لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کەشاوەرزانی ئۆستانی ئیسفەهان کە خوازیاری حەق ئابەی پاییزیی خۆیانن، لە ناڕەزایەتیی بە تەرخانکردن و گواستنەوەی ئاوی زایەندەروود، خێوەتیان هەڵدا و وێڕای پشتیوانیی بەرینی خەڵکی شاری ئیسفەهان کۆبوونەوەیەکی گەورەی دەیان هەزار کەسییان بەڕێوەبرد. ئەوان دەڵێن ئاوێک کە سەهمی بەشی کەشاوەرزی بووە بردوویانە بۆ کارخانەکانی “زەوب ئاهەن” و “فولادی مۆبارەکە”ی ئیسفەهان و سرامیک سازیی یەزد تەرخانیان کردووە.
ئەمڕۆ قەیرانی بێ ئاوی و کەم ئاوی کێشەوگرفتێکی گەورەی ژینگەییە و بووەتە هەڕەشەیەک لە خەڵک و دڕکێک لە گەرووی حکوومەتی ئیسلامیدا. کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی کارەساتباری کەشاوەرزی، سەنعەتی، بە بەندئاولێدان و گواستنەوەی کارناسی نەکراوی ئاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، ڕێگەدان بە دەخاڵەتی مافیای ماڵی و نیزامی، هۆکاری سەرەکیی کەم ئاوی و بێ ئاوییە.
دەسەڵاتێک کە لەجیات هەڵسووکەوتی زانستی و کارناسانە بە سەرچاوەکانی ئاو، پەرەپێدان و مۆدێرن و بەڕۆژکردنی ژێرخانەکانی شار و دێ، شیرین کردنی ئاوی دەریا و بەکارهێنانەوەی ئاوی پاشماوەی پڕۆژە سەنعەتی و ماڵییەکان، ڕوو دەکاتە دوعای باران و هەمووجۆرە خورافاتێکی ئاخوندی-ئیسلامی، لە دواهاتی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەییەکانی ئاگادارە، بەڵام توانای گرتنەبەری هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کێشانەدا نییە.
سیاسەتی خودکەفایی کەشاوەرزی، بە بێ لەبەرچاوگرتنی دواهات و ئاسەوارەکانی، نەزانمکاری و پڕۆژەی کارناسی نەکراو، مافیای سەنعەتی و ڕانتخۆریی سپای پاسداران، گەندەڵیی جێکەوتووی ناو دەزگا دەوڵەتییەکان، هەر هەموویان دەستیان خستووەتە ناو دەستی یەکەوە و زیانی قەرەبوونەکراوەیان لە سەرچاوە سرووشتییەکانی ئاو داوە و هاوسەنگیی ئێکۆلۆژیک و هاوئاهەنگیی سرووشتیان تێکداوە. چەند نموونەی خوارەوە بەڕوونی ئەم حەقیقەتەمان پێ نیشان دەدات:
گەورەترین کارخانەکانی سەنعەتی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نەک لە لێوارئاوی دەریایی جنووب، بەڵکوو لە فەلاتی ناوەندی و لە کەویر درووست کردووە و ئاوی کاروونیان بۆ گواستووەتەوە. بەندئاوی “گۆتوەند” لە جنووبی ئێران سەرەڕای هەزینەی یەکجار زۆری سازکردنی، ملیۆنان میتری سێجای خوێ لەناوخۆیدا حەل کردووە و هەزاران هێکتار لە باشترین زەوییە کەشاوەرزیەکانی پشت بەندئاوەکەی کروودەتە شۆرەکات. بە پێی سەرچاوە دەوڵەتییەکان ٣٠ لەسەدی ئاوی ناو تۆڕی لولەکەشی شاری لەناودەچێت و هیچ هەوڵێک بۆ نۆژنکردنەوەی لولەکان ئەنجام نادرێت. لە حاڵێکدا کە سازکردنی لەڕادەبەدەری بەندئاوی کارناسی نەکراو بووەتە هۆی ویشک بوونی دەریاچەیەکی حەیات بەخشی وەک دەریاچەی ورمێ، لە هەمان حاڵدا پتر لە ٣٠ لەسەدی ئاوی پاشەکەوتی پشت بەندئاوەکان کە بۆ کەشاوەرزی بەکار دێت، بەفیرۆدەچێت. ستانداردی جیهانیی بەفیڕۆچوونی ئاو لە بواری کەشاوەرزیدا بەشێوەی مامناوەند ٦ لەسەدە. یهكێك له هۆكارهكان ههڵێنجانی لهڕادهبهدهری ئاوهكانی ژێرعهرزه كه تهنانهت به بارینیش قهرهبوو نهكراوهتهوه. به پێی ئامارهكانی دهوڵهت، نزیك به یهك ملیۆن چاڵاو له ئێراندا بوونی ههیه كه ٧٥٨ ههزاریان له سهردهمی دهسهڵاتی كۆماری ئیسلامیدا ههڵكهندراون. لهو نێوهدا ٢٠٠ ههزار چاڵاو به بێ بهڵگه و جهوازن و زۆربهیان بۆ ویلا و باغ و سهیرانگهی كهسیی دهوڵهمهند و سهرمایهداران لێدراون.
لە دواهاتەکانی ئەم باروودۆخە دەتوانێن بە چۆڵکرانی گوندەکان، کۆچکردنی بەرین، پەرەسەندنی پەراوێزنشینی، قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، بێکاری و هەژاری، کەوتنە مەترسیی ئەمنییەتی خۆراکی وڵات، پەرەسەندنی بیابان، پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی گەردیلەکان، ئاماژە بکەین.
هەموو ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی کارناسان لە بواری ئاو و سەچاوەکانی ئاو لە ئێران نیشانی دەدات کە حکوومەتی ئیسلامی و مافیای سپای پاسداران و بەرژەوەندی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان بووەتە هۆی توندبوونەوەی قەیرانی ئاو لە ئێران و لەگەڵ مانەوە و درێژبوونەوەی تەمەنی ئەم نیزامە خورافەپەرست و دژەزانستە، قەیرانی بێ ئاوی بووەتە قەیرانی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
تا کاتێک کە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت و نان، کار، مەسکەن و ئازادی و ژینگەی خەڵکی بە بارمتە گرتبێت، ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە کە بەرۆکی زۆربەی خەڵکی ئێرانیان گرتووە، بوونی نییە. ئەو دەزگا ئیدارییە گەندەڵەی کە ڕژیم پەروەردەی کردووە، توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ بەڵا سرووشتییەکانی وەک وشکەساڵی و چارەسەرکردنی ڕیشەیی کەم ئاوی نییە. بۆ ڕژیم ئەولەوییەت، بەردەوام سەرکوتی خەباتی دادخوازانە و ئازادیخوازانەی خەڵک و بە بەندکێشانی نەیارانی بووە. ئەم ڕژیمە هیچ خواستەیەک بە بێ ئەوەیکە لە لایەن خەڵکەوە هەست بە مەترسیی جیددی نەکات، وەدیناهێنێت. ئێران لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سرووشتییە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بگەڕێتەوە دەستی خاوەنانی بەرحەق و توانای واتە کرێکاران و شۆرای سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی ئازادانەی خەڵک، لە وەها وڵاتێکدا بەم ئاستە لە سەروەتی بەرین و هێزی داهێنەری لەبن نەهاتووی، بێگومان هەموو ئەو کێشانەی کە ژیانی ئەمڕۆی زۆربەی خەڵکیان بەمجۆرە بەفیڕۆ داوە، چارەسەر دەکرێن.