دەزگای قەزایی ئێران وەک هەموو ناوەندەکانی تری حکومەت لەژێر سوڵتەی حکومەتێکی مەزهەبیدا بەڕێوەدەچێت، بناغهی سیستمی قەزایی ئەمرۆی ئێران لەسەر یاسای شەریەعەت داندراوە. لەم سیستمە کۆنەپەرستیەدا، ژن مافی قەزاوەتی نییە و لە هەموو قۆناغە جۆراو جۆورەکانی دادگایی کردندا، وەک نیوەی پیاو بەحیساب دێت. قانونی قەساس، سەنگسار، تەعزیر و شێلاق لێدان بە بەرچاوی خەڵکەوە لە زومڕەی ئامرازەکانی ئەم دەزگا دژی خەڵکیەن.ئەوە تەنیا زیندانیانی سیاسی نین کە دەکەونە بەر ئەشکەنجەی وەحشیانە، بەڵکو قوەی قەزاییەی ڕژیم سەبارەت بە زیندانیانی عادیش هەربەو جۆرە دەجوڵێتەوە. چەند ساڵ لەوەپێش کاتێک کە پەتەی بازداشتگای کەهریزەک کەوتە سەر ئاو و دەرکەوت کە لەم ئەشکەنجەگا سەدەی ناوەڕاستیەدا چ جینایهت گهلێك دەربارەی زیندانیانی سیاسی رووی داوە. لهو كاتهدا ئاشکرا بوو کە زیندانیان بە سیاسی و نا سیاسیەوە لە چ بارودۆخێکی وەحشەتناکدا ڕادەگیرێن، یەکێک لە پاساوەکانی پڕ لە شەرمەزاری کاربەدەستانی ڕژیم لە بارەی ئەم گرتوخانەیەوە ئەوە بوو کە ئەم شوێنە پێشتر بۆ زیندانیانی ئاسایی کەڵکی لێوەرگیراوە. هێشتا بیروڕای گشتی لە وردەکاری پێوەندیدار بەوەی کە بەسەر ئەو لاوانەدا هاتوە کە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا لەژێر ناوی ئەڕازل و ئەوباش، بەناو زیندانیانی عادی براون بۆ ئەم زیندانە ئاگادار نییە. رۆژ نییە کە کۆمەڵێک داستانی وەحشەتناک لە بارودۆخی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کە لەودا زیندانیانی سیاسی و عادی بە یەکەوە ڕادەگیرێن، لە تۆڕ و شەبەکە کۆمەڵایەتیەکاندا بلاو نەبێتەوە.
ئەو حوکمانەی کە لە بێدادگاکانی سەربە قوەی قەزاییەدا دەر دەکرێن، نە تەنیا سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی کە هەموان ئاشنای پێشینەکەین، بەڵکو تەنانەت دەربارەی زیندانیانی عادیش لەسەر بنەمای ترساندن، ئەشکەنجە و ئیعتیڕاف وەرگرتنی نا ڕاست دادەنرێن. زۆرن ئەو ئینسانە بێتاوانانەی کە بە تاوانی ئەنجامدانی خەتایەکی عادی ملیان بە پەتی داری ئێعدامدا کراوە و یان ساڵەکانی تەمەنیان لە کۆشەی زیندانەکاندا بە هەدەر چووە.
لەم سیستمەدا ئافتاوە دزەکان دەگیرێن و دزیە کەڵانە ملیاردیەکان پەردەپۆش دەکرێن. لەم سیستمەدا وردە فرۆشانی مادەی هۆشبەر سزا ئەدرێن، بەڵام بڵاو کەرەوە عومدەکانی ئەم مادەیە یان خۆیان لە کاربەدەستانی پلە بەرزن و یان کاربەدەستانی پلە بەرزی وڵات هاوبەش و شەریکیانن. لەم سیستمە قەزاییەدا ژنانێكی زۆر کە لە سایەی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و بێبەشیە ئابووریەکاندا بە ناچاری ڕازی بە لەشفرۆشی بوون، دەکەونە بەر سوکایەتی پێکردن و زیندانی ئەکرێن، بەڵام دامەزرێنەرانی عیشەرەتکەدە تایبەتەکانی سەروەتمەندان ئازاد دەکرێن و لە سایەی ئەو سەروەتە پیس و ناڕەوایەی سەریەکیان ناوە بونەتە خاوەنی ژیانێکی خەیاڵی.
لەم سیستمەدا قاچاقچیانی ئینسان کە سەریان لە ئاخوڕی حکومەتدایە، کچانی لاو وەک کۆیلەی جنسی دەکێشنە وڵاتانی شێخ نشنی کەنداوەوە و لە بەرانبەردا قوەی قەزاییەی ئێران ژنانی بەد حیجاب محاکمە دەکات و گەشتەکانی تایبەتی ئازادی تاکەکەسی خەڵک لەژێر ناوی پاسداری لە ئەخلاقی ئیسلامی پێشێل دەکەن. ئەو قانونە دژ بە ژنانەی کە نیوەی دانیشتوانی کۆمەڵگەی لە مافە سەرەتاییە فەردی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و بنەماڵەییەکانیان بێبەش کردوە لەم دەزگای قوەی قەزاییەدا بە وردی ئامادەکاری بۆدەکرێت.
قوەی قەزاییەی ئێران لە گەندەڵ ترین ناوەندە حکومەتیەکانە. ئەم ناوەندە لەسەر بنەمای نا دادپەروەرانە ترین و کۆنەپەرستانە ترین قانونی ئەم سەردەمە کە پاشماوەی دەورانی جاهلیەت لە شێوە دوڕگەی عەرەبستان و دادگاکانی سەدەی نێوڕاستی لە ئورەپایە، بەڕێوەدەچێت.
قوەی قەزاییە لە ئێران لە قوەی مەجریە و دەزگا سەرکوتگەر و ئەمنییەتییەکان سەربەخۆ نییە.
سەربەخۆیی بەتەواوەتی سیستمی قەزایی لە سیستمی ئیجرایی داواکاریەکی ڕەوایە. سەرجەم قازیەکان دەبێ هەڵبژێردراو بن و لە لایەن خەڵکی هەر ناوچەیەکەوە هەڵبژێردرێن دەبێ هەرکاتێکیش زۆرینەی خەڵک ویستیان، ئەوان لە نوێنەرایەتی لابدرێن. سەرجەم دادگایی کردنەکان دەبێ ئاشکرا بن و بە ئامادە بوونی هەیئەت مونسفە بەڕێوەبچن. هەموو ئەشکەنجە و یان ههر چهشنه گوشارێک لەسەر کەسی زیندانی قەدەغەیە و ئەوانەی ئەم توندتیژیانە ئەنجام ئەدەن بە تاوانبار ئەناسرێن. سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە. زیندانی بە هەر تاوانێک گێرابێت دەبێ خاوەنی بەڕێوەچوونی محاکمەیەکی دادپەروەرانە بێت، هیچ کەس نابێ بەبێ پێڕاگەیاندنی تاوان زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر ئەویش لە گرتوخانەیەکی کاتیدا ڕابگیرێت. هەموو کەسێک کاتی گیرانی دەبێ بەخێرایی لەگەڵ مافەکانی ئاشنا بکرێت، لەوانە پێی بوترێت کە دەتوانێ وەکیلەکەی ئاگادار بکاتەوە. هیچ دادگایی کردنێک نابێ لە بارودۆخێکدا بەڕێوەبچێت کە ئیمکانی داوەریەکی عادلانە لە ههیئهتی مونسفە زهوت بکات.
هیچ کەس ناتوانێ لەبەر عەقیدە و لەبەر چالاکی سیاسی بخرێتە زیندان. ئازادی عەقیدە و ئازادی کۆبونەوە، خۆپیشاندان و ئازادی لە هەڵسورانی سیاسیدا مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو تاکێکە لە کۆمەڵگادا. گشت ئەمانە لە زومڕەی ئەو مافە سەرەتاییانەن کە لەسیستمی ئیستبدادی مەزهەبی زاڵ بەسەر ئێراندا بەتوندی پێشێل دەکرێن.