ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٥ی مانگی به‌فرانبار، بنه‌ماڵه‌ی ١٤ به‌ندكراوی مانگرتووی زیندانی كه‌چوویی كه‌ره‌ج له ناڕه‌زایه‌تی به ناڕوونی چاره‌نووسی ڕۆڵه‌كانیان له‌به‌رده‌م ئه‌و به‌ندیخانه‌یه كۆبوونه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، دوو به‌ندكراوی زیندانی كه‌چوویی كه‌ره‌ج به‌ناوه‌كانی “ئارمیتا عه‌باسی” و “ئیلهام موده‌ڕسی” سه‌ره‌تا دژبه هه‌ڵسووكه‌وتی دڕندانه‌ی به‌رپرسانی زیندان و ناڕوونی چاره‌نووسیان مانیان له‌خواردن گرت و پاش دوو ڕۆژ ١٢ به‌ندكراوی دیكه‌ش به‌ناوه‌كانی “نیلووفه‌ر شاكری”، “فاتمه نه‌زه‌ری نیژاد”، “شه‌هرزاد دره‌خشان”، “فاتمه حه‌ربی”، “فاتمه موسلێح حه‌یده‌رزاده”، “مه‌رزیه میرقاسمی”، “فاتمه جه‌ماڵ پور”، “حه‌میده زارعی”، “نیلووفه‌ر كوردوونی”، “سومه‌یه مه‌عسوومی”، “ئێنسیه مووسه‌وی”، “ژاسمین حاجی میرزامحه‌ممه‌دی” و “مائیده سوهرابی” به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌و دوو زیندانیه مانیان له خواردن گرت و ئێستا هه‌موویان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كیانیان و ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به ده‌رمان بێبه‌ش كراون و بنه‌ماڵه‌كانیان نێگه‌رانی باری ته‌ندرووستیانن و ڕۆژی ڕابردوو له‌به‌رده‌م زیندان كۆبوونه‌وی ناڕه‌زایه‌تیان به‌ڕیوه‌برد.