کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لاوانی فەلەستینی، خەبات بە دەستی بەتاڵ

رۆژی سێ شەممە ٥ ی مانگی خەزەڵوەر بەهۆی تەقەی سەربازان و هێزە ئەمنیەتیەکانی ئیسرایلەوە ٢ لاوی تری فەلەستینی لە شاری ئەلخەلیل لە لێوارەی رۆژئاوای روباری ئۆردون گیانیان لەدەستدا. رۆژێک پێشتریش ٣ لاوی دیکەی فەلەستینی بەهۆی تەقەی سەربازانی ئیسرایلەیەوە لە شاری ئەالخەلیل کوژران. بەمجۆرە ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە مانگی ئۆکتۆبەردا لەلایەن ئیسرایلەوە کوژراون گەیشتۆتە ٦٣ کەس. لەم تێکهەڵچونانەی نێوان لاوانی فەلەستینی لە لایەکەوە و ئەرتەشی ئیسرائیل له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، زیاتر لە ١٢٠٠ کەسیش بریندار و سەدان کەسیش دەستگیر کراون. شایانی باسه‌ لەم دەرگیریانەدا تا ئێستا ١٠ ئیسرایلی کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.قۆناغی ئەم دواییانه‌ی تێکهەڵچونەکانی ئیسرائیل لەگەڵ خەڵکی فەلەستین نزیکەی چوار مانگ لەوەپێش سەرلەنوێ بەتوندی دەستی پێکردەوە. لە مانگی ژوئیەی رابردودا ژمارەیەک لە شارەک نشینانی داگیرکەر بە بۆمبی ئاتەشزا هێرشیان کردە سەر ماڵێکی فەلەستینی لە ناوچەی دۆما و ئاگریان تێبەردا و لە جەریانی ئەم هێرشە وەحشیانەیەدا منداڵێکی ١٨ مانگەی ئەو بنەماڵەیە سوتا و کەسوکارەکەشی گیانیان لەدەستدا. لە یەک مانگی رابردوشدا هێزە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو رۆژێ بە ئەزیەت و ئازاردانی خەڵکی فەلەستین درێژەیان بە سیاسەتی داگیرکارانە و رەگەزپەرستانەیان لەدژی خەڵکی زۆرلێکراو و بێ دیفاعی فەلەستین داوە و بە هەڵخڕاندنی هەستی رەگەزپەره‌ستانەی یەهودیە توندڕەوەکان کەشێکی جەنگی و نائەمنیان بەسەر ناوچەی ژێر حاکمیەتی دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستیندا سەپاندوە. دەوڵەتی نتانیاهوو لە مانگی رابردودا گروپە یەهودیە توندڕەو و کۆنەپەرستە مەزهەبیەکانی لەژێر پشتیوانی هێزە ئەمنیەتیەکاندا، پاڵ پێوەنا بۆ چوونەنێو شوێنە پیرۆزەکانی موسڵمانان و بە ئامانجی داگیر کردنی مزگەوتی قودس. ئەمەش بووە هۆی تەحریکی زیاتری هەستی لاوانی توڕە و بێبەشی فەلەستینی و کاردانەوەیان. ئەمە یەکەم جار نییە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتە تەوسعە تەڵەبانەکانی، بە بەکار هێنانی گروپە توندڕەو و کۆنەپەرستە مەزهەبیە یەهودیەکان و هەڵخڕاندنی هەستیان، زەمینەی دروست بوونی کێشە و تێکهەڵچون لەگەڵ موسڵمانەکان فەراهەم دەکات. لە مانگی خەزەڵوەری پارەکەشدا بە سەدان کەس لە یەهودیە توندڕەوەکان بە ئامانجی داگیرکردنی مزگەوتی ئەقسا لە بەیتۆلموقەدەس، کۆبونەوە و داواکاری پەیوەست بوونی بە بەشی یەهودی نشینی ئەم شارەوە بوون. دەوڵەتی ئیسرائیل تا ئێستا چەندین جار بە دروست کردنی فەزای ئاڵۆز و کێشە بە ئامانجی بەهرەبەرداری سیاسی، کاسانێک لە سازمانە ئیتلاعاتی و سیخوریەکانی بۆ کۆکردنەوەی گروپە توندڕەوە یەهودیەکان بەکار هێناوە و بۆتە هۆی تێکهەڵچون و مردن و بریندار بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی زۆر لێکراوی فەلەستین.568

ئەم سیاسەت و کردارە جەنایەتکارانەیەی کە رۆژانە لە لایەن ئیسرایلەوە لەدژی خەڵکی فەلەستین بەڕێوەدەچێت، بەرەوڕووی بێدەنگی دەوڵەت و هێزە سەرمایەداریەکان بۆتەوە و لە راگەیەنەکانیاندا دەنگدانەوەی نییە. ئەوان بە پاساوی بەناو “دیفاع لە نه‌فس” پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن و مۆری تەئید لە جەنایەتەکانی ئەدەن و دەوڵەتی دەستە ڕاستی نتانیاهو لەسەر درێژەدان بەم سیاسەتانەی سورتر دەکەن.
ئەمەش لەم دواییانەدا بۆتە هۆی پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی دەژی ئینسانی تر لە لایەن دەوڵەتی نه‌تانیاهۆوە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خۆڕاگری خەڵکی فەلەستین. سیاسەتێک کە بەهۆیەوە یەهودیە شارەک نشینەکانی ناوچە داگیر کراوەکان کە زۆربەیان لە توندڕەوە کۆنەپەرستەکانن چەکدار کردوە و ئیجازەی پێداون تا لەگەڵکو هەستیان بە نیگەرانی کرد، بەرەو رووی فەلەستینیەکان تەقە بکەن. هەروەها دەستی سەرباز و هێزە ئەمنیەتیەکانیشی کردۆتەوە تا لاوانی فەلەستینی بەبیانو یان هەست کردن بەوەی کە چەقۆی بەدەستەوەیە بدەنە بەر گوللە و وەکو وترا تا ئێستا مەرگی دەیان کەسی بەدواوە بووە. لە بەرانبەر ئەم قەتڵ و ئێعدامە خیابانیانەدا، خەڵکی بێ دیفاعی فەلەستین و لاوانی وەگیانهاتو لە زوڵم، هەڵاواردن، سوکایەتی، هەژاری و بێ مافی قەت تەسلیم نەبوون و بە هەموو وەسیلە و شکڵ و شێوەیەکی مومکین درێژەیان بە خەباتی خۆیان داوە و لە بەرانبەر دەوڵەتی ئیسرائیلدا دیفاعیان لە بوونی خۆیان کردوە. لە بەرانبەر توندوتیژی و زۆروێژی و سیاسەتە شۆوینیستیەکانی دەوڵەتدا، بۆ خەڵکی فەلەستین رێگایەک بێجگە لە بەرەنگار بوونە نەماوەتەوە. لە بەرانبەر توندوتیژی و دەستدرێژی رۆژانەی دەوڵەتدا، ئه‌وانیش ناچار بوون لە هێندێک حاڵەتدا دەست بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی کوێرانە بەرەن کە هێندێک جار بۆتە هۆی سەدەمە گەیشتن بە خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل. ئەگەر لاوانی فەلەستینی لە ساڵەکانی ڕابردودا بە نفوزکردنە قوڵایی شارەکانی ئیسرائیلەوە و ئەنجامدانی عەمەلیاتی خۆکوژی وڵامی توندوتیژیەکانی دەوڵەتیان ئەدایەوە، لەم قۆناغەی دواییدا بە بەرماشێندانی ئیسڕایلیەکان و ئێستاش بە بەدەستەوە گرتنی چەقۆ وڵامی کرداری دژی ئینسانی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەت ئەدەنەوە و دیفاع لەخۆیان دەکەن. تا کاتێک کە دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی ئیسرایل درێژە بە داگیرکاری و پێشێل کردنی مافی خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین بدات، لەگەڵ خۆڕاگری و خەباتی ئەوان بەرەو روو دەبێتەوە. ئەم لاوانە لە هەر بارودۆخێکدا خۆیان ڕێگای خەبات ئەدۆزنەوە. ئەوان هیوایان بە باشتر بوونی بارودۆخەکە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شایستەی ئینسانی، لەژێر رێبەریی سازمانە سیاسیە ئیسلامی و لیبڕاڵیەکان و دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستیندا نییە. وەک ئەوەی لەم دەورەی دواییشدا ئەم رەوتانە هیچ نەخشێکیان لە هیدایەت و بەرەوپێش بردنی خەباتی خەڵکدا نەبووە و ئەوە خودی لاوانی فەلەستینین کە هاتونەتە سەر شەقامەکان و لە پێناو دەستەبەر کردنی مافەکانیاندا خەبات دەکەن.
بەڵام ئەوە تەنیا خەڵکی فەلەستین نین کە لە سیاسەتە دەستەڕاستیەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و کێشە و نائەمنیەکان سەدەمە دەبینن، بەڵکوو خەڵکی ئاسایی ئیسرایلیش تا ئێستا لە ئاکامی ئەم سیاسەتانەدا توشی گەلێک زەرەر و زیانی ماڵی و گیانی هاتوون و لە نائەمنیدا بەسەر دەبەن. خەڵکی ئاسایی فەلەستین و ئیسرائیل بەیەکەوە کێشەیان نییە. ژیان و ئەمنیەتی ئەوان بە یەکەوە گرێ دراوە. ئەوە دەوڵەتی ئیسرائیلە کە بۆ پاراستن و درێژەی دەسەڵاتەکەی پێویستی بە رەواجدانی ئەفکار و ئیحساساتی شۆوینیستی و وەشاندنی تۆوی کینە و نەفرەتە لەنێو هەردوو نەتەوەدا. دەوڵەتی ئیسرایل لە هەوڵدا بووە تا بە داگیر کردنی هەرچی زیاتری هه‌رێمی فەلەستینیەکان و شارەک سازی بەرین لە قودسی رۆژهەڵات و پاکسازی قەومی و دەرکردنی خەڵکی فەلەستین، ئەم شارەکانە بەتەواوەتی لە ئیختیار بگرێت.
لەبەرانبەر جەنایەتەکانی دەوڵەتی ئیسرایلدا، ئینسانە ئازادیخواز و چەپ و کومونیستەکان و گروپە ئاشتی خواز و بەشەردۆستەکانی ئیسرائیل و سەرتاسەری دنیا، سیاسەتی داگیرکارانە و کرداری توندوتیژی ئامێزی دەوڵەتی ئیسرائیل مەحکوم دەکەن و دیفاع لە مافە سیاسی و ئینسانیەکانی خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین دەکەن. هەر دوێنێ بوو کە سەدان کەس لە ئاکادیمیستەکان و ئۆستادانی زانکۆکانی ئینگلیس رایانگەیاند کە لەبەر کرداری جەنایەتکارانە و توندوتیژی و سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە بەرانبەر خەڵکی فەلەستیندا، هەموو جۆرە هاوکاریەکی بەکردەوەی خۆیان لەگەڵ ئەم دەوڵەتە رادەگرن.
خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی خەباتی خۆیان و بە یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و گروپ و رەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان، دەتوانن ڕێگایەک بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە نابەسامەن و دەستەبەر کردنی مافی چارەنووس و گەیشتن بە ژیانێکی شایستەی ئینسانی ئەمرۆ بدۆزنەوە. ئەوە تەنیا رێگای کۆتایی هاتن بە موسیبەتەکانی تا ئێستایە.