ڕۆژی ههینی ١٣ی مانگی ڕێبهندان، “بنیامین ناتانیاهۆ”، لە یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا، دوای وەرگرتنەوەی دەسەڵات و تاوتوێی كردنی بارودۆخی ئێران، لە شاری پاریس، لهگهڵ “ئیمانوێل ماکرۆن”، سەرۆککۆماری فەرەنسا كۆبوونهتهوه.
بە وتهی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە پاریس، “ناتانیاهۆ” باس لە “هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمی ئێران و رێگاکانی بەهێزکردن و فراوانکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی” دەکات. ههروهها پێدەچێت حکوومەتی ئیسرائیل لەم سەفەرەدا بە جەختکردنەوە لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، هانی ڕۆژئاواییەکان بدات بۆ زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر حکومەتی ئێران.