‌ت له زیندانی ئیسفه‌هان ئێعدام كراون و هه‌واڵه‌كه‌یان له میدیاكانی ڕژیم بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه.