له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كات، له لایه‌كه‌وه بێ توانایی و بێ كه‌فایه‌تی كۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر قه‌یرانی كۆرۆنادا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌م ڕژیمه هه‌تا دێت، له‌گه‌ڵ نه‌یاره سیاسیه‌كانی خۆی سه‌رسه‌خت تر و غهرهزاویتر هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كا.
خه‌ڵكی ئێران له ماوه‌ی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، به‌رده‌وام بێ كهفایهتیی ڕژیمیان له كاتی ڕوودانی ڕووداوه سرووشتیه‌كانی وه‌ك سێڵاو و بوومه‌له‌رزه بینیوه. له‌و كاتانه‌دا نه‌ته‌نیا دام و ده‌زگا پان و به‌رینه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت ئه‌رته‌ش و سپای پاسداران و هێزه‌كانی به‌سیجیش، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مووه ئیمكاناته مادیه‌ی كه له ئیختیاریان دایه و توانای وهكار خستنی سه‌دان هه‌زار هێزی كاریان هه‌یه، هیچ كات به‌قه‌د یارمه‌تیه‌كانی خه‌ڵك و چالاكانی مه‌ده‌نی نه‌یانتوانیوه ژان و ئازاره‌كان له‌سه‌ر شانی خه‌ڵك سووك كه‌ن. قه‌یرانی كۆرۆنا یه‌كێك له‌و نموونانه‌یه. ئه‌مڕۆ له حاڵێكدا كه له هه‌موو جیهان، باشترین شێوه‌ی ناسراوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ویرووسی كۆرۆنا، قه‌ره‌نتینه كردنی شاره‌كان و ناوچه قهیراناویهكانه، كۆماری ئیسلامی توانای به‌كرده‌وه ده‌رهێنان و ڕێكخستنی ئه‌وه‌شی نییه. له ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ی ڕابردوودا، چه‌ندین ستاد و ناوه‌ندی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كرۆنا له ده‌زگا ده‌وڵه‌تی و نیزامیه‌كاندا پێكهاتووه. ئه‌وان پێش ئه‌وه‌ی كارێك له‌و بواره‌دا ئه‌نجام دهن، ڕێگری له یه‌كتر ده‌كه‌ن و هه‌وڵه‌كانی یه‌كتر پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه. هێستاش سه‌ره‌ڕای هه‌موو هۆشداره‌كان نه‌یانتوانیوه ده‌رگای ئیمامزاده و ناوه‌نده ئایینیه‌كان به‌ره‌وڕووی كه‌سانێك كه له ڕووی داماویهوه و بۆ شه‌فا ڕوویان كردووه‌ته ئه‌و شوێنانه، ببه‌ستن. ئه‌وان ده‌ست ناده‌نه قه‌ره‌نتینه كردن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه حازر نین له پێناو ژیانی كرێكاران و به‌شی هه‌ژاری كۆمه‌ڵ، له ڕۆژانێك كه كاره‌كه‌یان ته‌عتیله، ئه‌ركێك بگرنه ئه‌ستۆ. خسووسی سازیی بێهداشت و ده‌رمان و سپاردنی سڵامه‌تی خه‌ڵك به ده‌ست سه‌رمایه‌دارانی قازانج په‌ره‌ست، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ر قه‌یرانی كرۆنادا داماو و بێ ده‌سه‌ڵات بێت و به بێ داهێنان چاوه‌ڕوانی ڕووداوه‌كان كات و له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری ناڕاست، بێ كهفایهتیی خۆی بشارێته‌وه.
به‌ڵام ڕژیمی ئیسلامی له بوار ڕق هه‌ڵگرتن له هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و مه‌ده‌نی هیچ كات كه‌می نه‌هێناوه. ڕاپۆرته بڵاوكراوه‌كان له لایه‌ن چالاكانی مافی مرۆڤ، ئاشكرایان كردووه كه ته‌نیا له ماوه‌ی سێ حه‌فته‌ی ڕابردوودا به ده‌یان نموونه حوكمی دژه ئینسانی له‌دژی هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و مه‌ده‌نی ده‌ركراوه. ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم نه ته‌نیا بایه‌خ به ناڕه‌زایه‌تی ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤی جیهان و هۆشداری بنه‌ماڵه‌ی زیندانیانی سیاسی سه‌باره‌ت به مه‌ترسیی تووش بوونیان به كۆرۆنا، نادات، به‌ڵكوو هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا به ده‌یان حوكمی نوێی ده‌ركردووه و گوشاری زۆری خستووه سه‌ر به‌ندكراوه سیاسیه‌كان. ئه‌و نموونانه‌ی وا باسیان لێده‌كرێ، ده‌رخه‌ری به‌شێكن له ئیجرای سیاسه‌تی غه‌ره‌زاوی و قیزه‌ونی ڕژیم له جه‌رگه‌ی قه‌یرانی كۆرۆنادا دژبه هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی:
٦ كه‌س له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له ورمێ به تۆمه‌تی بێ بنه‌ما، هه‌ر كامیان به ٨ مانگ زیندان و ٢٠ زه‌ربه شهللاق مه‌حكووم كراون. عه‌لی بێ كه‌س، له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ڕۆژی ٢٦ی ڕه‌شه‌ممه، به تۆمه‌تی “ده‌نگ هه‌ڵێنان و هه‌را وهوریا كردن” و “مه‌ترسی نانه‌وه بۆ ئه‌منیه‌تی میللی” به ١٠ ساڵ حه‌بسی ته‌عزیری مه‌حكووم كرا. سه‌جاد سالاروه‌ند، یهكێكیتر له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هه‌ر به‌و تۆمه‌ته به یه‌كساڵ حه‌بسی ته‌عزیری و سێ مانگ “مردووشۆری” مه‌حكووم كرا. فاتیمه كۆههنزاده، چالاكی مه‌ده‌نی به یه‌ك ساڵ زیندان و ٥٠ زه‌ربه شهللاق و دوو ساڵ “نهزافهت” كردن له نه‌خۆشخانه‌كان مه‌حكووم كراوه. ئه‌كره‌م نه‌سیریان، ناهید شه‌قاقی، ئه‌سرین دركاله ومرێم محه‌ممه‌دی، چوار چالاكی “ده‌نگی ژنانی ئێران“، هه‌ر كامیان به سێ ساڵ و هه‌شت مانگ زیندان مه‌حكووم كران. ٧ چالاكی مه‌ده‌نیی دیكه به ناوه‌كانی مۆژگان له‌علی، سه‌عید سێیفی جه‌هان، شه‌قایه‌ق مه‌حه‌كی، سه‌عید ئێقبالی، داریوش زه‌ند، شیما بابایی و بێهنام موسیۆند له تاران سه‌رجه‌م به ٤٢ ساڵ زیندان مه‌حكووم كران. دیسان له تاران و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، دوو به‌ندكراوی سیاسیی دیكه به ناوه‌كانی زۆهره سه‌رو و سینا مۆنیرزاده، به تۆمه‌تی “سووكایه‌تی به ڕێبه‌ر” هه‌ركامیان به سێ ساڵ حه‌بسی ته‌عزیری و چوار مانگ “خزمه‌تی ئیجباری به بسیج” مه‌حكووم كران. یه‌ك ڕۆژ پاش ڕاگه‌یاندنی ڕه‌سمیی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، سێ كه‌س له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر به ناوه‌كانی ئه‌میرحسێن مۆرادی، محه‌ممه‌د ڕه‌جه‌بی و سه‌عید ته‌مجیدی، به ئێعدام مه‌حكووم كران. له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، سه‌ره‌ڕای مۆسبهت ڕاگه‌یاندنی تێستی كرۆنای لانیكه‌م یه‌ك كه‌س له زیندانی قه‌رچه‌كی وه‌رامین، زۆرێك به‌ندكراوانی سیاسیی ژن له‌و زیندانه‌دا به‌هۆی كارشكێنی و ڕێگری به‌رپرسانی ده‌زگای قه‌زایی نه‌یانتوانیوه له مافی مه‌ره‌خه‌سی وه‌رگرتن كه‌ڵك وه‌رگرن. گوڵرۆخ ئیبراهیمی ئیرایی، مه‌رجان داوه‌ری، مرێم عه‌لی شاهی، ڕه‌ها ئه‌حمه‌دی، له‌یلا میرغه‌فاری، مرێم ئیبراهیم وه‌ند، مۆژگان ئیسكه‌نده‌ری، سه‌میرا هادیان، گیتا حۆر، مرێم گاوشاهیان و زۆهره سه‌رو له زومره‌ی ئه‌و به‌ندكراوانه‌ن كه به تۆمه‌تی سیاسی و ئه‌منیه‌تی له زیندانی قرچهكی وه‌رامیندا ڕاگیر كراون و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه شه‌رایه‌تی پێویستیان بۆ مه‌ره‌خه‌سی هه‌یه، به فه‌رمانی ده‌زگای قه‌زایی نامرۆڤانه‌ی ڕژیم هه‌روا له زینداندا ماونه‌ته‌وه. جه‌عفه‌ر عه‌زیمزاده، هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری، كه له یه‌ك ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌تا ئێستا له زیندانی ئێویندا به‌سه‌ر ده‌با، له وتووێژێكی ته‌له‌فۆنی له ناوه‌وه‌ی زیندانه‌وه، سه‌باره‌ت به پانتایی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له زیندانه‌كاندا و كه‌وتنه ژێر مه‌ترسیی گیانی به‌ندكراوان له زیندانی ئێوین، خوازیاری وه‌رگرتنی مه‌ره‌خه‌سی بوو به‌ڵام له‌گه‌ڵ خواسته‌كه‌ی دژایه‌تی كرا. محه‌ممه‌د حه‌بیبی، موعه‌لیم و چالاكی سینفی موعه‌لیمان كه له ئێستادا له زیندانی فه‌شافویه دایه، له زومره‌ی ئه‌و به‌ندكراوه سیاسیانه‌یه كه سه‌ره‌ڕای پشتڕاست بوونه‌وه‌ی هه‌واڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌و زیندانه‌دا، هه‌روا به‌ربه مه‌ره‌خه‌س بوونی ده‌گیرێت. زۆرێك له به‌ندكراوانی سیاسی له‌وانه نه‌سرین ستووده، ئانتا دائێمی، كه‌سرا نوری، نه‌رگس محه‌ممه‌دی و ده‌یان به‌ندكراوی دیكه له مافی مه‌ره‌خه‌سی وه‌رگرتن بێ به‌رین. له ڕاستیدا، هه‌مووی ئه‌و بێ كه‌فایه‌تی و كینهوهرزیانه، پێناسه‌ی واقعیی ڕژیمی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتداره له ئێران. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بووه‌ته ده‌رفه‌تێك بۆ به‌رده‌وام بوونی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیم، بێ گومان له داهاتوودا، كاتێك كه ئه‌م قه‌یرانه تێپه‌ڕبوو، شه‌پۆلی خرۆشانی تووڕه‌یی و نه‌فره‌تی خه‌ڵك، بارگه و بنه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه‌نگینه بۆ هه‌تا هه‌تایه تێكه‌وه ده‌پێچێت.