کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كاره‌ساتی کارتۆن خەوی لەژێر حاکمیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامیدا

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێرییەکان رۆژی ١٨ی مانگی خەزەڵوەر کۆمەڵێک لە دانیشتووانی گەڕەکی هەرەندی، هەڵکەوتو لە ناوچەی ١٢ی تاران، کارتۆن خەوەکانی نیشتەجێ لە پارکی هەرەندیان داوەتەبەر هێرش. ئەوان له‌ بەرچاوی هێزە ئینتیزامیەکانەوە بە دار و بەرد کەوتوونەتە گیانی ژنان و پیاوان و منداڵانی بێ سەرپەنا و چادر و کەلوپەلەکانیان سوتاندوون. شارەداری ناوچەی دوازدە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ئیسنا ژمارەی هێرشبەرانیان ٣٠ بۆ ٤٠ کەس بەراورد کردوە و بە “موعتادی موتەجاهیر”، ناوبردنی بێ ماڵوحاڵەکان کرداری هێرشبەرانی پاساو کردووە. هەموو دیاردەکان نیشانی ئەدەن کە ئەم کردارە دژی ئینسانیە رێکخراو بووە.نزیکەی حەفتەیەک پێش لەم کردارە دژی ئینسانیە عبداللە فەتح الهی، سەرۆکی سازمانی نەوسازی شەهریی تاران باسی لە بوونی نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار کەسی کارتۆن خەو لە ناوچەی ١٢ی تاران کرد. ئەو بوونی گەڕەکەکانی وەک هەرەندی، شوش، دەڕەی فەروخزاد و لالەزاری بە ناوەندی ئیقامەتی کاتیی کارتۆن خەوەکان ناوبرد.ئەو لەگەڵ ئەوەی کە قەبوڵی کردووە کە بەشێک لە بێ ماڵ و حاڵەکان بێکاران، کرێکارانی کۆچبەر و هەروەها کەسانی خوێندەوارن، بەڵام وەک باقی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی زۆربەی هەرەزۆریانی بە موعتاد، توێژە شاراوەکانی دژی فەرهەنگی و بەم شێوەیە تاوانبار لە قەڵەمداوە و داوای لە کاربەدەستانی پێوەندیدار کردوە پاکسازیان بکات. بەر لە سەرۆکی سازمانی نەوسازی شەهری تاران حەسەن رۆحانی، بەرپرسی ئیجرایی کۆماری ئیسلامی، واژەی پاکسازی بەکار هێنا کە وەبیرهێنەرەوەی واژەی نازیەکانە بۆ پاکسازی کومونیستەکان، کرێکارانی چالاک، یەهودیەکان و قەرەجەکانە. ئەو لە سەرەتای مانگی رەزبەری ٩٣ دا و لە جەلەسەیەکی هەیئەتی دەوڵەتدا داوای لە هێزی ئینتیزامی و شارەداریەکان کرد تا بێ ماڵ و حاڵەکان، موعتاد و گەداکان پاکسازی بکەن. ئەو وتی کە بوونی ژنان و پیاوانی رۆری کارتۆن خەو سیمای کۆمەڵگەیان دزێو کردووە.580
لە سەرەتای شۆڕشەوە سەرانی کۆماری ئیسلامی و شەخسی خومەینی بە شێوەیەکی ریاکارانە کرێکاران و خەڵکی بێبەشیان بە موستەعزه‌ف و کۆخ نشین ناو دەبرد و حکومەتەکیان بە هی ئەوان لە قەلەم ئەدا. ئەوان لەژێر ئەم ناوەدا کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگایان وادار بە کارکردنی موتیعانە و بێ تەوەقوع ودار دەکرد و یان دەیان ناردنە کوشتارگاکانی سەڕی ئێران و عێراق. بەڵام دوای کۆتاییهاتنی شەڕ رەفسەنجانی قەبای ریای تا رادەیەک فڕێدا و بەدانی مەیدانی بەرین بە شیرکەتەکانی دابین کردنی هێزی ئینسانی، کەم کردنەوەی حەقدەستەکان، بڕینی یارمەتیە دەوڵەتی و بیمە کۆمەڵایەتیەکان، شناوەر کردنی ریاڵ و بێکاریسازی بەرین، کرێکارانی بە ناخی هەژاریدا بردە خوارێ. سیاسەتە نیئۆلیبڕالیستی و دژی کرێکارییەکانی ئەم بەناو سەداری سازەندەگیە لە لایەن کابینەکانی خاتەمی، ئەحمەدی نیژاد و رۆحانیەوە رەچاو کرا. ئەم سیاسەتانە لەسەر بەستێنی ئابووریەکی قەیران لێدراو، مافیایی و گەندەڵ پیادە کرا و موسیبەتە تێکشکێنەرەکانی ئێستای بەدی هێنا کە دیاردەی بێ ماڵ و حاڵی و ئیعتیاد گۆشەیەکە لەم موسیبەتە کۆمەڵایەتیانە.گومانی تێدا نییە کە موسیبەتی جۆراوجۆر و لەوانە بێ ماڵ و حاڵی، هەژاری و برسیەتی و ئیعتیاد و گەدایی کردن بەرهەمی نیزامە چینایەتیەکانە. لە دەورەی ئێمەدا سیستمی ئابووری و حکومەتی سەرمایەداری سەبەبکار و یان هۆکاری مانەوەی ئەم موسیبەتانەیە. بەڵام لە ئێران ئاستی گەلێک بەرینی ئەو موسیبەتانەی کە ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و منداڵانی کچ و کوڕیان لەگه‌ڵیان بەرەو روون، بەرهەمی رژیمی ئیسلامی سەرمایەدارانی ژێر حاکمیەتی ئەوانە.سەرانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران لە هێندێک دەورەدا بوونی خێڵی بەرینی بێکارانی توشی هەژاری هاتوو وە ماڵ لە دەستداویان حاشا لێدەکرد. عەبدلڕەزا شیخ السلامی وەزیری کاری کابینەی ئەحمەدی نژاد لە ماگی گوڵانی ساڵی ٩٠ لە کۆبونەوەی مودیرانی ئیدارەی گشتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کوردستان بوونی تەنانەت یەک کەسی برسی و بێ ماڵ و حاڵی لە کۆماری ئیسلامیدا ره‌ت کردەوە. ئەو لەو دیدارەدا بە بێشەرمی تەواوەوە و بە قەولی خۆی بە کەماڵی شانازیەوە راگەیاند کە ئێران تەنیا وڵاتێکە بە ئیجرای قانونی هەدەفمەند کردنی یارانەکان هیچ کەسێکی برسی و بێ ماڵ و حاڵی تێدا نییە. ئەو لە درێژەدا وتی بە ئیجرای تەرحی مەسکەنی مێهر لە دەوڵەتی عەداڵەت مێحوەردا بوونە خاوەنی ماڵ بۆ لاوانی ئێرانی ئیتر یەک رۆیای دوورە دەست نییە و ئەمەش خاوەنی گرینگیەکی تایبەتە. بەڵام رۆحانی کە درۆکانی لە بواری ئاڵۆزتری وەک گەشەی ئابووریدا تەحویلی خەڵک دا نەیتوانی دیاردەی ئاشکرای کاتۆن خەوی بشارێتەوە. ئەو، لە بەرانبەردا لەسەر پێویستی “پاکسازی” کارتۆن خەوەکان و گشت ئەو کەسانەی بەرەو شەقامەکان پاڵپێوە نراون جەختی کردەوە تا شایەد لەم رێگایەوە رواڵەتی ئیسلامی عەزیز لە رووشان بەدوور بگرێت.کۆماری ئیسلامی کە پڕۆسەی تەسلیم بوون لە وتووێژە هەستەییەکانی بە توند کردنەوەی ئیختیناق دەست پێکرد، لە ئێستادا و دوای بەچۆکدا هاتن لە بەرانبەر ئامریکادا زیاتر لە رابردوو شمشیری لەدژی خەڵک لە کالان دەرکێشاوە. ده‌ستبه‌سه‌ر كردنه‌كانی ئەم دواییانه‌ کە چەند سیمایەکی رۆژنامە نووسیشی گرتوەتەوە، بەشێکە لە سیاسەتی توند کردنەوەی ئیختیناق کە لە ئێستادا رووی لە بێ ماڵ و حاڵەکان کردووە.بێ ماڵ و حاڵەکان، موعتادان و باقی بەرەو خیابان پاڵپێوە نراوەکان، قوربانیانی نیزامی حکومەتی و ئابووری داسەپاو بەسەر خەڵکی ئێراندان. ئەمانە قوربانیانی مقامات و سەرمایەدارانێکن کە خۆیان بە سەدان هەزار ماڵ و ژوری بەتاڵیان لە ئیختیاردایە، بەڵام بە تاوانبار کردنی بێ ماڵ و حاڵەکان لە هەوڵی شاردنەوەیان لە بەرچاوی گشتی و ئەو توریستانەن کە رۆحانی چاوەڕێی تەشریف هێنانیانە. زۆربەی ژنان و پیاوانی کاتۆن خەو کرێکارانی بێکار کراو، تێکشکاو و قوربانیانی نائەمنی شوێنی کار و موسیبەتەکانی هاوشێوەن. بەشێک لەوان كه‌م ئه‌ندامان و کەسانی وێڵ کراوی مەیدانەکانی شەڕن. هێرش بۆسەر ئەم قوربانیانە لە لایەن کەسانی لیباس شەخشی سەربە رژیمەوە، هێرشە بۆسەر چینی کرێکار و ویژدانە زیندووەکان. سەرانی کۆماری ئیسلامی کە لە داوی کۆمەڵێک قەیرانی تێکتەندراودا گرفتارن، دەیانەوێ لە رێگای ئەم سەرکوتگەریەوە، ماوەیەکی تریش تەمەنی پڕ لەشەرمەزاری رژیمەکەیان درێژتر بکەنەوە. دەبێ بە خەباتی یەکگرتوانە لەدژی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی رابوەستین. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێس زەرفیەتی ئەم خه‌بات و خۆڕاگریه‌یان هەیە. پێویستە و ده‌بێ بە لابردنی کۆسپ و به‌ربه‌سته‌كانی سەر رێگای خه‌بات و سازمانیابی، ئەم زەرفیتانە وەگەڕ بخرێن.