کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەیران لە نیزامی ئاموزشی باڵا له کۆماری ئیسلامیدا

لە ڕابردودا، هه‌ر لەم وڵاتەی ئێراندا چوونە زانکۆ بۆ هەر لاوێک کە توانیبای دیپڵۆمی دەبیرستان بەدەست بێنێ خەون و ئاواتێک بوو. کێبەرکێیەکی چڕ لە کۆنکۆڕەکانی سەرتاسەریدا بۆ گەیشتن بە زانکۆ بەڕێوە ئەچوو.
بەڵام لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی ئیسلامی، بەهۆی وەحشەتێکی کە لە گەشەی ڕەوتە چەپ و ڕادیکاڵ لە زانکۆکان بوویان، لە یەکەم هەنگاودا هێرشی قەمە کێشيکانی حیزب اللایان بۆسەر زانکۆکان ڕیکخست، بەناو شۆڕشی فەرهەنگیان خستە ڕێ، زانکۆکانیان داخست، فەزای خەفەقان و سەرکوتیان بەسەر زانكۆكاندا زاڵ کرد. دواتر هەوڵیاندا تەرحی کۆنەپەرستانەی حەوزە و دانشگا بەڕێوەبەرن.کۆماری ئیسلامی سیستمی ئاموزشی باڵای بە دەستکاری کردنی ناوەرۆکی ئاموزشی و بە کردنی خوێندنی باڵا بە مەیدانی کۆکردنەوەی داهاتی کەڵان، لە ناوەرۆک بەتاڵ کرد. لە دوو دەیەی سەرەتای حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا پرۆژەیەکی کامڵ لە تەسفیەی زانکۆکان لە خوێندکاران و ئەو مامۆستایانەی کە بجوک ترین گومانیان لێ بکرایە کە بە ڕژیم وەفادار نین بە کردەوە دەرهێنا. لەسەر ڕێگای گەلێک لە لاوانی خاوەن ئیستعداد، حەوت خانی ئیدئۆلۆژیک و توێژینەوە سەبارەت بە پێشینەی سیاسی بنەماڵەکەیان دروست کرد. لەگەڵ تێپەڕ بوونی زەمان ئەم کارانە وڵام دەرەوە نەبوون و زانکۆکان سەرلەنوێ بوونەوە بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی و خەبات و تێکۆشان. ئەمجار ئامرازی سەرکوتی ڕاستەوخۆیان بەکارهێنا. زۆر بوون ئەو ئینسانە هەڵکەوتوانەی کە له‌ ئاكامی زه‌بروزه‌نگ نواندنی ڕژیم له‌ زانكۆكان گیانیان بەخت کرد و یان ساڵەکانی تەمەنی لاویان لە زیندانەکاندا بردەسەر. زۆرشیان ناچار بوون ئێران بەجێبێڵن و ڕازی بە ژیان کردن لە پەنابەری و تاراوگە بوون.801

دواتر تەماعکارانی قازانج پەرەست لە دەزگا دەوڵەتیەکاندا و ئاخوندە بۆرژواکان هێرشیشیان کردە سەر ئەم بەشە و کردیانە مەیدانی تاڵان کردنی خەڵک و دەستەبەر کردنی داهاتی کەڵان. لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا سەدان زانکۆ و ناوەندی ئاموزشی عالی نوێ لەژێر ناوی ” غەیرە ئینتیفاعی” دامەزران و ڕێگایان بۆ وەرگرتنی سەدان هەزار خوێندکار خۆش کرد. بەشوێن ئەودا، بە دەرکردنی مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و بەتوانا، بە پەیڕەو کردنی سیاسەتگەلی بوروکراتیک لە بواری دیاریکردنی بەرپرسانی زانکۆ لە ئاستی جۆراوجۆردا، لەگەڵ لێڵ و تاریک بوونی ئاسۆی دۆزینەوەی کار دوای تەواو کردنی زانکۆ، بە دەستکاری کردنی ناوەرۆکی کتێبە دەرسیەکان بە تایبەت لە بواری زانستی ئینسانیدا، بە دابەزاندنی ئاستی زانستی زانکۆ، بە تەرحی کۆنەپەرستانەی ” سەهمیە بەندی جنسیەتی” و مه‌نع كردنی دەیان ڕشتەی دانیشگاهی بۆ كچان، پەیڕەو کرانی ئەم جۆرە ڕەفتار و سیاسەتانە، شور و عیشق بە خوێندنیان لە زانکۆدا لەبەین برد. فەزایەکی پادگانی و خەفەقانیان بەسەر موحیتی زانکۆکاندا زاڵ کرد. گەندەڵی سەرتاپای سیستمی ئاموزشی داگرت، بازاڕی پایان نامە نووسانی حێرفەیی و دەڵاڵانی ئەم “ڕشتە نوێیه‌” لە دەوروبەری زانکۆی تاران گەرم بوو. لە درێژەی وەها ڕەوتێکدا هەموو ساڵێک خێڵێکی بەرین لەو کەسانەی زانکۆیان لە ڕشتە جۆراو جۆرەکاندا تەواو کردبوو ڕەوانەی بازاڕی کار بوون، بەبێ ئەوەی کە دەرفەت و هەلی کارێکیان بۆ فەراهەم کرابێت. زۆربەی ئەم کەسانە یان بە بێکاری مانەوە و یان جەزبی بوروکراسیەکی دەست و پاگیری ئیداری بوون کە هیچ پێوەندیەکیشی بە شارەزاییەکەیانەوە نەبوو. کەم نین ئەو کەسانەی خاوەنی لینسانس و باڵا تر بوون کە بۆ دۆزینەوەی کارێک کە لانیکەمی ژیانیان دابین بکات، ناچار دەبوون مەدرەکی خوێندنەکەیان بشارنەوە و بە کار کردن لە ئاستێکی خوارەوە تردا ڕازی بن. ئێستا کار گەیوەتە جێگایەک کە هەواڵنێری دەوڵەتی ئیسنا لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێ: ” لەحاڵێکدا کە ماوەیەکی کورتی ماوە بوو دەست پێکی ساڵی خوێندنی تازە نزیکەی نیوەی کورسیەکانی زانکۆکانی ئێران لە ساڵی خوێندنی داهاتودا بە بەتاڵی دەمێننەوە. محەممەد حسێن ئومید سەرۆکی زانکۆی عیلمی و کاربوردی سەربە وەزاوڕەتی عولوم وتویەتی ” ملیۆن و نیوێک زەرفیەت لە زانکۆکاندا دروست کراوە، لە حاڵێکدا کە خوازیارانیان کەمتر لە ٨٠٠ هەزار کەسە”. لە کۆنکوری ئەمساڵدا زیاتر لە ٨٦٠ هەزار کەس ناو نووسیان کردبوو کە نزیک بە ٧٨ هەزار کەس واتە کەمێک زیاتر لە دە لەسەدیان لە جەلەسەی ئازموندا غایب بوون. ئامارەکان نیشانی ئەدەن کە زەرفیەتی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆ دەوڵەتیەکاندا زیاتر لە ٧٥٠ هەزار کەسە واتە لە زانکۆ دەوڵەتیەکاندا تەقریبەن بۆ هەموو بەشدار بوانی کۆنکوری سەرتاسەری جێگا هەیە.

ئامارەکان نیشانی ئەدەن نزیکەی یازدە ملیۆن کەس لە ئێراندا مەدرەکی خوێندنی زانکۆیان هەیە. بەپێی ئەم ئامارە ڕەسمیانە، دو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە ئێراندا بێکارن و نزیکەی نیوەی ئەم بێکارانە لە خاوەن بڕوانامەی زانکۆکان پێکدێن. ئامارە نا ڕەسمیەکان ژمارەی بێکاری بە سێ بەرابەری ئەم ڕەقەمە دەزانن. بەپێی ئامارە ڕەسمیەکان، هەر ئێستا نزیکەی چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار خوێندکار لە ئێراندا بوونی هەیە و ئەم خوێنکارانەش لە دوو یان سێ ساڵی داهاتودا دێنە نێو بازاڕی کارەوە و ژمارەی خوازیارانی کار دەگاتە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس. ئەوە لەحاڵێکدایە کە هەر ئێستا کۆماری ئیسلامی بەرەو رووی شەپۆلێک لە بێکارانی تەحسیلکەردە بۆتەوە.

ئێستا کۆماری ئیسلامی لە داوێکدا گیری خواردوە کە خۆی بۆ خۆی تەنیوە. لەپاڵ ئەم قەیران و بێ سەروسامانیەدا شوێنەکانی ئاموزشی باڵا لە ئێران، بواری بۆ سەرهەڵدانەوەی دووبارەی بزوتنەوەی خوێندکاری خۆش کردوە. پەرە سەندنی فەعالیەتی مەحفەل و پێشڕەوانی چەپ و سوسیالیستی بزوتنەوەی خوێندکاری لە ئێستادا بۆتە پێویستیەکی سیاسی. حەرەکەتی چەپ لە ناخی بزوتنەوەی خوێندکاریدا ڕێشەی لە زیاتر لە ٦٠ ساڵ حوزوری مەعنەوی، سیاسی و تەشکیلاتی کومونیستەکاندایە. ئەم حەرەکەتە لەمرۆدا دەتوانێ بە باوەڕ بەخۆیی و بە پێشینەیەکی شۆڕشگێڕانە کە هەیەتی، ویست و داواکاریەکانی لەگەڵ نیاز و پێداویستەیە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا، داخوازی کرێکاران، ژنان و زۆربەی خەڵکی بێبەش و زۆرلێکراو هاوئاهەنگ بکات.