ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٧ی ڕێبه‌ندان، به‌بۆنه‌ی ڕێزگرتن له چله‌مین ڕۆژی گیانبه‌ختكردنی موسافیرانی فڕۆكه‌ی تاران ــــ كییه‌ف، ژماره‌یه‌ك له خوێندكارانی زانكۆكانی ئێران له‌وانه، ئه‌میر كه‌بیر، زانكۆی تاران، عه‌لامه ته‌باته‌بایی و پۆلی تێكنیك، ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، له ئه‌نجامی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه، خوێندكارانی زانكۆی ئه‌میر كه‌بیر به‌وتنه‌وه‌ی چه‌ندین درووشمی وه‌ك، “نه سندووق نه ده‌نگ دان، بایكوتی هه‌ڵبژاردنه‌كان”، “خه‌ڵك له‌برسا ده‌مرێ، ئه‌وانه له‌بیری ده‌نگدانن”، “حكوومه‌تی نیزامی مان ناوێت”، “خوێندكار ده‌مرێ، به‌ڵام زۆروێژی قه‌بووڵ ناكات”، “خه‌زه‌ڵوه‌ر و سه‌رماوه‌ز و به‌فرانبار، بیرهێنه‌ره‌وه‌ی خوێن و بێداد”، “ئاسایشی پووشاڵی، كۆماری بێ بنه‌ما”، “قوربانی ئه‌منییه‌ت، كۆتایی جه‌مهوورییه‌ت”، “به من مه‌ڵێ فیتنه، فیتنه خۆتی چه‌وسێنه‌ر” و “زیندانی سیاسی ده‌بێ ئازاد بكرێ” ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. شایانی باسه، له ئه‌نجامی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه، هێزه ئه‌منییه‌كان هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر ناڕازییان و بێرێزیان پێ كردوون. هه‌روه‌ها خوێندكارانی زانكۆی پۆلی تێكنیك به وتنه‌وه‌ی درووشمی “نه سندووق نه ده‌نگ دان، بایكوتی هه‌ڵبژاردنه‌كان”، وێڕای ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی به ڕووداوه‌كانی مانگی خه‌زڵوه‌ر و به‌فرانباری ئه‌مساڵ و كه‌وتنه خوارێ فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه، خوازیاری ته‌حریمی هه‌ڵبژاردنه‌كان له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بوون. له ئه‌نجامی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش هێزه لیباس شه‌خسییه‌كان و حه‌راسه‌تی زانكۆ هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر خوێندكارانی ناڕازیی. خوێندكارانی زانكۆی عه‌لامه ته‌باته‌بایش له‌ئاست به پادگانی كردنی فه‌زای ئه‌م زانكۆیه و دانانی كامێرای شاراوه ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. هه‌روه‌ها خوێندكارانی زانكۆی تارانیش، له ناڕه‌زایه‌تیی به لابردنی سه‌نه‌واتی كارناسی باڵا و دوكتۆڕا، له به‌رامبه‌ر باشگای دانشجوویان ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه.