کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كابووسی په‌ره‌سه‌ندنی ناڕەزایەتییه‌ کرێکارییه‌كان به‌سه‌ر سه‌ری ده‌وڵه‌تی ڕووحانییه‌وه‌

خراپی بارودۆخی ئابووریی کە لە تەبلیغاتی شانۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیشدا ببوو بە سوژەیەک بۆ هێرشی به‌ربژێره‌کان بۆسەر یەکتر، ئاژیری مەترسیەکی بۆ بەرپرسان لێداوە. حه‌فته‌ی ڕابردوو سەرۆکی نووسینگه‌ی خامه‌نەیی لە سوخەنڕانیەکدا دانی به‌وه‌دانا کە ” كێشه‌ی بێکاری لە ئێراندا لەوپەڕی خۆیدایە”. بەشوێن ئەودا، ڕۆژی سێشەممە ١٦ ی مانگی جۆزەردانیش ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیسیش وەحشەتی خۆیان لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییه‌ کرێکارییه‌كان، دەربڕی. ئەوان هۆشدارییان دایە دەوڵەت کە بۆ بەرگرتن لە ڕوودانی ئاخێز و ناڕەزایەتیی زیاتری کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێکار و برسی، دەبێ کارێک ئەنجام بدات. چەند مانگ پێشتر جێگری ئەمنییەتی و ئینتیزامی وەزاڕەتی نێوخۆش هۆشداری دا کە ” ناڕەزایەتیی کرێکاری و کۆمەڵایەتیی و سێنفی لە ئێران ٩٦ لەسەد زیادی کردووە. دەربڕینی ئەو نیگەرانیانەی سەران و بەرپرسانی ڕژیم گۆشەیەکی چكۆله‌ له‌ ڕاستیی ژیان و خەباتی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێڕانه‌.

ڕاستیەکی دیكه‌ ئەوەیە کە هیچکام لە سەران و باڵەکانی ڕژیمی ئیسلامیی بەرنامە و ڕێگا چارەیەکیان بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری و بارودۆخێکی نابەسامان کە کۆماری ئیسلامی خەڵکی تێدا نوقم کردووە نییە. ڕێگا چارەی خامه‌نەیی و باڵی به‌ناژووخوازه‌كان بۆ دەرچوون لە قەیران و بەدیهێنانی گەشەی ئابووریی، ڕێگا چارەی مینبەریی ” ئابووری خۆڕاگرانە بە ئولگوی ئیسلامیی و بومیەوە” یە کە هەر ساڵە و پاشبەندێکی بۆ زیاد دەکات. ئەمە نەک ڕێگا چارەی گرفتە ئابوورییەکان نییه‌، بەڵکوو داسەپاندنی برسیەتی و ڕیازەتی ئابووریی زیاترە بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگای ئێراندا. ڕێگا چارەی ڕووحانی و ئیسلاح خوازەکان و باقی لیبڕاڵەکانیش سوڕاندنەوەی چەرخی ئابووریی ئێرانە لە ڕێگای تێکەڵ بوون لەگەڵ ئابووریی سەرمایەداری جیهانییه‌. گۆیا دەوڵەتی ئێعتیدال بە ڕێفۆڕمی سیاسی و دیپلۆماتیکی ژێربه‌ژێر “هەڵبەت ئەگەر باڵی به‌رانبه‌ر لەنێوخۆدا کۆسپ دەروست نەکات”، دەتوانێ بە هێنانی سەرمایەی ده‌ره‌كی بۆ ئێران بوژانەوەیەک دروست بکات و ڕێژه‌ی بێکاری کەم بکاتەوە. ئەم ” ڕێگا چارانە” لە لایەکەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی خەیاڵییە و ئەگەر بە فەڕز بە کردەوەش دەربێن لە باشترین حاڵەتدا لە ئێڕانیش وڵاتێكی وەک مێسر دروست دەکات کە ڕێژه‌ی بێکارییەکەی کەمتر لە ئێران نییە و هەزاران کەس لە گۆڕستانەکاندا شه‌وان به‌ ڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه‌.

ڕێگا چارەی نوێنەرانی مجلیسی ئیسلامیی هەڵبەت نەک بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووریی، بەڵکوو بە قەولی خۆیان ” بۆ بەرگرتن لە ڕوودانی قەیرانی ناڕەزایەتیی کرێکاری لە ئێڕان” لەوانەی دیکەش ساویلکانەترە. کۆمیسیۆنی بەناو کارگەری کە لە مەجلیسی کۆنەپەرستدا داکۆکی کاری بەرەژەوەندی سەرمایەدارانە لە بەرانبەر کرێکاراندا، وێڕای دان به‌وه‌دانان كه‌ ” لە هیچ جێگایەکی ئەم دنیایە کرێکاران بە ئەندازەی ئێران نا چەوسێندرێنەوە.” پێشنیار بە دەوڵەت دەدەن کە ” بۆ بەرگرتن لە ڕوودانی وەها ئەگەرێک گه‌ڵاڵه‌ی چاكسازیی یاسای کار وەربگرێتەوە و جارێکی دیكه‌ بە مەبەستی ئیسلاح کردنی بە خێرایی پێیدا بچێتەوە.” لە ڕوانگەی ئەوانەوە دانی حەقدەستی دواخراو و دابین كردنی ئەمنیەتی پیشەیی و زیاد کرانی ڕێژەی حەقدەستەکان مەترسی ڕوودانی ناڕەزایەتیی و ڕاپەڕینی کرێکاران لەکۆڵ ڕژیمی ئیسلامیی دەکاتەوە. ئەوان خۆیان لە نەزانی دەدەن و لەبیری دەبەنەوە کە هەموو یاسا دژی کرێکاریەکانی کۆماری ئیسلامیی لەوانە یاسای ئیسلاحی کاری ڕووحانی لە هەمان مەجلیسدا پەسند کراوە.

گه‌ڵاڵه‌ی دژی کرێکاری ئیسلاحی قانونی کار کە پارەکە لە لایەن ڕووحانییەوە برایە مەجلیس بەڕواڵەت لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە ڕێگا چارەیەک بوو بۆ کەم کردنەوەی بێکاریی، بەڵام لە ڕاستیدا سەرجەم خاڵەکانی گه‌ڵاڵه‌كه‌ بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بۆ ئێڕان به‌ ته‌ماع وه‌به‌رنان بۆ هێزی کاری هەرزان و کردنەوەی دەستی خاوەنکاران و سەرمایەداران لە دیاری کردنی حەقدەست و دەرکردنی کرێکاراندا بوو. پەسند کرانی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ لە ڕوانگەی دەوڵەتی ڕووحانییەوە گەڵاڵەیەک بوو بۆ هەموار کردن و هاسانکاری هاتنی سەرمایە دوای به‌ڕێوه‌چوونی بەرجام. ئەو هیوادار بوو بە داسەپاندنی بارودۆخ و یاسایەکی كوێله‌ئاسا بەسەر کرێکاراندا، سەرمایەدارانی بیانیی قەناعەت پێبێنێ کە هیچ کۆسپێک لەسەر ڕێگای سەرمایەگوزاری لە ئێران و دەستەبەر کردنی قازانج پێك نایه‌ت.

بەڵام نیگەرانی لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاری سەبارەت بەم گه‌ڵاڵه‌ دژی کرێکارییە، هەم کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی وادار کرد هه‌تا ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ وه‌بگێڕێتەوە و هەم ڕووحانیی ناچار کرد تا لە تەبلیغاتەکانی هەڵبژاردندا بەڵێنی وەرگرتنەوەی بە کرێکاران بدات. ئێستا لە هەوڵ دایە بە به‌رنامه‌یه‌كی دژی کرێکاری دیکە بە ناوی ” کاروەرزی” بە ئامانجەکانی بگات. وەزارەتی تەعاون ڕایگەیاندوە کە لە حەفتەی سەرەتای مانگی پوشپوڕی ئەمساڵەوە گەڵاڵەی ” کاروەزی” دەخاتە بواری کردارییەوە. به‌رنامه‌یه‌ك کە بەپێی ئەو ١٥٠ هەزار کەس لە خوێنکاران و ئەو کەسانەی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە لە دوو دەورەی ٤ و ٦ مانگەدا بە حەقدەستی مانگانەی ٣١٠ هەزار تمەنی، واتە دەبەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا دەخاتە سەرکار و ئەوەش ناو دەنێ ڕەخساندنی هەلی کار. ئامانجی دەوڵەت لەم گەڵاڵە دژی کرێکارییە نیشان دانی بوونی خێلێکی گەورە لە هێزی کاری بێکارە بە کرێکاران، و دانانی کرێکارانی ته‌حسیل كردووی بێکارە لە بەرانبەر کرێکارانی لەسەرکاردا تا کرێکاران لە بەرانبەر داخوازی دەوڵەت و خاوەنکاراندا وادار بە بێدەنگ و مل کەچ بوون بکات. هەڵبەت زەمانەتێکیش بوونی نییە کە دوای ئەم دەورەیە لە چەوساندنەوەی وەحشیانەی کار کرێکارانی خوێندەوار لەسەر کار بەڕەسمی دابمەزرێنێ. بەڵام ئەم شگردەی دەوڵەتیش هەر زۆر زوو بەرەڕووی ناڕەزایەتی کرێکاران و دەرچوانی بێکاری زانکۆکان بۆتەوە.

ناڕەزایەتی و کۆبونەوەی بەرین و بەردەوام و ڕوو لە پەرەسه‌ندنی کرێکاران لە ئێران نیشانەیەک لە گەشەی چۆنایەتی و چەندایەتی بزوتنەوەی کرێکاری پێوەیە. ئەوە دەرئەخات کە چینی کرێکار بەو ڕادەیە لە وشیاری چێنایەتی و گەشەی سیاسی گەیشتوە کە دەستی دەوڵەت و سەرمایەداران بخوێنێتەوە و فریوی شگردەکانیان نەخۆن و تەسلیمی زۆر وێژیەکانیان نەبن. کرێکاران تا ئێستا سەرەڕای گوشار و زیندان و شه‌لاق و هەڕەشە لە لایەن ڕژیمەوە لە زۆر حاڵەتدا بە ناڕەزایەتی بەرین و پەیگیری خۆیان دەوڵەتیان وادار بە پاشەکشە کردووە. ئەوان هەم بە هێنانەگۆڕی داخوازی هەنوکەیی سێنفی وەک دژایەتی کردن لەگەڵ دەرکران و دانی حەقدەستە دواخراوەکانیان و داخوازی زیادکرانی حەقدەست هەم بە گه‌ڵاڵه‌ كردنی داخوازی سیاسیی و چیانەیتی و هەروەها خۆڕاگری لە بەرانبەر گەڵاڵە دژی کرێکاریەکانی دەوڵەتدا، خەبات بۆ مافی ڕێكخراوبوون و دابین كردنی ئەمنیەتی پیشەیی و هیتر، لێبڕاوانە درێژە بە ناڕەزایەتی و خەباتی توندی خۆیان دژبە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە ئەدەن. ئەوەش ئەو کابوسەیە کە خەوی لە چاوی سەرانی دژی کرێکاریی کۆماری ئیسلامیی زڕاندوە.

بابەتی پەیوەندیدار

نابێت ئیزن بدرێت ڕژیم، قەیرانە ئابوورییەکەی بە دزینی نان لەسەر سفرەی خەڵک چارەسەر بکات.

komalah

یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێران، دۆسییەی قەزاییان هەيە.

komalah

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah