به‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ساڵانه‌ی “ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران” كه ناوه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆی نێونه‌ته‌وه‌ییه، ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٨ی مانگی خاكه‌لێوه، ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی بڵاو بۆوه. چه‌ند به‌شێكی گرینگ له‌م ڕاپۆرته ته‌رخان كراوه به ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیهانیی جهنایاتی كۆماری ئیسلامی و پێشێلكرانی به‌رده‌وامی ماف و ئازادییه سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵكی ئێران.
له‌م ڕاپۆرته‌دا هاتووه كه: ڕژیمی ئێران له ساڵی ٢٠٢٠دا به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام له ئێعدام وه‌ك “چه‌كێك بۆ سه‌ركوتی سیاسی” كه‌ڵكی وه‌رگرتووه. ئه‌م ڕاپۆرته وێڕای ئه‌وه‌یكه كۆماری ئیسلامی وه‌ك باڵانشینی به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی حوكمی ئێعدام له ئاستی جیهاندا ناو لێده‌بات، ئاماژه به مهحكوومانی دادگا ئاساییه‌كان ده‌كات كه له كاتی ئه‌نجامدانی تاواندا، ته‌مه‌نیان كه‌متر له ١٨ ساڵ بووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، ئاماژه به پێشێل كردنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی به‌رینی ناڕازیان، نه‌یاران، جیابیران و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ كراوه. توندوتیژی و هه‌ڵاواردنی سیستماتیك دژبه ژنان و كه‌مینه قه‌ومی و ئایینیه‌كان و هه‌روه‌ها بێسه‌روشوێن كردن، ئه‌شكه‌نجه و باقیی كرده‌وه دژهمرۆییهكان به‌شێوه‌ی به‌رین و ڕێكخراو، وێڕای پارێزراویی تاوانباران له سزا، میحوه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌ن.
هاویشتنی مووشه‌كی سپا به‌ره‌و فڕۆكه‌ی موسافربه‌ری ئۆكراین له چوارچێوه‌ی هه‌وایی ئێران و نهێنكاری و داپۆشینی سه‌ره‌تایی ئه‌م جه‌نایه‌ته له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ڕژیم، نموونه‌یه‌كی دیكه‌یه كه ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاماژه‌ی پێكردووه و له‌مباره‌وه ده‌نووسێ: “هێزه ئه‌منییه‌كان به كه‌ڵك وه‌گرتن له هێزی سه‌ركوت، له‌وانه هاویشتنی گولـله‌ی ساچمه‌یی نووك تیژ، گولـله‌ی پلاستیكی، گازی فرمێسك‌ڕێژ و سپرێی بیبار، كۆبوونه‌وه‌ی ئاشتیخوازانه‌ی كه‌سانی ناڕازی به به‌ردانه‌وه‌ی فرۆكه ئۆكراینییهكهیان سه‌ركوت كرد و ناڕازیانیان به شه‌ق و مشت و كه‌ره‌سته‌ی جۆراوجۆر دایه به‌ر توندوتیژی فیزیكی و ده‌یان كه‌سیان به بێ هیچ هۆكارێك لێ ده‌ستبه‌سه‌ر كردن“.
له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ئاماژه به بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا كراوه. به‌وته‌ی ئه‌م ڕێكخراوه، نیزامی پزیشكی به‌هۆی نه‌خۆشیی گشتگیری كۆویدی ١٩ یه‌كجار كه‌وته ژێر گوشاره‌وه و لانیكه‌م ٣٠٠ كه‌س له كارمه‌ندانی به‌شی ته‌ندرووستی به‌هۆی ئه‌م په‌تایه‌وه گیانیان له‌ده‌ست دا. هاوكات به‌رپرسانی ڕژیم هه‌وڵیان دا ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتی سه‌ربه‌خۆ و ڕه‌خنه گرتن له شێوازی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خۆشیه بكه‌ن. به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیی ڕژیم له حاڵێكدا ڕۆژانه ئاماری تووش بووان و مه‌رگی سه‌رچاوه‌گرتوو له كۆرۆنا ده‌خه‌نه ئیختیار میدیاكانه‌وه كه گومانی جیدی له‌سه‌ر ڕاست بوونی ئه‌م ئامارانه هه‌یه و ڕێكخراوی نیزامی پزیشكی ئێران ئاماری قوربانییانی سێ تا چوار هێنده‌ی ئاماری ڕه‌سمی به‌رئاورد كردووه. له لایه‌كی دیكه‌وه ڕه‌وتی واكسیناسیۆن له ئێران یه‌كجار خاوه و ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ڕۆژی ١٩ی مانگی به‌فرانباری ساڵی ڕابردوو، هاورده كردنی واكسێنی ئامریكایی و بریتانیایی كۆرۆنای بۆ ئێران قه‌ده‌غه كرد.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا نووسیوێتی كه به‌رپرسانی زیندان و كاربه‌ده‌ستانی دادستانی، لهئهنقهست بهندكراوانێك كه به هۆكاری سیاسی زیندانی كراون، له چاوه‌دێریی پزیشكی بێبه‌ری ده‌كه‌ن و مافی ته‌ندرووستیی به‌ندكراوان له زۆرێك له زیندان و گرتووخانه‌كان هه‌روا نامرۆڤانه پێشێل ده‌كرێت و ئه‌م باروودۆخه ئه‌وانی زیاتر خستووه‌ته به‌رده‌م مه‌ترسیی تووش بوون به نه‌خۆشیی كۆویدی ١٩.
له‌م ڕاپۆرته‌دا، موحاكمه‌ی نادادپه‌روه‌رانه، بڵاوكردنه‌وه‌ی “ئیعترافاتی ئیجباریی ژێر ئه‌شكه‌نجه” له سه‌دا و سیما، ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی به‌رین، بێسه‌روشوێن كردن و ئه‌شكه‌نجه، وه‌ك نموونه به‌رچاوه‌كانی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ له لایه‌ن كۆماری ئیسلامی، ئاماژه‌ی پێكراوه. ڕاپۆرته‌كه له درێژه‌دا ده‌نووسێ: به‌رپرسانی ڕژیم، زۆرێك له ده‌ستبه‌سه‌ركراوان، به ڕاگرتنیان له شوێنی نامه‌علووم و زانیاری نه‌دان به بنه‌ماڵه‌كانیان، بێسه‌روشوێنیان ده‌كه‌ن.
كۆماری ئیسلامی زانیاریی وردی سه‌باره‌ت به گیان به‌ختكردووانی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه. له‌مباره‌وه جێگری پارله‌مانی وه‌زیری ناوخۆی ئێران وێڕای ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی به‌رپرسایه‌تیی كارگێڕانی ڕژیم له كوشتاری ناڕازیان خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ وتی كه ئه‌م كوشتاره “به ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌رازێل و ئه‌وباش” ئه‌نجام دراوه. هه‌ڵبه‌ت پێشتریش خامنه‌یی گیان به‌ختكردووانی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ی به “ئه‌شرار” ناو لێبردبوو.
ئه‌وه‌یكه له ڕاپۆرتی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هاتووه و لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند به‌شێكی كرا، بۆ خه‌ڵكی ئێران و ته‌نانه‌ت بۆ نه‌سلی لاو، كه له نزیكه‌وه شایه‌دی جهنایاتی ڕژیمی ئیسلامی له ماوه‌ی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا نه‌بوون، هیچ تازه‌ییه‌كی نییه. په‌یوه‌ندیی خه‌ڵكی ئێران له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئیسلامی به‌رده‌وام هه‌ر به‌م شێوه‌یه بووه و ئه‌م ڕژیمه ته‌نیا له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی سه‌ركوت و پێشێلكردنی ماف و ئازادییه‌كانی خه‌ڵك له‌سه‌ر پێ ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ڕاپۆرتانه له لایه‌ن ڕێكخراو و ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان یه‌كجار به‌جێیه و ڕۆڵێكی گرینگی له به‌ڕۆژ كردنه‌وه‌ی بیروڕای گشتی جیهان سه‌باره‌ت به ماهییه‌تی ڕژیمی ئیسلامی له ئێران هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌ت توندبوونه‌وه‌ی گوشار و هه‌وڵی سهركوتگهرانه، نه له به‌هێزبوونی ڕژیمه‌وه، به‌ڵكوو له گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. خه‌ڵكی ناڕازی و مافخواز و سته‌ملێكراو و چه‌ساوه، چیتر به‌م هه‌وڵانه چاوترسێن نابن. په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی كرێكاران، خانه‌نشینكراوان، موعه‌لیمان، دایكانی جه‌رگ سووتاو و باقیی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران، له‌م مانگانه‌ی دواییدا، سه‌ره‌ڕای باروودۆخی كۆرۆنایی، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌یه. ئه‌گه‌رچی سه‌ركوت له هێندێك قۆناغدا هه‌نگاوێك پاشه‌كشه به خه‌ڵك ده‌كات، به‌ڵام بهسێتنه بابه‌تییه‌كانی هه‌ڵچوونی تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ر به‌هێزتر ده‌كات و سه‌ره‌نجام وه‌ك “پشكۆی ژێر خۆڵه‌مێش” خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و مافخوازانه ده‌گه‌شێنێته‌وه. بێگومان، ئه‌م خه‌باته‌ش به ڕووخاندنی كۆشكی زوڵم و سته‌می كۆماری ئیسلامی، به‌ستێنی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگای ئازاد و به‌رابه‌ری سه‌رچاوه‌گرتوو له هێزی ڕێكخراو و یه‌كگرتووی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش، ئاماده‌تر ده‌كات.