له ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ی ڕابردوودا له جه‌ره‌یانی كۆنتڕۆڵ كردنی ئه‌و ئاگره وێرانكه‌ره‌ی كه له غه‌ربی ئێران، له گیانی دارستانه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌ربووه، چوار لاوی خۆبه‌خش له دوو ڕووداوی جیاوازدا گیانیان له‌ده‌ست دا. له ڕووداوی یه‌كه‌مدا، “ئه‌لبۆرز زێراعی“، شاخه‌وانه خۆبه‌خشه‌كه‌ی كه له جه‌ره‌یانی كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگری دارستانه‌كانی ده‌ورووبه‌ری گه‌چساران، به سه‌ختی بریندار ببوو، ڕۆژی هه‌ینی ٣٠ی مانگی جۆزه‌ردان، گیانی له‌ده‌ست دا. له ڕووداوی دووهه‌مدا، كاره‌ساتی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ری گیان له‌ده‌ست دانی “شه‌ریف باجوه‌ر“، ئۆمید كۆهنهپوشی“، ڕه‌حمه‌ت حه‌كیمی نیا” و “محه‌ممه‌د په‌ژوهی” له مه‌ریوان، ئه‌مجاره‌یان له به‌رزاییه‌كانی شارستانی پاوه له ئۆستانی كرماشان دووباره بۆوه. ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٨ی مانگی پووشپه‌ڕ، مۆختار خه‌ندانی، بێلال ئه‌مینی و یاسین كه‌ریمی، سێ لاوی فیداكار و چالاكی ژینگه پارێز، له كاتی كۆژاندنه‌وه‌ی ئاگر له ناوچه‌ی پارێزراوی “بۆزین” و “مه‌ره‌خێڵ“، كه له ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٥ی پووشپه‌ڕه‌وه دستیپێكردبوو، گیانیان له‌ده‌ست دا. سه‌باره‌ت به گیان له‌ده‌ست دانی ئه‌م سێ چالاكه ژینگه‌پارێزه، ڕاپۆرته سه‌ره‌تاییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هۆكاری مه‌رگی ئه‌وان، نه‌ك ئاگر، به‌ڵكوو ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و مینه تازانه‌ن كه سپای پاسداران بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی سنووره‌كان چاندوویه‌تی. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه له ده‌ورووبه‌ری شوێنی ڕووداوه‌كه بوون، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی مینه‌كانیان بیستووه. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌یكه ناوچه‌ی “بۆزین و مه‌ره‌خێڵ” خاڵی سفری سنووریه و له به‌شی بایهنگاندا هه‌ڵكه‌وتووه، ئه‌م ئه‌گه‌ره زۆر له ڕاستی نزیكه. سپای پاسداران كه خرۆشی تووڕه‌یی خه‌ڵكی له ڕێوڕه‌سمی به‌خاك سپاردنی گیانبهختكردوواندا پێشبینی ده‌كرد، گوشاری خسبووه سه‌ر بنه‌ماڵه‌كان كه ڕێوڕه‌سمی به‌خاك سپاردنی ڕۆڵه‌كانیان به‌شه‌و به‌ڕێوه‌به‌رن. ئه‌وان به به‌ربه‌ست نانه‌وه كارێكیان كرد كه ته‌رمه‌كان له شه‌ودا بگه‌نه ناو شاری پاوه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، له ماوه‌یه‌كی كورتدا، هه‌زاران كه‌س به وتنه‌وه‌ی سروود و درووشمی شۆڕشگێڕانه به‌ره‌وپیری ته‌رمی گیانبه‌ختكردووان ڕۆیشتن. ته‌رمه‌كان وێڕای ڕێپێوانی خه‌ڵكی پاوه به مه‌به‌ستی ناشتن له زێدی خۆیان ، گوازرانه‌وه بۆ نه‌وسوود، شمشیر و سه‌ریاس.
شایه‌تحاڵان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاوكات له‌گه‌ڵ جێگیربوونی هێزه زه‌مینیه‌كانی سپای پاسداران له سه‌ر سنووره‌كان، پههبادهكانیش به‌رده‌وام له‌سه‌ر ناوچه‌كه سووڕاونه‌ته‌وه و له سه‌رهه‌ڵدان و به‌رینایی ئاگره‌كه ئاگادار بوون. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، هیچ هه‌وڵێك له لایه‌ن ڕژیمه‌وه، ته‌نانه‌ت له ئاستی كه‌ڵك وه‌رگرتن له هێلیكۆپتێری ئاگركووژێنه‌وه، كه سپا هه‌ر له‌م ئۆستانه ژماره‌یه‌كی زۆری له ئیختیار دایه، ئه‌نجام نه‌دراوه. شایه‌تحاڵان هه‌روه‌ها، كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه، به‌و هێزانه‌ی سپا نیسبه‌ت ده‌ده‌ن كه له‌و ناوچه‌یه‌دا جێگیرن. به‌وته‌ی شایه‌تحاڵێك “هاتووچۆ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه پارێزراوه و پێویسته به‌ئیزنی سپا ئه‌نجام بدرێ و بێجگه‌له هێزه‌كانی سپا و هه‌نگی مه‌رزی، هیچ كه‌س بۆی نییه بڕواته ئه‌م ناوچه‌یه”. له‌ڕاستیدا خۆبه‌خشانی فیداكار، به ده‌ستی به‌تاڵه‌وه، به‌گژ ئه‌و ئاگره به‌رینه داچوبوون و بوێرانه ڕوویشتبوونه ناو دڵی مه‌ترسیه‌وه.
له ماوه‌ی یه‌ك مانگی ڕابردوودا، ده‌یان نموونه ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی به‌رین له دارستانه‌كانی زنجیره چیای زاگرۆس له ئۆستانه‌كانی غه‌رب و جنووبی غه‌ربی ئێران ڕوویان داوه و به‌هه‌زاران هێكتار له دارستانه سه‌رسه‌وزه‌كان بوونه‌ته خه‌ڵووز. له‌ناوچوونی ئه‌م سرووشته جوانه و په‌ناگای سه‌دان جۆر بوونه‌وه‌ری ده‌گمه‌ن، له به‌رچاوی ده‌زگا پان و به‌رینه نیزامی و ئیداریه‌كانی ڕژیم ڕوویداوه، به بێ ئه‌وه‌یكه هه‌وڵێكی كاریگه‌ر بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگره‌كه بده‌ن. ئه‌وه ته‌نیا خه‌ڵكی ناوچه‌كه بوون كه به ده‌ستی به‌تاڵه‌وه به‌ره‌وپیری مه‌ترسیی ڕۆیشتوون و ئه‌وه‌نده‌ی توانیویانه دارستانه‌كانیان له چنگ بڵێسه‌كانی ئاگر ڕزگار كردووه. كووژاندهنهوهی ئاگرێك به‌و به‌ریناییه ته‌نیا به كه‌ره‌سته‌ی پێشكه‌وتووی ئه‌مڕۆیی وه‌ك فڕۆكه‌ی ئاوپژێن جێبه‌جێ ده‌بێت. سپای پاسداران و ئه‌رته‌شی كۆماری ئیسلامی كه هه‌موو ڕۆژێ له گۆشهوكهناری ئێران ده‌ست ده‌ده‌نه مانۆری پڕ هه‌زینه و پڕ له هه‌راوهوریا و له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا، خۆیان داگیرسێنه‌ری ئاگرن، كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ كۆژاندنه‌وه‌ی ئاگر ناخه‌نه ئیختیار و هه‌وڵێكی جیدی ناده‌ن. ئه‌وان به بیستنی چكۆله‌ترین هه‌واڵی خۆپیشاندان و حه‌ره‌كه‌تی ناڕه‌زایه‌تی، به خێراترین شێوه، خۆیان بۆ سه‌ركوتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ناڕازی ده‌گه‌یه‌ننه شوێنه‌كه، به‌ڵام له ماوه‌ی یه‌ك مانگی ڕابردوودا، كه ئاگر دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی غه‌ربی ئێران ده‌كرده خه‌ڵووز، كاردانهوهكیان له‌خۆیان نیشان نه‌دا.
به پێی لێكدانه‌وه‌كانی چالاكانی بواری ژینگه، له‌ماوه‌ی ١٠ مانگی ڕابردوودا، ٤ ملیۆن هێكتار له كۆی نزیك به ١٠ ملیۆن هێكتار له دارستانه‌كانی زاگرۆس به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه و هۆكاری دیكه‌وه له‌ناوچوون. له ئاست ئێرانیشدا، یه‌ك سێهه‌می گشت دارستانه‌كانی ئێران له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی‌دا، له‌ناوچوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له دارستانه‌كاندا به‌جیدی وهرناگێرێت، بڕینی دار بۆ ساخت و ساز، درووست كردنی باڵاخانه‌كان، شارهكسازی و جادده سازی و درووست كردنی ناوه‌نده سه‌نعه‌تیه‌كان، به‌رده‌وام په‌ره‌ی سه‌ندووه. پاراستنی دارستانه‌كان و ئه‌ساسه‌ن بایه‌خ دان به هه‌موو بواره‌كانی ژینگه و پاراستنی سڵامه‌تی مرۆڤ و باقیی بوونه‌وه‌ره‌كان، یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی مانه‌وه‌ی ژیانه، كه كۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ریدا، خۆی به به‌رپرسیار نازانێت.