وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی بە هەواڵنێریی فارسی سەربە سپای پاسدارانی وتووە کە: “بە بەشی گەڵاڵە و بەرنامەی وەزارەتخانەکان مەئمووریەتم داوە تا سیستمێک پێکبێنن کە پێشێلکارییەکانی بەکارنەهێنانی زمان و خەتی فارسی هۆشدار بدات.
دەرکردنی ئەمجۆرە فەرمانانە لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە بابەتێکی تازە نییە. قەدەغەکردنی خوێندنی منداڵان بە زمانی دایک، لەبەرچاونەگرتنی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی خەڵکێک کە سەدان ساڵە بەرهەم دێت و بهردهوام دهوڵهمهندتر بووه، بەشێک لە هەڵاواردن و ستەمێکە کە بەسەر کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران دا دەسەپێت.
مانگی ڕەزبەر و سەرەتای ساڵی خوێندن لە ئێران بە پێشێلکردنی مافی چەند ملیۆن خوێندکارەوە دەستپێدەکات کە زمانی دایکییان لە ناو سیستمی پەروەردەی حکوومەتی ئیسلامیدا نەتەنیا بەڕەسمی ناناسرێت، بەڵکوو خواستی وەدیهاتنی ئەم مافە سەرەتایی و ئینسانییە کە بەشێک لە مافی جیهانیی ئینسانە لەگەڵ سەرکوت و زیندان بەرەوڕوو دەبێتەوە.
پتر لە سەد ساڵە کە شارەزایانی پەروەردە و بارهێنان و هەروەها کارناسانی بواری زمان لەسەر ئەم باوەڕەن کە فێرکاری و خوێندن بە زمانی دایک هۆکاری جیددیی پشکوتنی زەین و فێربوونی منداڵە و بەڕەسمی نەناسینی ئەم مافە، گەلێک زیان و گرفتی لە بواری کۆمەڵایەتی، کلتووری و گەشەی زەینی منداڵان لێدەکەوێتەوە.
ئەمڕۆ لە زۆر بەشی جیهان مافی فێربوون بە زمانی دایک بەڕەسمی ناسراوە و لە ئاستێکی ملیاردیدا لەم مافە کەڵک وەردەگیرێت. وڵاتێکی پڕ جەمعییەتی وەک هێندووستان تەنیا نموونەیەکیانە کە تێیدا دەیان زمانی ڕەسمی بوونی هەیە و فێرکاری بە هەموو ئەم زمانانە لە ئارا دایە.
بەدەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئۆرووپایی و ئەمریکایی کە خوێندن بە زمانی دایک ماف و بابەێتکی سەرەتایی و قەبووڵکراوە، هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە وڵاتانێکی وەک عێراق و سووریەش خوێندن بە زمانی دایک بوونی هەیە و تەنانەت لە سەردەمی دیکتاتۆریی سەدام حسێنیشدا منداڵانی کوردستان لە مەدرەسەکاندا بە زمانی کوردی دەیانخوێند و ئێستاش لە دەیان زانکۆی گەورە و چکۆلە بە زمانی کوردی، پێشکەوتووترین لقەکانی خوێندن دەوترێتەوە.
لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسانە لە بواری پەروەدە و بارهێنان لە ئێران نیشانی داوە کە ئاستی دەستهەڵگرتن لە خوێندن و سەرکەوتوو نەبوون لەو ناوچانە لە ئێران کە زمانی خەڵکەکەی فارسی نییە لەسەرترە و شادی و ڕەزایەتی منداڵان و خوێندکاران زۆر لەخوارترە. وڵاتانێکی زۆر لە ئاستی دنیادا هەن کە بە دوو یان سێ زمانی ڕەسمی، نەتەنیا کاروباری بواری پەروەردەوە و بارهێنانیان ڕێکخستووە، بەڵکوو زمانی ئیداری، میدیایی و یاساییش هەر ئەو زمانە دایکییەیە کە ئەندامانی بنەماڵە لە ماڵێدا قسەی پێدەکەن. نموونە بەرچاوەکانی هێند، سویس، کانەدا و سپانیان.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەتەنیا زمانی دایک و مافی خوێندن بەم زمانە قەبووڵنەکراوە، بەڵکوو بە ئەمنییەتی کردنی خوێندن بە زمانی دایک، بە دەستبەسەرکردن و موحاکمەی موعەلیمانی زمانی دایک لەوانە زارا محەممەدی، ئاگاهانە و بە بەرنامە هەوڵ دەدات پێناسی زمانی و کلتووریی خەڵک بە حاشالێکردن و سەرکوت، بە زۆر و گوشار بەرەو شیعەگەری و فارس بوونی ئیجباری بەرێت.
ئەو زمانانەی کە هێندێکیان هەزاران ساڵە بۆ شکلگرتن و پەرەسەندنیان کار و زەحمەت کێشراوە، لە ئێستادا بەهۆی سەرکوت و دیکتاتۆرییەوە، لەژێر هەڕەشەی جیددی دان و سیستمی گرامێر و دەستووری، وشە و جۆری وتنیان لەگەڵ هێرشێکی هەمەلایەنە بەرەوڕوو بوونەتەوە.
لە ئێران هێندێک لەسەر ئەو باوەڕەن کە شەڕ و کێبەرکێ لە نێوان زمانە باوەکانی ئەم وڵاتەدا لە ئارادایە و گۆیا زمانی بەهێزتر و باشتر پایەدار دەبێت و زمانەکانی دیکە بەناچار لاوازتر دەبن و لەناودەچن. ئەم باوەڕە کە کۆمەڵگەی مرۆڤی لەگەڵ جەنگەڵ لێ تێکچووە، کردەوەی مەترسیدار و کارەساتباری لێدەکەوێتەوە کە تێیدا لە نەبەردێکی نابەرابەر، لایەنێک هیچ ئامرازێکی پەروەردە و بارهێنان و تەبلیغاتی لە ئیختیار دا نییە و لایەنێکی دیکەش هەر هەموویانی داگیر کردووە. ئەمانە ڕێگاخۆشکەری سیاسەتی کۆنەپەرستانە و دژەمرۆیی و دژەکلتووریی کۆماری ئیسلامی دژبەو جەماوەرەیە کە زمانی دایکییان فارسی نییە.
نکۆڵیکردن لە مافی خوێندن بە زمانی دایک نەتەنیا لەلایەن حکوومەتەوە لە ئارا دایە، بەڵکوو هێندێک بەشی ڕووناکبیر و تەنانەت ئاکادێمیک، هێزی ئۆپۆزیسیۆن و شاعر و نووسەریش لە زۆر بواردا هەمان هەڵوێست و بۆچوونی کۆماری ئیسلامییان هەیە بەڵام شەرمێونانە و ناڕاشکاوانە. بیانووی کۆن و هەمیشەیی ئەمانە حاشالێکردن لە مافی خوێندن بە زمانی دایک لەپێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاک و لەڕاستیدا حاشالێکردن لە بوونی نەتەوە و کلتوورە جیاوازەکانە لە ئێران.
سەرەڕای ئەوەیکە خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سەرەتایی و ئینسانیی هەموو کەسە، پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگاش لە گرەوی پشکوتنی هەموو تواناییەکانی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە دایە کە فێربوون بە زمانی دایک یەکێک لە بنەما ئەساسی و گرینگەکانێتی.
جۆراجۆربوونی زمان و کلتوور لە ئێران نەتەنیا هەڕەشە نییە، بەڵکوو هۆکار و فاکتۆری دەوڵەمەند کردنی کلتوورە و پۆتانسیەلێکە بۆ گەشەکردن. حاشالێکردن لە مافی نەتەوەیی و بەڕەسمی نەناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایک، پێشێلکرنی مافی ملیۆنان کەس لە هاووڵاتییانی ئێرانە کە زمانی دایکییان زمانی فارسی نییە.
منداڵان دەتوانن بە ئاسانی چەند زمان فێربن و منداڵی چەند زمانە توانای فێربوونی لەسەرترە. بەڕەسمییەت ناسینی مافی خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا بە زمانی دایک، بنەمای سەرەکیی پێگەیشتنی کەسایەتیی سالمی منداڵان و تازەلاوانە و ڕێگایەکە بەرەو پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵ.
PAGE \* MERGEFORMAT2