سه‌رله به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٤ی ڕه‌زبه‌ر، كۆمه‌ڵێك له كرێكارانی پێترۆشیمی ڕازی بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام، له ناڕه‌زایه‌تیی به به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هێنانی گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندی كاره سه‌خت و زیانباره‌كان و هه‌روه‌ها په‌رداخت نه‌كرانی حه‌قده‌ست و مه‌زایاكانیان، ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، ئه‌م كرێكارانه كه له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه له سایتی پێنجی مه‌نته‌قه ویژه‌ی پێترۆشیمی ماه‌شه‌هر ده‌ستیانداوه‌ته كۆبوونه‌وه ده‌ڵێن: له ساڵی ٨٦وه كه ئه‌م شیركه‌ته سپێردراوه‌ته كه‌رتی تایبه‌ت، كێشه‌وگرفته‌كانیان چه‌ند به‌رابه‌ر بووه، به جۆرێك كه سه‌ره‌ڕای دواخرانی چه‌ندین مانگه‌ی حه‌قده‌سته‌كانیان هه‌تا ئێستا گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندی كاره سه‌خت و زیانباره‌كان له‌م شیركه‌ته به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هاتووه.