ڕۆژی سێشه‌ممه ١٩ی مانگی گوڵان، موعه‌لیمانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌پێی بانگهێشتێك كه پێشتر له‌لایه‌ن شۆرای هاوئاهه‌نگی ڕێكخراوه سنفیه‌كانی فه‌رهه‌نگیانی ئێرانه‌وه بڵاو كرابۆوه كۆبوونه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، موعه‌لیمانی ناڕازی له شاره‌كانی كرماشان، ئیلام، جوانڕۆ، سه‌قز، شاباد، هه‌رسین، ئابدانان، جۆڵفا، هه‌مه‌دان و سنه هاوكات له‌گه‌ڵ موعه‌لیمانی شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران دژبه دۆخی خراپی مه‌عیشه‌ت و ژاراویكردنی قوتابیان به دروشمی “موعه‌لیمی زیندانی ئه‌بێ ئازاد بكرێت” له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی ئامووزش و په‌روه‌رشی شاره‌كانیان كۆبوونه‌وه. به‌پێی زانیارییه‌كان، موعه‌لیمانی ناڕازی له شاری سنه دروشمه‌كانی “موعه‌لیمی زیندانی ئه‌بێ ئازاد بكرێت” و “ژن،ژیان،ئازادی”یان به‌رز كردۆته‌وه به‌ڵام هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم هێرشیان كردۆته سه‌ریان و سێ كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.