ڕۆژانی سێشه‌ممه و چوارشه‌ممه ٢٣ و ٢٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠٢، چوار كۆڵبه‌ر به ناوه‌كانی “جه‌لال حه‌یدره‌یان”، “غه‌فار شه‌ریفی”، ڕه‌غزاد شامحه‌ممه‌دی” و “میلاد ئه‌میری” به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له سنووره‌كانی بانه و مه‌ریوان كوژراو و برینداربوون.
به‌پێی ڕاپۆرتی كۆڵبه‌رنیووز، شه‌وی چوارشه‌ممه، كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی گوندی “قاچیان”ی سه‌ر به ناوچه‌ی كه‌ره‌فتووی دیوانده‌ره به ناوی “”جه‌لال حه‌یده‌ریان”، به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی سه‌ركوتگه‌رانی ڕژیم له سنووری هه‌نگه‌ژاڵی بانه گیانی به‌ختكرد. هه‌روه‌ها دوو كۆڵبه‌ری دیكه‌ش به ناوه‌كانی “ڕه‌غزاد شامحه‌ممه‌دی” خه‌ڵكی گوندی “دورقه‌ڵا” و “میلاد ئه‌میری” خه‌ڵكی گوندی “دره‌ویانی سه‌رو”ی سه‌ر به شاری سه‌قز، به ده‌ستڕێژی گوڵه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له‌هه‌مان سنوور به‌سه‌ختی برینداربوون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه شه‌وی سێشه‌ممه ٢٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی مه‌ریوان به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له سنووری “ساوجی” به‌سه‌ختی بریندار و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فه‌جری ئه‌و شاره كرا. له هه‌واڵێكی دیكه‌دا كۆڵبه‌رێكی برینداری خه‌ڵكی ناوچه‌ی بایه‌نگانی سه‌ر به شاری پاوه به ناوی “ته‌یێب خۆسره‌وی” كه ڕۆژی دووشه‌ممه به هۆی لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم به‌سه‌ختی بریندار كرابوو، بۆ جاری دووهه‌م نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه و باری ته‌ندرووستی ناجێگیره.