یکشنبه, دسامبر 4, 2022
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قیمەتی فەڕغوونێک پانزدە بەرابەری قیمەتی ماشێنێکی ژیانی چل ساڵ لەمەوبەر

گرانی سەرسووڕهێنەری هەموو پێداویستییەکانی خەڵک لە خۆراکەوە تا دەرمان، لە قیمەتی شوێنی نیشتەجێ بوونەوە تا پۆشاک، لە هەزینەی هاتووچۆوە تا پەروەردەی منداڵان کابووسی هەموو ڕۆژێی ملیۆنان دایک و باوک و پیر و لاوی وڵاتی ئێرانە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئابووریی “تەعادۆل”ی چاپی تاران:

ساڵی ٩٩ بە چوونەسەرەوەی بێوێنەی کاڵا پێویستەکان تێپەڕ بوو. بەڵام شەپۆلی گرانی گەیشتە ساڵی ١٤٠٠یش. بەجۆرێک کە هەموو ڕۆژێ شایەدی گرانبوونی یەکێک لە پێداویستییەکانی ناو بازاڕین. “ڕۆژێک شەکر وەگیر ناکەوێت و گران دەبێت، ڕۆژێک برینج و ڕۆن”. “ڕۆژێک باسی گرانیی میوە و سەوزییەکانە، ڕۆژێکی تر دەنگۆی گرانیی شیرەمەنییەکانە”، “هەزینەی سەبەدی بەکارهێنانی بنەماڵەکانیش بەتاڵتر و گران تر دەبێت.” ئەوەش لە حاڵێک دایە کە کاربەدەستانی دەوڵەت ڕایانگەیاندووە کە لانیکەم تا مانگی گەلاوێژ شایەدی چوونەسەرەوەی قیمەتەکان نابین. بەڵام ئەوەیکە لەم ڕۆژانەدا خەڵک لە بازاڕدا لەگەڵی ڕووبەڕوون، بابەتی گرانییە. بەجۆرێک کە لە نیوەی دووهەمی مانگی خاکەلێوەوە، قیمەتی پێداویستییەکانی ناو ماڵ تا ڕێژەی ٢٥ لەسەد بەرز بۆوە. بەشوێنیدا، سیمان ٢٠ لەسەد، ڕۆن ٣٥ لەسەد و مریشک ٢٢ لەسەد بەشێوەی ڕەسمی گران بوون. سەرەڕای ئەم باسانە، باس لە چوونەسەرەوەی ٥٠ لەسەدیی قیمەتی نان و بەرزبوونەوەی چەندین بەرابەری قیمەتی شیرەمەنی و شەکر دەکرێت. ناوەندی ئاماریش لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی تەورۆمی ساڵانەی مانگی گوڵانی ١٤٠٠ بۆ بنەماڵەکانی ئێران گەیشتووەتە ٤١ لەسەد کە نیسبەت بە مانگی پێشوو، دوو و یەک دەهومی لەسەد چووەتە سەرێ. هەروەها ڕێژەی تەوەڕۆمی نوقتەیی لە مانگی گوڵانی ١٤٠٠دا گەیشتووەتە ٤٦ و ٩ دەهومی لەسەد. واتە بنەماڵەکانی دانیشتووی ئێران بەشێوەی مامناوەند ٤٦ و ٩ دەهومی لەسەد زیاتر لە مانگی گوڵانی ١٣٩٩ بۆ کڕینی یەک “کاڵا و خزمەتگوزاریی یەکسان” هەزینەیان کردووە.

لە وڵام بە ڕەوتی سەرسووڕهێنەری گرانی، دەوڵەتی ڕەئیسی یارانەی نەغدیی دوو بەرابەر کردووە. بەڵام لە حاڵێک دا کە بوودجەی ساڵی ١٤٠١ی دەوڵەتی ڕەئیسی کەسریی نجوومیی هەیە، پرسیار ئەوەیە کە دوو بەرابەرکردنی یارانەکان لە کوێوە دابین دەکرێت. هەڵبەت لە بەرنامەی بوودجەی ساڵی ١٤٠١دا وڵامی ئەم پرسیارە دراوەتەوە: لەڕێگەی قەرزکردن لە بانکی ناوەندی و گران کردنی زیاتری قیمەتی بێنزین. هەزینەی گران کردنی بێنزین و سووتەمەنی و چاپی پارە، نەک کەسانی سەرمایەدار کە بەخاتری داهاتی بەرینیان دەبێ ماڵیات بدەن، بەڵکوو بێبەشترین توێژەکانی کۆمەڵگا دەیدەن.

ڕۆژنامەی “ئینتخاب”ی چاپی تاران لەم بوارەدا لە وتووێژ لەگەڵ کارناسێکی ئابووری دەنووسێت: “لە باروودۆخی ئێستادا ڕێژەی پشتیوانییەکان لە جیات دوو بەرابەر، دە بەرابەریش بکرێت هیچ دەردێک لە خەڵک دەوا ناکات بەڵام هەزینەکانی ژیانی خەڵک یەکجار دەباتە سەرێ.”

بۆ ڕوون بوونەوەی زیاتری ڕێژەی تەورۆم و گرانی لە حکوومەتی ئیسلامیدا دەتوانین چاوخشاندنێکمان بێت بەسەر ئاڵوگۆڕەکانی بەهای پارەی ئێران لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و تەنانەت لەگەڵ توانای کڕینی خەڵک لە وڵاتێکی ئۆرووپایی هەڵسەنگێندرێت، واتە ئەو بابەتەی کە لەژێرناوی “داهاتی بە توانا و خەرج بە دۆلار” باسی لێ دەکرێت.

لە سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی حەقدەستی زۆرێک لە کرێکاران و کارمەندان نزیکەی یەک یان دوو هەزار تمەن بوو و باشترین داهاتەکان زۆر بە دەگمەن لە دە هەزار تمەن دەچووە سەرێ. سەرەڕای وەها حەقدەستێک، ئاستی هەژاری و بێبەشی لە کۆمەڵگادا یەکجار خوارتر لەمڕۆ بوو کە حەقدەستەکان بۆ هەر ئەم کارانە، بووەتە ملیۆنی و ئاستی هێڵی هەژاری لە شارە گەورەکان، ژێر دە ملیۆن تمەن لە مانگدا حیساب دەکرێت. جەمعییەتی خەڵکی هەژار پتر لە چل ملیۆن کەس یان نیوەی خەڵکی دانیشتووی ئێران بەراورد دەکرێت.

حەقدەستی ڕۆژێکی کرێکار و کارمەند لەئێستادا بەشی کڕینی چەند نان، هێلکە و چەند کیلۆ گۆشت و مریشک ناکات. لە وڵاتانی پێشکەوتوو خەڵک بە لانیکەمی حەقدەستی یەک سەعات کارەوە دەتوانن هەر ئەم پێداویستیانە دابین بکەن.

لە حاڵێکدا کە بازاڕی هاوردە و هەناردە کردنی ئێران لە لایەن سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەربە عەلی خامنەییەوە کۆنتڕۆڵ و ڕێبەری دەکرێت، باندی عەلی خامنەیی، ناوەندە نیزامی و ئەمنییەکان، تۆڕی ئاخوندەکانی حکوومەت و ناوەندە مەزهەبییەکان هەموو بەندەرەکان و گواستنەوەی کاڵا و سەرمایەیان بەدەستەوەیە و خۆیان و بنەماڵەکانیان نوقمی گەندەڵیی سیستماتیکن و زۆربەی خەڵکی ئێرانیش لەگەڵ مۆتەکەی گرانی بەرەوڕوون.

دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران، سەرانی دزی و گەندەڵی، ئاخوندە مفتەخۆرەکان کە بە سوڵتانەکانی ئەم یان ئەو کاڵا ناوبانگیان دەرکردووە هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانییە کەمەرشکێنەن. ئەگینا چۆن دەبێت قیمەتی فەڕغوونێک ئەمڕۆ سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن بێت و قیمەتی ماشێنێکی ژیان لە سەرەتاکانی هەر ئەم دەسەڵاتەدا، سی هەزار تمەن بووبێت. واتە یەک فەڕغوونی ئەمڕۆ بەرابەر بێت لەگەڵ ١٥ ماشێنی ژیان لە ٤٢ ساڵ لەمەوبەر.

بێگومان گرانی و چوونەسەرەوەی هەژاری و بێکاری کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر باروودۆخی کار، ژیانی ژنان و پیاوانی کرێکار و خەڵکی بێبەش و تەندرووستیی منداڵانیان داناوە و ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەش لەژێر باری گرانیی و هەژاریدا بەفیڕۆ دەچێت. پێویستە بە هەوڵی بەردەوام بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی مافخوازیی ئێستا، بەرەو ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە نگریسە هەنگاو هەڵگرین و بەمجۆرە بەر بە لەناوچوونی ژیان بگرین.

بابەتی پەیوەندیدار

  بەیانیەی حیزبی کومونیستی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە ١٦ سەرماوەز رۆژی دانشجو

-

ماتەمی کۆماری ئیسلامی و شادمانی خەڵک لە پەڕاوێزی دەرچوونی تیمی کۆماری ئیسلامی لە کێبەرکێکانی جامی جیهانی

-

   سەرکەوتنی شۆڕش لە گرەوی هەتنە مەیدانی کرێکاران، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دایە

-

    ئیبتیکاری عەمەل لەسەر شەقام و لە سۆشیال مێدیا بەدەست خەڵکەوەیە 

-

خەڵکی ئێران ناگەڕێنەوە بۆ بارودۆخی سێ مانگ لەوەپێش

-

حکومەتی ئیسلامی و یاریی دوو لایەنەی سەرکوتی بە ئاشکرا و خۆفریودان

-