ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی مانگی بەفرانبار سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە و گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان بە بڵاوکردنەوەی بەیانیەیەک لەژێرناوی ” لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ٩٩ و گەردنی کرێکاران لەژێر ساتۆری تەوەرۆم و بێکاری و دەرکردن و نەبوونی ئەمنیەتی ئابووری و سیاسی”، ئاماژەیەیان بە باروودۆخی لەتاقەت بەدەری ژیانی کرێکارانی ئێران کرد. لە بەشێک لەو بەیانیەیەدا هاتووە: “قەیرانی بێ وێنە و تەوەرۆمی هاوسارپساو، داخرانی کارخانەکان و ناوەندەکانی بەرهەم هێنان، بووەتە هۆی چوونەسەرەوەی ژمارەی بێ ماڵ و حاڵان، موعتادان، لەش فرۆشان، منداڵانی کار و باقی قوربانیانی سیستەمی سەرمایەداری. بێکاریی چەندین ملیۆنی، دابین کردنی هەزینەی سەرەتایی ترین ئیمکاناتی بژیوی واتە خۆراک، شوێنی نیشتەجێ بوون، پۆشاک، دەرمان و هاتووچۆی تەنانەت بۆ کەسانێک کە دوو شیفت لە شەو و ڕۆژدا کار دەکەنن دژوار کردووەتەوە، چ بگا بەو کرێکارانەی کە یەک شیفت و نیوە وەخت کار دەکەن و یان بێکارن و هیچ داهاتیەکیان نییە.” لەو بەیانیەیەدا هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە داهاتی مشتێک سەرمایەداری بوروکراتیکی ناو دەسەڵات، لە ڕێگەی تاڵان کردنی سەرچاوە سرووشتیەکان و بەهرە کێشی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئیختلاسە گەورەکانیان، سەری لە ئاسمان داوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر خواستی کرێکاران بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست و باقی موتالباتی کرێکاران و خەڵکی ئێران، وڵامێکی جگە لە توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی نییە و هەموو دەرگاکان بێجگە لە زیندان بەڕووی کرێکاراندا داخراون. بەیانیەی کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە و گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان، بەلەبەرچاوگرتنی چوونەسەرەوەی سەبەدی بژێوی بەهۆی قەیرانی ئابووری، میانگینی هەزینەی بنەماڵەیەکی مامناوەندیان، ١٠ و نیو تا ١١ ملیۆن تمەن لەمانگدا بەرئاورد کردووە.
لەو بەیانیەیەدا داوا لە هەموو کرێکاران و حەقدەست وەرگرانی سەرتاسەری ئێران کراوە کە بە پشت بەستن بە هێزی بە کۆمەڵ و یەکیەتی نێوان کرێکاران و باقی توێژە هەژارەکانی ناو کۆمەڵ، خەباتی خۆیان بۆ وەدی هاتنی لانیکەمی حەقدەستی مانگانە ٩ ملیۆن تمەن درێژە پێبدەن. بەڵام لە بەرامبەر ئەم خواستە بەرحەق و واقعیەی کرێکاران و خەڵکی وەگیان هاتوو، کۆماری ئیسلامی لە پەیوەند لەگەڵ لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ٩٩، بەنیازە تەنیا ١٥ تا ٢٠ لەسەد بە حەقدەستی چوار قات ژێر هەژاری ئەمساڵ، زیاد کات کە دەبێتە یەک ملیۆن و ٨٠٠ و بیست هەزار تمەن لە مانگدا. ئاشکرایە ئەم بڕە پارەیە لە بەرامبەر چوونەسەرەوەی ڕۆژانەی گرانی و تەوەڕۆم لە ئێران تەنانەت لە باروودۆخی ئێستاشدا پێنج قات لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەبێت.
بێ گومان ئەوەیکە بۆ ڕژیم گرینگە، جگە لە دابین کردنی بەرژەوەندی سەرمایەدارانی دەوڵەتی و خسووسی، پاراستنی نیزامی ئیسلامیی سەرمایەیە کە لە قەیرانێکی هەمە لایەنەدا گیری کردووە و ڕێگای دەربازبوونیشی نییە. نیزامێک کە لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتیدا، بێجگەلە هەژاری و برسێتی و کوشتار و خوێنڕێژی، هیچ شتێکی دیکەی بۆ خەڵکی ئێران بەدیاری نەهێناوە. نیزامێک کە کۆمەڵی ئێرانی بەرەو گەندەڵی و لەناوچوون بردووە. نیزامێک کە بنەمای دەسەڵاتەکەی لەسەر سەرکوت و زەبر و زەنگ و کوشتنی خەڵک لە ناوەوە و ئیجرای پڕۆژەی کۆنەپەرستانە و دەخاڵەت و زێدەخوازی لە ناوچەکە، هەڵبەت ئەویش بە بەهەدەردانی ملیاردها دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵک، بینا کراوە و بەردەوام ویستوویەتی بە پێکهێنانی گرووپی چەکدار و تیرۆریستی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکە و شەڕ و ئاڵۆزی نانەوە، درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات.
بۆ ئەو ڕژیمە دژە ئینسانە، پەرەسەندنی برسێتی و هەژاری و ئیعتیاد و لەش فرۆشی و کاری منداڵان و کارتۆن خەوی خەڵک، هیچ گرینگیەکی نییە. کۆماری ئیسلامی لە باروودۆخێکدا لە ژێر ناوی پاراستنی ئۆتۆریتەی نیزام، بوودجەی کەڵان بۆ پڕۆژەی کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانە لە ناوچەکەدا تەرخان دەکات کە ئابووری ئێران لەسەر لێواری داڕمانە. لە وەها باروودۆخێکدا و لە درێژەی ئەم سیاسەتانەدا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕایگەیاند کە بە پێی گەڵاڵەیەکی سێ فەوریەتی و بە ئیزنی “مەقامی ڕێبەری” بۆ دابین کردنی هەزینەی دوو مانگی کۆتایی ئەمساڵ، بڕی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆی زیادی بەرابەر لەگەڵ ٣ هەزار ملیارد تمەن لە “سندووقی تەوسعەی میللی”ەوە دەدرێتە لەشکری قۆدسی سپای پاسداران. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە لایەکەوە، هەموو ساڵێک بوودجەی نیزامی و ئەمنیەتی، گەورەترین بەشی گەڵاڵەی بوودجەی دەوڵەت لەخۆدەگرێت، تا ئەو جێگایەی کە لە مەودای نێوان ساڵی ٩٧ بۆ ٩٨، بوودجەی نیزامی لە ٥٠ هەزار و ٦٠٠ ملیارد تمەنەوە گەیشتە ٧١ هەزار ملیارد تمەن. لە لایەکی دیکەشەوە گۆیا ئەو سندووقە بە ئامانجی گۆڕینی بەشێک لە داهاتی فرۆشی نەوت و گاز بە سەروەتی پایەدار و بەرهەمهێنەری سەرمایەی ئابووری پێکهاتووە و کەس بۆی نییە لەو سندووقە بۆ دابین کردنی هەزینەی دیکە کەڵک وەرگرێ.
بەڵام خامنەیی لە باروودۆخێکدا فەرمانی دەرکێشانی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ لە “سندووقی تەوسعەی میللی” بۆ سپای قۆدس دەردەکات تا پڕۆژەکانی فەرماندە کوژراوەکەی درێژەی بێت و هەر لەو سندووقەش ١٥٠ ملیۆن یۆرۆ دەداتە سەدا و سیما تا دەزگای بڵاوکردنەوەی خورافە و کۆنەپەرستی و درۆنانەوە درێژە بەکاری بدات، کە پتر لە ٦٠ ملیۆن ئینسان لە ئێران لە بارووخێکدا ژیان بەسەر دەبەن کە لە بەیانیەکەی سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە و گرووپی یەکیەتی خانەنشیناندا باسی لێکراوە. ئەو لە باروودۆخێکدا دەست و دڵبازانە لە کیسەی خەڵکی ئێرانەوە دەبەخشێ کە هێشتا وێڕانیەکانی بوومەلەرزەکەی غەربی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ٩٦ و لافاوی بەهاری ئەمساڵ نۆژەن نەکراوەتەوە و هەزارن بنەماڵەی بێ ماڵ و حاڵ لە بارووخێکی نامرۆڤانەدا لە ژێر نایلۆن و حەسیردا لە هەژاری و بێ ئیمکاناتیی تۆخدا ژیان بەسەر دەبەن. لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران یان بەو شێوەیە بەفیڕۆ دەچێت و یان لە ڕێگەی دزی و ئیختلاس و ڕانتخۆری هەزاران ملیارد دۆلاری، دەچێتە گیرفانی کاربەدەستان و بەرپرسانی ئەم ڕژیمەوە.
کەوابوو لە وەها باروودۆخێکدا هەروەک لە بەیانیەی سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە و گرووپی یەکیەتی خانەنشینانیشدا هاتووە، تەنیا ڕێگای دەربازبوون و باشتر کردنی باروودۆخی ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا و چوونەسەرەوەی حەقدەستەکان ئەوەیە کە، لە جەرگەی خەباتی ڕۆژانەماندا بۆ وەدی هاتنی خواست و موتالباتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، پشت بە هێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆمان ببەستین. بێ گومان، ڕزگاری لەو باروودۆخە فەلاکەتبارە لە ڕێگای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیەوە و بەهێزی کرێکاران و باقی توێژە هەژارەکانی کۆمەڵ دبێتە دی.