ڕۆژنامه‌ی ئارمانی میللی چاپی تاران، وتاری سه‌ره‌كیی ژماره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٧ی مانگی پووشپه‌ڕی خۆی به مه‌سه‌له‌ی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی دیارده‌ی منداڵ هاوسه‌ری له ئێران ته‌رخان كردووه. ئه‌م ڕۆژنامه‌یه له‌سه‌ر زاری جێگری كاروباری لاوانی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان نۆسیویهتی كه له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا ئاماری منداڵ هاوسه‌ری به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو چووه‌ته سه‌رێ. به پێی دوایین ڕاپۆرتی ناوه‌ندی ئاماری ئێران، له سێ مانگی سه‌ره‌تای ساڵی ١٣٩٩دا، ٧ هه‌زار و ٣٢٣ هاوسه‌رگیری له نێوان كچانی ١٠ تا ١٤ ساڵدا تۆمار كراوه و له هاویندا ئه‌م ڕه‌قه‌مه بۆ ٩ هه‌زار و ٥٨ حاڵه‌ت به‌رز بووه‌ته‌وه كه چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٢٣ له‌سه‌دیی ئاماری منداڵ هاوسه‌ری نیشان ده‌دات. هه‌روه‌ها ناوه‌ه‌ندی ئاماری ئێران، زانیاریی پێوه‌ندیدار به ته‌ڵاقیشی له‌م مه‌ودا ته‌مه‌نییه‌دا بڵاو كردووه‌ته‌وه كه چوونه‌سه‌روه‌ی زیاتر له ٤٠ له‌سه‌د نیشان ده‌دات. “ئه‌عزه‌م عه‌لی مه‌ده‌دی” جێگری كۆمه‌ڵایه‌تیی بێهزیستیی ئۆستانی مه‌ركه‌زی له‌مباره‌وه وتوویه‌تی كه: “ئه‌گه‌ر له گونده‌كان مه‌سه‌له‌ی كلتووری ده‌بێته هۆی ئه‌مجۆره هاوسه‌رگیریانه، له شاره‌كان مه‌سه‌له‌ی ئابووری هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌مجۆره هاوسهرگیریانهیه. له ڕاستیدا هاوسه‌رگیری بۆ ئه‌م كچانه، به‌جۆرێك ڕاكردن له فه‌لاكه‌ت به‌ئه‌ژمار دێت و زۆربه‌ی ئه‌م كچانه تا ته‌مه‌نی ١٠ تا ١٣ ساڵی منداڵانی كار و سه‌رشه‌قامن و پاشان به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانی كار كردن، ناچار ده‌بن هاوسه‌رگیری بكه‌ن، چونكه ته‌مه‌نیان هاوسه‌نگییه‌كی له‌گه‌ڵ كاری سه‌رشه‌قام نییه و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان درێژه به كار كردن بده‌ن، ئازاری كۆمه‌ڵایه‌تیی دیكه دێته سۆراخیان، هه‌ربۆیه له چه‌رخه‌ی دابین كردنی داهات بۆ بنه‌ماڵه ده‌چنه ده‌رێ”.
به‌ڵام ئه‌وه‌یكه له سه‌روتاری ڕۆژنامه‌ی “ئارمانی میللی”دا باسی لێنه‌كراوه، ڕۆڵی ڕژیمی ئیسلامییه له په‌ره‌پێدانی دیارده‌ی دڵته‌زێنی منداڵ هاوسه‌ری له ئێران. ئه‌م ڕژیمه هه‌م هۆكاری ئه‌و باروودۆخه ناله‌باره ئابوورییه‌یه كه بنه‌ماڵه‌كان ناچار ده‌كات منداڵه‌كانیان تووشی وه‌ها چاره‌نووسێك بكه‌ن و هه‌م ڕێگای شه‌رعی و یاساییش بۆ ئه‌م جه‌نایه‌ته خۆش ده‌كات. به پێی یاسا شه‌رعییه‌كانی ئیسلام سه‌رپه‌رستی منداڵ كه پیاوه، ده‌توانێ كچه‌كه‌ی له ته‌مه‌نی ٩ ساڵی دا له پیاوێك به هه‌ر ته‌مه‌نێكه‌وه كه بیهه‌وێ، ماره بكات. پاش خه‌باتێكی دوورودرێژ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه، سه‌ره‌نجام ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامی له‌ساڵی ١٣٧٩دا قه‌بووڵی كرد كه لانیكه‌م ته‌مه‌نی ١٣ ساڵی بۆ هاوسه‌رگیری له یاساكانیدا بگونجێنێ. به‌ڵام هه‌ر وه‌ك هه‌میشه، گه‌لێك كڵاوی شه‌رعییان بۆ دووری و به‌كرده‌وه ئه‌م مادده‌یه‌یان به‌ڕێوه‌نه‌برد. فێڵێكی شه‌رعیی باو ئه‌وه بوو كه سه‌رپه‌رستی منداڵ به پێی شه‌رعی ئیسلام، منداڵه ٩ ساڵه‌كه له پیاوێك به هه‌ر ته‌مه‌نێكه‌وه كه هه‌یبێ سیغه یان ماره ده‌كات و كاتێك منداڵه‌كه به ته‌مه‌نی ١٣ ساڵی گه‌یشت، هاوسه‌رگیرییه‌كه ڕه‌سمی و به‌ناو یاسایی ده‌كه‌نه‌وه. به‌مجۆره شه‌رع و یاسا یه‌كتر ته‌كمیل ده‌كه‌ن و ژیانی منداڵه‌كه زایه ده‌كه‌ن.
هاوسه‌رگیری بۆ ڕاكردن له فه‌لاكه‌ت و دهستكورتیی بنه‌ماڵه، بۆ كچێك ترسناكترین ڕووداوه. زۆرێك له‌م كچانه له باوه‌ڕ و خه‌یاڵیاندا، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن، به ڕێگای ده‌ربازبوون له كاری ئیجباریی سه‌ر شه‌قامه‌كان و ژیانی دژوار له ماڵی باوك ده‌بینن و لایان وایه كه ژیانێكی ئاسووده‌تر له ماڵی باوكیان به‌نه‌سیب ده‌بێت. ئه‌وان زۆرجار له‌وه ئاگادار نین كه ئه‌مجۆره “هاوسه‌رگیری”یانه ده‌ستپێكی كابووسێكی خۆفناكیتره.
منداڵ هاوسه‌ری دیارده‌یه‌كی له‌مێژینه‌یه له‌ناو كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا كه ڕژیمی ئیسلامی پۆششی یاسایی پێداوه. به‌هۆی باروودۆخی ناله‌باری ئابووریی زۆربه‌ی خه‌ڵك و گوشاری سه‌رچاوه‌گرتوو له گرانی، بێكاری و كه‌م بوونی ئاستی داهاته‌كان، كه قه‌یرانی كۆرۆناش توندتری كردووه‌ته‌وه، هێندێك له بنه‌ماڵه هه‌ژار و بێبهشهكان، كچ وه‌ك بارێكی زیادی به‌سه‌ر خه‌رجی بنه‌ماڵه‌وه ده‌بینن و بۆ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاستی خه‌رجییه‌كان، ناچار به هاوسه‌رگیریی ده‌كه‌ن.
هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت، به‌تایبه‌ت بۆ كچان، فه‌راغه‌تی سه‌رده‌می منداڵی و ده‌رفه‌تی كه‌م وێنه‌ی په‌روه‌رده و پشكوتنی توانایی و گه‌شه‌ی فكر و جه‌سته و شكڵ گرتنی كه‌سایه‌تییان لێ زه‌وت ده‌كات. بووكی كه‌م ته‌مه‌ن به‌هۆی گوشاری كاری ناوماڵ و سنوورداربوونی ده‌رفه‌تی منداڵییه‌تی، توانای بڕیاردان له‌ده‌ست ده‌دات. ئه‌م كچانه به‌هۆی دووگیان بوونی پێشوه‌خت و ئاشنا نه‌بوونیان له‌گه‌ڵ ته‌وه‌ره جنسیهتیهكان، به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگیان له‌سه‌ره، به‌جۆرێك كه ڕێژه‌ی قوربانی بوونییان پێنج به‌رابه‌ری كچانی ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵه.
هاوسه‌رگیریی منداڵان، یه‌كێك له دیمه‌نه مه‌ترسیداره‌كانی توندوتیژی دژبه منداڵان و نموونه‌ی منداڵ ئازاری و كۆیله كردنی ئه‌م نهونهمامانه به‌ئه‌ژمار دێت و پێویسته به تاوانی جه‌نایی، له‌قه‌ڵه‌م بدرێ. پێویسته ئه‌و په‌یوه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و فهلاكهتی ئابووری، به‌ستێنی په‌ره‌سه‌ندنی هاوسه‌رگیریی منداڵان ده‌خوڵقێنن، ئه‌و شه‌رع و سوننه‌ت و یاسایانه‌ی كه ڕێگه به‌مجۆره هاوسه‌رگیریانه ده‌ده‌ن و به‌رهه‌می دێننه‌وه، ڕیشه‌كێش بكرێن. ئه‌و شه‌رع و یاسا دانه‌رانه‌ی كه ئه‌م جه‌نایه‌ته، شه‌رعی و یاسایی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، پێویسته به دادگا بسپێردرێن و سزا بدرێن، و ئه‌و بابه‌ته‌ش بێگومان، به ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی دێته دی. به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا پێویسته كلتوور و سوننه‌تی دواكه‌وتوو و پرتووكاوی ئه‌و سهرپهرستانهی كه كچه منداڵه‌كانیان ناچار به هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، ببردێته ژێر پرسیاره‌وه. ئه‌وان كه زۆرجار به‌خاتری هه‌ژاری ده‌ست ده‌ده‌نه ئه‌م كاره، پێویسته نیسبه‌ت به دواهاتی یه‌كجار زیانباری ئه‌م كرده‌وه‌یه‌یان، ئاگادار بكرێنه‌وه.