ڕۆژی دووشه‌ممه ١٦ی گه‌لاوێژ، به‌رپرسانی قه‌زایی وڵاتی توونس ڕایانگه‌یاند: به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی به‌له‌می كۆچبه‌ران له كه‌نارئاوه‌كانی ئه‌و وڵاته چوار كه‌س گیانیان له ده‌ستدا و ٥١ كه‌سی دیكه‌ش بێسه‌روشوێن بوون.
به‌پێی ڕاپۆرتی وته‌بێژی ده‌زگای قه‌زایی توونس، گاردی ساحلی ئه‌و وڵاته له سه‌ره‌تای مانگی ژانویه تاكوو ٢٠ ژووئیه‌ی ٢٠٢٣ دا ته‌رمی ٩٠١ په‌نابه‌ریان له كه‌نارئاوه‌كانی ئه‌و وڵاته دۆزیوه‌ته‌وه. به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌ش و هه‌وا، وشكه‌ساڵی، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاماری هه‌ژاری و شه‌ڕی نێوخۆیی له وڵاتانی ئه‌فریقایی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ڕێژه‌ی كۆچ كردن بۆ وڵاتانی ئورووپایی به شێوه‌یه‌كی به‌رچاوه به‌رز بووه‌ته‌وه و له یه‌ك ساڵی ڕابردوودا سه‌دان كه‌س به‌هۆی نووقم بوون له كه‌نارئاوه‌كانی ئیتالیا، لیبی، توونس و یۆنان گیانیان له ده‌ست داوه.