کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ و خه‌بات له‌دژی پیلانگێڕییه‌كانی ڕژیم

photo 2020 06 22 14 11 29

به‌دوای به‌كرده‌وه‌ ده‌رنه‌هاتنی به‌ڵێنیی كارگێڕان و ده‌زگاكانی ڕژیم له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ له‌سه‌ر كار لابردنی ئۆمێد ئه‌سه‌دبه‌یگی خاوه‌نكاری نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌، كرێكارانی ئه‌م ناوه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رهه‌مهێنان، له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ خواسته‌كانیان، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد. كرێكاران له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی یه‌كێك له‌ خواسته‌كانیان، واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خسووسی سازی و له‌سه‌ر كار لابردنی خاوه‌نكاری گه‌نده‌ڵی شیركه‌ت، كه‌ له‌ مانگی ڕه‌زبه‌ردا له‌سه‌ری ڕێكه‌وتبوون، ته‌ئكیدیان كردووه‌. له‌ وڵام به‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٢٣ی مانگی به‌فرانبار، دادسه‌رای ڕژیم له‌ شووش، له‌ ڕێگه‌ی ناردنی كۆرته‌نامه‌یه‌ك‌، به‌ بێ هیچ هۆكارێك، ٢٠ هه‌ڵسووڕاوی كرێكاریی بانگهێشتی دادگا كردووه‌. بێگومان ئه‌وه‌ش خۆی به‌شێكه‌ له‌ شێوازی داسه‌پاندنی گوشار و سه‌ركوتی حكوومه‌تی ئیسلامی دژبه‌ كرێكارانی شیركه‌تی هه‌فت ته‌په‌، به‌ ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا، ناوه‌نده‌ ئه‌منی و قه‌زایی و مه‌زهه‌بییه‌كانی ڕژیم، هه‌وڵیان داوه‌ تا به‌ دزه‌ كردن له‌ناو ڕیزی كرێكاران و پێكهێنانی ناكۆكی و دووبه‌ره‌كایه‌تی له‌ناو كرێكاران، یه‌كگرتوویی خه‌باتكارانه‌یان تێكبشكێنن و كرێكاران له‌ به‌دواداچوونی خواستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خسووسی سازی و له‌ ده‌سه‌ڵات خستنی خاوه‌نكار، پاشگه‌ز بكه‌نه‌وه‌. ده‌خاڵه‌تی نوێنه‌ری خامنه‌یی و ئیمام جومعه‌كان و مۆره‌كانی به‌سیجی سپا له‌ژێر ناوی ” خوێندكارانی عه‌داڵه‌تخواز“، به‌م ئامانجه‌ ئه‌نجام دراوه‌. ڕژیم هه‌وڵ ده‌دا تا به‌ داسه‌پاندنی شۆرای ئیسلامی و ڕێكخراوه‌ ده‌ست‌سازه‌كان، له‌جیات كۆبوونه‌وه‌ی گشتی و شۆرای سه‌ربه‌خۆی كرێكاری، به‌شێك له‌ پیلانگێڕییه‌كانی خۆی و سه‌رمایه‌داران دژبه‌ ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی كرێكاران، به‌كرده‌وه‌ ده‌ربێنێ. خامنه‌یی به‌ پشتیوانی و ڕێزلێنان له‌ كرده‌وه‌ی ئه‌م به‌ناو خوێندكارانه‌، چ له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌فت ته‌په‌ و چ سه‌باره‌ت به‌ كارخانه‌ی ماشێن سازیی ته‌ورێز، بۆ جارێكی دیكه‌ دژایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ كرێكاران و خواسته‌كانیان نیشان دا.

پاش مانگرتنی ٩٥ ڕۆژه‌ و یه‌كگرتووانه‌ی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ له‌ هاوینی ڕابردوودا، كارگێڕانی درۆزن و فریوكاری ڕژیمی ئیسلامی، ناچار بوون خواستی كرێكاران، واته‌ بێ‌ده‌سه‌ڵات كردنی خاوه‌نكاری دز و كڵاوبه‌رداری شیركه‌تی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په، قه‌بووڵ بكه‌ن. ڕۆژی ٩ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، له‌ دانشتنێك‌دا له‌ نێوان كۆمه‌ڵێك له‌ نوێنه‌رانی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمیسیۆنی ئه‌سڵی نه‌وه‌دی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی و به‌ حزووری عه‌لی نیكزاد جێگری سه‌رۆكی مه‌جلیس، سه‌رۆكی ڕێكخراوی خسووسی سازی، نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی كار و ئابووری و نوێنه‌ری ئۆستانداری خووزستان، چه‌ندین ڕێكه‌وتن ئه‌نجام درا. له‌ كۆتایی ئه‌م دانیشتنه‌دا، نیكزاد له‌ وتووێژێكدا ڕایگه‌یاند كه‌: “له‌م دانیشتنه‌دا چه‌ندین په‌سندكراو په‌سند كراون. له‌وانه‌ قه‌‌راره‌ تا ١٥ی ڕه‌زبه‌ر حه‌قده‌ست و ئیزافه‌كاریی دواخراوی مانگه‌كانی پووشپه‌ڕ و گه‌لاوێژی كرێكاران بدرێت و له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانی ئێستا توانا و لێهاتوویی به‌ڕێوه‌به‌‌ریی شیركه‌تی هه‌فت ته‌په‌یان نییه‌، بڕیار دراوه‌ تا یه‌ك مانگ و نیوی دیكه‌، قه‌راردادی شیركه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری نوێ جێگایان بگرێته‌وه‌.  به‌ هه‌وڵ و په‌یگرییه‌كانی مه‌جلیس، ده‌فته‌رچه‌ی بیمه‌ی ته‌ئمینی ئیجتماعیی كرێكاران تا كۆتایی ساڵ دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌”.

به‌ پێی ئه‌م ئیعترافه‌ی جێگری سه‌رۆكی مه‌جلیسی ئیسلامی، ده‌بوایه‌ به‌ لانی زۆره‌وه‌ تا كۆتایی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٩، ئۆمێد ئه‌سه‌د به‌یگی و باقیی هاوده‌ستانی به‌هۆی به‌ناو “نه‌بوونی توانای به‌ڕێوه‌بردنی شیركه‌ت” له‌سه‌ر كار لابردرێن. به‌ڵام له‌ ئێستادا پاش تێپه‌ڕینی دوو مانگ، نه‌‌ته‌نیا به‌ڕێوه‌به‌رانی شیركه‌ت لانه‌بردراون، به‌ڵكوو مه‌علووم بووه‌ كه‌ گشت واده‌ و به‌ڵێنیی به‌رپرسانی ڕژیم، درۆ و فریوكاری بووه‌ و هیچیتر. له‌م دوایانه‌دا هه‌یئه‌تی داوه‌ریی دیوانی موحاسبات ڕایگه‌یاندبوو كه‌: “لێره‌دا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خسووسی سازی و له‌ ده‌سه‌ڵات خستن له‌گۆڕێ نییه‌. به‌ڵكوو له‌ دیاری كردنی قیمه‌تی سپاردنی شیركه‌تی هه‌فت ته‌په‌دا هه‌ڵه‌ی موحاسباتی كراوه‌ و پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ی به‌سه‌ردا بكرێت“. به‌مجۆره‌، سه‌ره‌نجام، ئه‌م ناوه‌نده‌ حكوومه‌تییه‌، كێشه‌ی كرێكارانی، به‌ ده‌زگای قه‌زایی، كه‌ خۆی هاوده‌ست و پشتیوانی خاوه‌نكاری دز و گه‌نده‌ڵی هه‌فت ته‌په‌یه‌، سپاردووه‌. ده‌زگای قه‌زاییش له‌جیات له‌سه‌ر كار لابردنی خاوه‌نكار، له‌ یه‌كه‌مین هه‌وڵیدا، ٢٠ چالاكی كرێكاریی بۆ دادگا بانگ كردووه‌. هه‌ڵبه‌ت وه‌ها كرده‌وه‌یه‌ك، له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم، كه‌ به‌رتیلی كه‌ڵانیان له‌ خاوه‌نكاران وه‌رگرتووه‌، دوور له‌ چاوه‌ڕوانی نییه.

خسووسی سازی له‌ ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ پایه‌كانی سیستمی سه‌رمایه‌داریی نێئۆلیبڕاڵ له‌ لایه‌ن ڕێبه‌رانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ قه‌بووڵ كراوه‌، له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماری هاشمی ڕه‌فسه‌نجانییه‌وه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ، له‌ لایه‌ن هه‌موو باڵه‌كانی ڕژیمه‌وه‌ به‌دواداچوون و پشتیوانیی لێكراوه‌. ده‌وڵه‌تی ڕووحانی له‌ بوودجه‌ی ساڵی داهاتووشدا له‌سه‌ر خسووسی سازی و فرۆشتن و سپاردنی شیركه‌ت و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌ئكیدی كردووه‌ و به‌نیازه‌ به‌شێك له‌ كه‌سری بوودجه‌ له‌و ڕێگه‌وه‌ دابین بكات، تا خۆی له‌سه‌ر پێ ڕابگرێ. ڕژیم به‌ هه‌ڕاج كردنی كارخانه‌ و شیركه‌ته‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ باروودۆخی ڕانتییه‌وه‌، به‌ ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی خۆی، سه‌ره‌ڕای كه‌ڵكی نابه‌جێ وه‌رگرتنی كه‌ڵانی ماڵی، خۆی له‌ به‌رپرسایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ چاره‌نووس و بژێوی كرێكاران دزیوه‌ته‌وه‌ و كرێكاران بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانیان، به‌ خاوه‌نانی درۆیینی شیركه‌ته‌ خسووسییه‌كان ده‌سپێرێ. به‌رپرسانی ڕژیم بۆ پاساوكردنی به‌ڕه‌سمی نه‌ناسینی ڕێكه‌وتنی ٩ی مانگی ڕه‌زبه‌ر له‌گه‌ڵ كرێكاران، سه‌رۆكی ڕێكخراوی خسووسی سازییان به‌ تاوانی واژۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌راردادی سپاردنی هه‌فت ته‌په‌ به‌ ئه‌سه‌دبه‌یگی، له‌سه‌ر كار لابردووه‌. هه‌ڵبه‌ت كڕینی كارخانه‌ و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تی له‌ لایه‌ن ئه‌مجۆره‌ كه‌سانه‌وه‌ و له‌ژێرناوی خسووسی سازی، زیاتر به‌ ئامانجی فرۆشتنی زه‌وی و ماشێن و كه‌ره‌سته‌ یه‌ده‌كییه‌كان و كه‌ڵك وه‌گرتن له‌ ڕانت و سوودی بانكی ئه‌نجام دراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ی خاوه‌نانی شیركه‌ت و دامه‌زراوه‌ خسووسی سازی كراوه‌كان، پاش ماوه‌یه‌ك وه‌رشكست بوونی خۆیان ڕاده‌گه‌ینن و له‌ ئاكامدا، كرێكارانی ئه‌م شیركه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ی ده‌ركردن به‌ بێ وه‌رگرتنی حه‌قی بیمه‌ و ته‌ئمینی ئیجتماعی، به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه‌ و ژیان و گوزه‌رانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ له‌ مه‌سیری خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌یاندا، هه‌م له‌گه‌ڵ پیلانگێڕی و سیاسه‌تی دژه‌ كرێكاری و دوژمنانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئاشنا بوون و هه‌م كه‌سایه‌تی و ڕێكخراوه‌ دژه‌ كرێكاریه‌كانی سه‌ر به‌ ڕژیم له‌وانه‌ شۆرای ئیسلامی، خانه‌ی كاریگه‌ر و سه‌ندیكاكانی سه‌ر به‌وان، به‌ باڵی سه‌ركوت و فریوی ڕژیم ده‌زانن. له‌م باروودۆخه‌دا و سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندان، كرێكاران بۆ گه‌یشتن به‌ خواسته‌كانیان درێژه‌ به‌ خه‌باتیان ده‌ده‌ن و سیاسه‌ته‌كانی ڕژیم و ده‌ست‌وپێوه‌نده‌كانی، چاوترسێنیان ناكات.