ڕۆژی شه‌ممه ٢٩ی مانگی ڕێبه‌ندان، كۆمه‌ڵێك له ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم به مه‌به‌ستی نوێ كردنه‌وه‌ی په‌یمان له‌گه‌ڵ ئامانجی گیانبه‌ختكردووانی ئه‌و ڕێگایه له سه‌ر گڵكۆی “خۆسره‌و گوڵسورخی” و “كرامهت دانشیان” كۆبوونه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، به‌شداربووانی ئه‌و مه‌راسمه به دانانی گوڵ له‌سه‌ر گڵكۆی ئه‌و دوو گیانبه‌ختكردووه‌ی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ری، یاد و بیره‌وه‌ریه‌كانیان به‌رز ڕاگرت و په‌یمانیان له‌گه‌ڵ ئامانج و ئاواته‌كانیان نوێ كرده‌وه. به‌شداربووان ئاماژه‌یان به هه‌ستیاری دۆخی ئێستای ئێران و شۆڕشی “ژن،ژیان، ئازادی” كرد و ڕایانگه‌یاند كه كۆمه‌ڵگای ئێستای ئێران وشیارتر له پێشووه و چیتر ڕێگه نادات هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری به‌سه‌ریدا زاڵ بێت.