مانگی سەرماوەز یاده‌وه‌ریی کۆمەڵێکی دیكه لە جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی لەدژی مرۆڤه تێکۆشەر و ئازادیخوازەکانی له سینگ دایه. ئەم کۆمەڵە جه‌نایه‌ته، بەناوی قەتڵە زنجیرەییەکان لەناو پەروەندەی پڕ لە شەرمەزاریی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەدا تۆمار کراون. ئەم قەتڵانە لە دەیەی ٧٠ی هەتاویدا ڕوویانداوه و بە سەللاخیکردنی داریوش فروهه‌ر و پەروانە ئێسكه‌نده‌ریش دەستی پێ‌کرد. ئەم زنجیرە جەنایەتە بە ڕفاندن، ئەشکەنجە و کوشتنی ژمارەیەکی نادیار لە سیما ناسراوە چەپەکان و کەسانی سەربە مه‌یلی ڕاستی مەزهەبی و ناسیۆنالیستی کۆتایی هات. لە ئێستادا ناوی ٨٠ کەس لە قوربانیانی ئەم دەورەیەی ڕژیمی جەهل و خوڕافە و سەرمایە تۆمار کراوە. لەنێو ئەم قوربانییانەدا كه‌سایه‌تیی خۆشناو و سیمای تێكۆشه‌ر و ئازادیخوازی وەک مەحەممەد مووختاری و جەعفەر پویەندەش هەن.دەبێ بوترێت کە زنجیرە قەتڵەکانی دەیەی ٧٠، لە ڕاستیدا هاوکات بوو لەگەڵ هاتنەسەرکاری خامه‌نەیی، وەک ڕێبەری مەزهەبیی، و ڕەفسەنجانی، لەژێرناوی سەرۆک کۆمار‌دا، لە ساڵی ١٣٦٨ دەستی پێ‌کرد. بە واتایەکی دیكه ئەم قەتڵانە لە درێژەی کوشتاری بەکۆمەڵی ساڵی ٦٧ دا کە بە بڕیار و ده‌ستووری ڕاسته‌وخۆی خومەینی ئەنجامدرا، بەرنامەی بۆ داڕێژرا. سەرانی ڕژیم، وەک ڕەفسەنجانی، لە پاڵ ئەم قەتڵانەدا هەوڵیاندا بە پەیڕەویکردنی دڵخوازانە لە سیاسەتە ئابوورییە وێرانگەرەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پوڵ، ئابووریی وەرشکسته‌بووی کۆماری ئیسلامیی ڕزگار بکەن. ڕەفسەنجانی وەک نوێنەری سه‌رتاپای ڕژیم و سەرمایەدارانی بەشی دەوڵەتی و تایبەت بە دەرکردنی دەیان هەزار کرێکار، شناوەرکردنی ڕیاڵ و خسوسی سازییەکان هەوڵیدا ئابووریی کۆماری ئیسلامیی بە ئاراسته‌ی ئابووریی بازاڕی ئازاد و تێکەڵبوونی هەرچی زیاتر لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا به‌رێت. دژیه‌كییه ئابووریی و سیاسییەکانی ناو حکومەتی ئیسلامیی سەرمایەداریی لە ئێران و سەرهەڵدانی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی کرێکاریی لەسه‌ر ئاستی کۆمەڵگه، ئەم هەنگاوەی شکست پێ هێنا. قەتڵە زنجیرەییەکان کە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٧ دا گەیشته لوتکەی خۆی، بەو هیوایە داڕ‌ێژرابوو، بۆ ئه‌وه‌یكه دەرفەتێک بە دەوڵەتی خاتەمی بدرێت هه‌تا به‌شكه‌م سەرمایەداریی ئێران لە هەڵدێری وەرشکسته‌بوون ڕزگار بکات. بەڵام به‌دوای ئه‌وه‌دا كه ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و دەرەکیی دەستی پێ‌کرد، دەوڵەتی خاتەمیی ناچار کرد ئیعتیڕاف بکات کە قەتڵە زنجیرەییەکان کاری وەزاڕەتی ئیتلاعات بووە. باقی سەران، بۆ پاكانه‌كردن بۆ ڕژیم، مه‌سئولییه‌تی قەتڵەکانیان خستە ئەستۆی چەند بڕیارده‌ری ئەشکەنجە و کوشتار، یان چەند ئەشکەنجەگەرێکی وەزارەتی ئیتلاعات. مه‌قاماتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات ئەوانیان گرت و بردیاننە ژێر ئەشکەنجەیەکەوە کە پێشتر خۆیان لەدژی تێکۆشەران و نەیارانی ڕژیم بەڕێوەیان دەبرد. ئەوان لەم پێوەندەدا بڕیارده‌رانی شکەنجە و ئەشکەنجەگەرانی پێشوویان خسته‌ژێر هه‌مان ئه‌شكه‌نجه‌وه كه پێشتر خۆیان ئه‌مه‌یان له‌دژی خه‌باتكاران و نه‌یارانی ڕژیم به‌كار ده‌هێنا. ئه‌وان له‌م پێوه‌نده‌دا بڕیارده‌رانی ئه‌شكه‌نجه و ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانی پێشوویان وەها ئەشکەنجە کرد کە ناچار بن ده‌قی ئه‌و ئێعترافاته بدركێنن كه دڵخوازی خامه‌نەیی و باقی سەرانی ڕژیم بوون. هه‌ر بۆیه ناچار كران كه فاكته‌ری ده‌ستی ده‌وڵه‌تانی بێگانەی وەک دەوڵەتانی ئامریکا و ئیسڕائیل به ڕێكخه‌ری ئه‌م جه‌نایه‌ته بناسێنن و بڵێن كه بە دەستوری ئەوان جووڵاونەتەوە. دواتر بەرپرسی سەرەکیی پەروەندەکەیان ژه‌هرخوارد كرد و ئەوانی دیكه‌شیان ڕاپێچی زیندان كرد.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێک به‌سه‌ر تەوافوقاتی هەستەیی، به‌ناو “ئیقتیدار”ه پووشاڵییه‌كه‌ی ڕژیمیش لەبەرچاوی جەماوەری خەڵك، زه‌بری دیكه‌ی وێكه‌وتووه. له هه‌مان كاتدا و به‌دوای ڕێككه‌وتنه هه‌سته‌ییه‌كان، ئامراز و بیانووی ته‌حریم و به‌ربه‌ره‌كانێكردنی “غه‌رب” و ئه‌م بڕۆبیانووانه بۆ پشتگوێخستنی ویست و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك، له ده‌ستی ڕژیم ده‌رچووه. لە وه‌ها بارودۆخێكدا کاسەی سەبر و چاوەڕوانیی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش زیاتر لە پێشوو پڕ بووە و خەباتی کرێکاران بۆ هێنانه‌دی ویست و داخوازییەکانیان لەماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا پەرەیسەندووە. خەباتی ئێستای کرێکاران دەرفەتێکی نوێی بۆ هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی ڕه‌خساندووه، هه‌تا پەرە بە بزووتنەوەی موتالباتی بدەن. بە لەبه‌رچاوگرتنی دیمەنگای پەرەسەندنی خەباتی کرێکاریی و جەماوەریی، کۆماری ئیسلامیی بڕیاری ئه‌وه‌ی داوه كه ئیجرای “بەرجام” له ڕێگه‌ی سه‌پاندنی کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر فەزای سیاسیی ناو کۆمەڵگه بەرەوپێش ببات. بەرینتربوونەوەی شەپۆلی ئێعدامەکان و درێژەی گرتن و زیندانیکردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و کۆمەڵایەتیی، داخستنی ڕۆژنامەکان، توندکردنەوەی سانسۆر و ناچارکردنی ڕاگەیەنەرەکان بە خۆسانسۆڕکردن، پەرەگرتنی جموجۆڵی گروپەکانی گوشار بۆسەر ژنان و لاوان، هه‌ر هەمووی ئەمانە، بەشێکن لە هەوڵێكی بەرنامەبۆداندراوی ڕژیم، کە به‌نیازه بۆ بەرگرتن لە هەڵچوونی قین و توڕەیی جەماوەر، تێكڕای ڕێگه‌كانی هەناسەدانی کۆمەڵگه دابخات. دەوڵەتی ڕوحانی لەم دەورەیەدا له‌پاڵ سپای پاسداران و ویلایەتی فەقیهدا، به مه‌به‌ستی تووندكردنه‌وه‌ی فه‌زای ئیختناق له‌ناو كۆمه‌ڵگه، لایەنی ڕەسمی و ئیجرایی داوەتە سەرجەمی ئه‌م سه‌ركوتگه‌رییانه.
بەڵام دەبێ سه‌رنج بده‌ینه ئه‌وه كه، ڕژیم لە هه‌مان كاتدا كه هێشتا توانای سەرکوتگه‌ریی ماوە، بەڵام لەوه‌ها مه‌وقه‌عییەتێکدا نییە کە بتوانێ فەزایه‌كی هاوچه‌شنی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ. بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێران، جێی قیاسكردن لەگەڵ دەیەی ٦٠ نییە. ڕژیم لەو کاتەدا بەسەر دەریایەک لە تەوەهۆمی خەڵکه‌وه ده‌سه‌ڵاتی دەکرد. مرۆڤه ئینقلابیی و ئازادیخوازەکان، هێشتا هه‌ر سه‌رقاڵی ته‌حه‌مولكردن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه قوورسەکانی سەرچاوەگرتوو لە سەرکوتی خوێناویی “ئینقلاب”ی 57 بوون. شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق نە تەنها پاشه‌كشه‌ی به هەموو داواکارییە ئابووریی و سیاسیەکان کرد و ناسیۆنالیزمی ئێرانیی وەجۆش هێنابۆوه، بەڵکوو ببووە ئامرازێکی ده‌ستی ڕژیم بۆ کپکردنی هەموو دەنگێکی ناڕازیی و نەیار. ئەمڕۆ نەك هه‌ر خه‌به‌رێك لە خێڵی ئه‌و پاسدار و بەسیجییانه نییه کە به کلیلی بەهەشت له ملەوە، ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ دەکران، بەڵکوو نیزامی ئیسلامیی لە ده‌روون و ناوخۆیه‌وه هه‌ره‌سی هێناوه، کێشمەکێش و شەڕی باڵەکانی ناو حکومەت لەسەر ئێستراتێژیی مانەوەی ڕژیم، پەرەی گرتووە و ناسەقامگیریی و گومان و ڕاڕایی له‌سه‌ر ئیمکانی درێژەی حەیاتی ڕژیم لەنێو ڕیزی هێزە ناسراو به “خۆدی”یه‌كانیشدا زیاتر بووە. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئەمانە، خەباتی نه‌پسانەوەی کرێکاران و ژنان و باقی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگه بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا هێدی هێدی هاوسەنگیی هێزی بە قازانجی بەرەی خەباتی خەڵک گۆڕێوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانه، دەبێ هەوڵبدرێت کە کرێکاران و هەڵسووڕاوانی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی، له‌ڕێگه‌ی پەرەدان بە خەبات لە دەوری ویست و داخوازییەکانیان بە ئاڕاستەی یەکگرتووکردنی هه‌رچی زیاتری خەباتیان و پێكهێنان و پەرەدان بە تەشەکولە چینایەتیی و سیاسییەکاندا، هەنگاوی خێراتر هەڵبگرن. له میانه‌ی بەرەوپێشچوونی ئەم ڕەوتەدایه کە زەمینە و بواری یەکگرتوویی بزووتنەوەی کرێکاریی لەگەڵ باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانیش فەراهەم دەبێت و هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌وه دەکرێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە توندکردنەوەی شەپۆلی سەرکوتگه‌ریه‌كانیدا ناچار بە پاشەکشە بکرێت و لە هەموو لایەکەوە بخرێتە ژێر زەخت و گوشار.