ڕۆژی هه‌ینی ٢٥ی مانگی خه‌رمانان، كۆمه‌ڵێك له ئێرانیانی دانیشتووی هوله‌ند به‌پێی بانگهێشتی “كۆمیته‌ی خه‌بات بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی”، به‌مه‌به‌ستی مه‌حكووم كردنی چوونی “ئیبراهیم ڕه‌ئیسی” بۆ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، به‌شداربووان به كۆبوونه‌وه له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هوله‌ند، خوازیاری ڕێگریكردن له هاتنی “ئیبراهیم ڕه‌ئیسی” بۆ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بوون. به‌شداربووان به به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پلاكارد و وتنه‌وه‌ی دروشم، وێڕای ئاماژه‌كردن به ده‌ور و نه‌خشی ناوبراو له كۆمه‌ڵكۆژی زیندانیانی سیاسی له ده‌یه‌ی ٦٠دا، خوازیاری هه‌ڵوێستی ناوه‌نده نێوده‌ڵه‌تییه‌كان بۆ ڕێگریكردن له به‌شداری “ئیبراهیم ڕه‌ئیسی” له كۆبوونه‌وه‌ی گشتی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه بوون.