کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كارنامه‌ی “تیرۆریسمی ده‌وڵه‌تی” له‌ به‌رامبه‌ر “تیرۆریسمی ئیسلامی”دا، ١٩ ساڵ پاش ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١

حملات11سپتامبر

ڕۆژی ١١ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١، مه‌رگبارترین و گه‌وره‌ترین ئۆپراسیۆنی “تیرۆریستی” مێژوو، له‌ خاكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا ڕوویدا. واته‌ ڕووداوێك كه‌ دواهاته‌ سیاسی، نیزامی و ئابووریه‌كه‌ی، بوو به‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له‌ مێژووی ئه‌م سه‌رده‌می جیهاندا. به‌یانیی ڕۆژی ١١ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١، سه‌ره‌تا دوو فڕۆكه‌ی موسافیربه‌ریی به‌ مه‌ودای ١٥ ده‌قیقه‌ له‌ یه‌كتر، خۆیان به‌ بۆرجه‌كانی “ناوه‌ندی بازرگانیی جیهانی” له‌ شاری نیۆیۆرك، دادا. به‌هۆی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌‌ گشت سه‌رنشینانی فڕۆكه‌كان و جه‌معیه‌تێكی زۆر كه‌ له‌ بیناكان دا بوون، كوژران. هه‌ر دوو بیناكه‌ پاش دوو كاتژمێر به‌ ته‌واوی وێران بوون و زیانێكی زۆریش به‌ر بیناكانی ده‌وروبه‌ر‌ كه‌وت. فڕۆكه‌ی سێهه‌میش ٣٠ ده‌قیقه‌ پاش فڕۆكه‌ی دووهه‌م خۆی به‌ بینای پێنتاگۆن، ناوه‌ندی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا دادا. فڕۆكه‌ی چواره‌میش كه‌ به‌شێكی دیكه‌ له‌و پلانه‌ تیرۆریستیه‌ بوو، له‌ ئه‌یاله‌تی پێنسیلوانیا، به بێ‌ خۆپێدادان به‌ هیچ بینایه‌ك، به‌ربۆوه‌. وێده‌چوو فڕۆكه‌ڕفێنه‌كان ئه‌م فڕۆكه‌‌یان به‌ره‌و واشنگتۆن هیدایه‌ت كردبێ. گشت سه‌رنشینانی ئه‌م ٤ فڕۆكه‌یه‌ گیانیان له‌ده‌ست دا. ژماره‌ی كوژراوه‌كانی ئه‌م ڕووداوه‌ نزیك به‌ ٣ هه‌زار كه‌س بوو. فڕۆكه‌ڕفێنه‌كان، به‌ڕه‌گه‌ز، ١٥ كه‌سییان خه‌ڵكی عه‌ره‌بستانی سعوودی، ٢ كه‌سیان خه‌ڵكی ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی، دوو كه‌سیشیان خه‌ڵكی میسر و لۆبنان بوون. گشت ئه‌و كه‌سانه‌ش ئه‌ندامی ڕێكخراوی ئیسلامیی ئه‌لقاعیده‌ بوون. ١٩ ساڵ پاش ڕووداوه‌كانی ڕۆژی ١١ی سێپتامبر هێشتا گۆشه‌گه‌لێك له‌و پلانه‌ تیرۆریستیه‌ بێ وێنه‌یه،‌ ناڕوون ماوه‌ته‌وه‌. له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا سه‌دان كتێب و وتار ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕووداوه‌ و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر جیهان نووسراوه‌. ئێستاش باس له‌ ڕاپۆرتێكی ٢٨ لاپه‌ڕه‌یی ده‌كرێ كه‌ ده‌رخه‌ری ڕۆڵی عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی ١١ی سێپتامبردا‌یه‌ و ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاش به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی خۆی، ڕاستییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه،‌ له‌ بیروڕای گشتی ده‌شارێته‌وه‌.

پاش ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا سه‌ره‌تا هێرشی كرده‌ سه‌ر ئه‌فغانستانی ژێر كۆنتڕۆڵی تاڵه‌بان، كه‌ یه‌كێك له‌ ناوه‌نده‌كانی ئه‌لقاعیده‌ له‌و وڵاته‌ بوو. له‌ ساڵی ٢٠٠٣شدا، به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ نیشانه‌یه‌ك له‌ په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق و هێرشی تیرۆریستیی ١١ی سێپتامبردا بوونی هه‌بێت، هێرشی كرده‌ سه‌ر عێراق. داگیر كردنی عێراق نه‌ ته‌نیا ئه‌منییه‌تی بۆ ناوچه‌كه‌ به‌دیاری نه‌هێنا، به‌ڵكوو ڕێگاخۆشكه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه‌ توندئاژۆ ئیسلامیه‌كانی وه‌ك داعش له‌ عێراق و سووریه‌ بوو. شه‌ڕی ئایینی شیعه‌ و سۆننیی وه‌ڕێخست و سه‌دان هه‌زار كه‌سی له‌ خه‌ڵكی ئه‌و  وڵاتانه‌ كرته‌ قوربانی. بۆ ئه‌رته‌شی ئه‌مریكاش پتر له‌ ٤ هه‌زار كوژراو و ٥٠ هه‌زار كه‌م ئه‌ندامی جه‌نگی و ٣ هه‌زار ملیارد هه‌زینه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

١١ی سێپتامبر له‌ هه‌مان حاڵدا كه‌ كاره‌ساتێكی مرۆیی بوو، ده‌سپێكی قۆناغێكی نوێ بوو له‌ په‌یوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی جیهانی. ١١ی سێپتامبر به‌ قۆناغی ده‌ ساڵه‌ی ناڕوونیی هاوسه‌نگیی هێز، له‌ نێوان زلهێزه‌ جیهانیه‌كان، پاش شه‌ڕی سارد و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت، كۆتایی هێنا. ١١ی سێپتامبر بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ئه‌و بیانوو و ده‌رفه‌ته‌ی خوڵقاند كه‌ ئه‌گه‌ر به‌هۆی لاوازبوونی هێزی ئابووریی نه‌یتوانیبوو ڕێبه‌ریی خۆی به‌سه‌ر جیهانی، پاش شه‌ڕی سارد دا، داسه‌پێنێ، ئه‌مجاره‌یان به‌ پشت به‌ستن به‌ هێزی نیزامی، به‌شوێن ئامانجه‌كانی خۆی كه‌وێ. هه‌ربۆیه‌ ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ درفه‌تێك بوو بۆ ده‌ستپێكی زنجیره‌یه‌ك ده‌ست تێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی نیزامی ئه‌مریكا له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی جیهان. به‌ڵام ئه‌م ده‌ست تێوه‌ردان و ده‌خاڵه‌تانه‌ له‌ ناوچه‌ قه‌یراناویه‌كانی جیهان، باروودۆخێكی سه‌قامگیری سیاسیی لێنه‌كه‌وته‌وه‌. به‌ڵكوو زۆربه‌ی كارناسانی ئابووریی جیهانی سه‌رمایه‌داری، ئه‌م ده‌خاڵه‌تانه‌ به‌ ڕێگاخۆشكه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووریی ساڵه‌كانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ی پێناسه‌ ده‌كه‌ن. ئیدعاكانی وه‌ك “ده‌خاڵه‌تی مرۆڤدۆستانه‌”، “دیمۆكراسی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌”، “شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تیرۆریسم“، هه‌مووی ئه‌وانه‌، كه‌ وه‌ك پاساوی هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر وڵاته‌ جۆراوجۆره‌كان، له‌لایه‌ن بڵینگۆ ته‌بلیغاتییه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ له‌جاڕ ده‌دران، زۆر زوو، وه‌ك بڵقێك ته‌قینه‌وه‌. ده‌خاڵه‌ته‌ نیزامیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هیچ شوێنێك له‌ جیهان و له‌وانه‌ له‌ وڵاتی عێراق و ئه‌فغانستان، نه‌ ته‌نیا ئه‌منییه‌ت و سه‌قامگیری و دیمۆكراسیی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌هێناوه‌،  نه‌ ته‌نیا له‌ناوچوونی سیستمی تیرۆریسمی لێنه‌كه‌وته‌وه‌، به‌ڵكوو ناته‌بایی و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی خۆجێیی و ناوچه‌ییشی توندتر كرده‌وه‌ و بواره‌ بابه‌تیه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌وته‌ تیرۆریستیه‌كانی به‌هێزتر كرد. سه‌دان به‌رابه‌ری ئه‌و قوربانیه‌ بێتاوانانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن تیرۆریسمی ئیسلامییه‌وه‌، له‌ ڕۆژی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١، له‌ ئه‌مریكا خه‌ڵتانی خوێن كران، له‌ كه‌مپه‌ینی تیرۆریسمی ده‌وڵه‌تیی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی، له‌ژێرناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریسم، له‌ عێراق و ئه‌فغانستان و شوێنه‌كانی دیكه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی بۆمبارانی كوێرانه‌وه‌‌، له‌ناوچوون. ١٩ ساڵ پاش هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئه‌فغانستان، تاڵه‌بان هێستاش كۆنتڕۆڵی به‌شێكی به‌رینی ئه‌و وڵاته‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و باسی وتووێژ و سازش له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وته‌ دژه‌ مرۆییه‌، له‌ ئارا دایه‌. هه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا بۆ پێكهێنانی “نه‌زمی نوێی جیهانی“، به‌ پشت به‌ستن به‌ هێزی نیزامی، بێ ئاكام مایه‌وه‌. هێزه‌ خۆجێییه‌كان، سیاسه‌تی په‌یڕه‌و كرنی بێ ئه‌ملاوئه‌وڵای سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكایان وه‌لا نا. چه‌ند جه‌مسه‌ری بوونی ئارایشی سیاسیی جیهانی سه‌رمایه‌داری، پاش ١١ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١  و ڕووداوه‌كانی دواتری، سه‌قامگیر بوو. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه‌، جیهان هێستاش بۆ دانیشتووانی، هه‌م له‌ لایه‌ن “تیرۆریسمی ده‌وڵه‌تی” و هه‌م له‌ لایه‌ن “تیرۆریسمی گرووپه‌گان“ه‌وه‌، یه‌كجار نائه‌منه‌. له ‌ڕاستیدا، ئه‌و نائه‌منیانه‌ ڕیشه‌یان له‌ مانه‌وه‌ی نیزامی زاڵمانه‌ی سه‌رمایه‌داری دایه‌ كه‌ ته‌مه‌نی مێژوویی كۆتایی هاتووه‌ و له‌ دواساته‌كانی ته‌مه‌نیشیدا به‌رده‌وام مرۆڤه‌كان ده‌كاته‌ قوربانی.