له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ جارێكی دیكه، ته‌وه‌ری داگیركاریی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و بڕیاری ئه‌م ده‌وڵه‌ته بۆ په‌یوه‌ست كردنی یه‌ك سێهه‌می لێواری ڕۆژاوای ئۆردۆن له وڵاتی فه‌له‌ستین، هاته ناو میدیاكانه‌وه. ئه‌وه‌یكه هه‌تا ئێستا ڕاگه‌یه‌ندراوه ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل به‌نیازه چه‌ند به‌شێك له لێوارئاوی ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن داگیر بكات و به ته‌واوی وه‌ك به‌شێك له وڵاتی ئیسرائیل له‌قه‌ڵه‌می بدات. ئه‌م پڕۆژه‌یه له ڕاستیدا، به‌شێكی دیكه‌یه له گه‌ڵاڵه‌ی “موعامه‌له‌ی قه‌ڕن“ه‌كه‌ی ترامپ و نه‌تانیاهوو. ئه‌وان له ٢٨ی ژانویه‌دا له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا، باسیان له گه‌ڵاڵه‌ی كۆشكی سپی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ژێر ناوی “موعامه‌له‌ی قه‌ڕن” كرد. یه‌كه‌مین هه‌نگاوی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه، ناساندنی ئورشه‌لیم وه‌ك پێته‌ختی ئیسرائیل بوو. له ئێستاشدا قه‌راره به‌شێكی دیكه‌ی شكڵ بگرێت. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، بۆ جارێكی دیكه، ڕۆژی چوارشه‌ممه، له‌سه‌ر پشتیوانیی ئه‌مریكا له‌م گه‌ڵاڵه‌یه پێداگری كرد و ڕایگه‌یاند كه بڕیار له‌سه‌ر چونیه‌تی به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی، وه‌ئه‌ستۆی ئیسرائیله. ڕاگه‌یاندنی قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌م په‌یوه‌ست كردنه له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه له‌گه‌ڵ كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆر به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به‌شێكی زۆر له ئه‌ندامانی شۆرای ئه‌منییه‌ت، یه‌كیه‌تیی عه‌ره‌ب، هه‌ر كامیان به به‌جۆرێك ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان له ئاست ئه‌م بڕیاره ده‌ربڕی و باسیان له دواهات و نائارامیه‌كانی به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه له ناوچه‌ی پڕ له كێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد. هێندێكیان ڕایانگه‌یاند كه بڕیاری یه‌ك لایه‌نه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، پێكهێنانی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین، كه له بڕیارنامه‌ی ساڵی ١٩٤٧ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه، له‌گه‌ڵ كێشه‌ی گه‌وره به‌ره‌وڕوو ده‌كاته‌وه. “گه‌ڵاڵه‌ی موعامه‌له‌ی قه‌ڕن” و بڕیاری هه‌تا ئێستای ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ئه‌ونده بێشه‌رمانه‌یه كه ته‌نانه‌ت ناڕه‌زایه‌تیی پتر له ٨٠ له‌سه‌دی نوێنه‌رانی حیزبی دیمۆكراتی ئه‌مریكای، كه به لایه‌نگرانی جیدیی ئیسرائیلش ده‌ناسرێن، لێكه‌وتووه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان ده‌شزانن كه ئه‌م ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه، له دوعای یهكشهممانهی قه‌شه‌یه‌ك زیاتر نییه و له باشترین حاڵه‌تدا بۆ ئه‌وه‌یه كه خه‌می بیسه‌ر بڕه‌وێنێ. ئیماڕاتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی و پاشای ئۆردۆن ڕایانگه‌یاندووه كه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دست بداته وه‌ها كرده‌وه‌یه‌ك، په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌پسێنن. ئه‌گه‌رچی ڕاگه‌یه‌ندراوه كه نه‌تانیاهوو، ڕۆژی هه‌ینی، له په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فونیدا له‌گه‌ڵ مه‌حموود عه‌باس ڕایگه‌یاندووه كه ته‌نیا به‌شێك له گونده یه‌هوودی نشینه‌كان په‌یوه‌ست ده‌كاته‌وه، و مه‌حموود عه‌باسیش ئاماده‌بوونی خۆی بۆ وتووێژ ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام ئاشكرایه كه ئه‌وه‌ش هیچ گۆڕانكاریه‌ك به‌سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌م ته‌وه‌ره ناهێنێت كه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ره و له هه‌ر ده‌رفه‌تێك بۆ داگیركردنی وڵاتی فه‌له‌ستین كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ. له‌بیرمان نه‌چێته‌وه كه ته‌نانه‌ت دابه‌شكردنی ئه‌م ناوچه‌یه له نێوان یه‌هوودی و فه‌له‌ستینیه‌كان، له ساڵی ١٩٤٧شدا زۆر ناعادڵانه بوو و له هه‌مان حاڵیش‌دا ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هیچكات سنووری جۆگرافیایی خۆی دیاری نه‌كرد تا به‌رده‌وام بتوانێ درێژه به داگیركاریه‌كانی بدات. نه‌تانیاهوو زۆر به‌په‌له‌یه كه ئه‌م داگیركاریه زۆوتر ئه‌نجام بدات. ئه‌و به‌نیازه كه به‌ر له هه‌ڵبژاردنی مانگی نوامبری سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، ئه‌م باروودۆخه تازه‌یه له ناوچه داگیركراوه‌كان سه‌قامگیر كات، تا ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ترامپیش هه‌ڵنه‌بژێردرایه‌وه، ده‌وڵه‌تی داهاتووی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌ی ئه‌نجام دراو به‌ره‌وڕوو بكاته‌وه.
له ڕاستیدا، ناتانیاهوو، به ده‌ستپێكی قۆناغی په‌یوه‌ست كردنی چه‌ند به‌شێك له لێواری ڕۆژئاوا، له ئه‌وه‌ڵی مانگی ژووئیه‌وه، درێژه به سیاسه‌تێكی داگیركارانه ده‌دات كه لانیكه‌م له شه‌ڕی شه‌ش ڕۆژه‌ی ١٩٦٧ه‌وه بهرهئهملا، به‌دوایه‌وه بووه. به گرتنه‌به‌ری ئه‌م سیاسه‌ته، هه‌م به‌رزاییه‌كانی جه‌ولانی سووریه‌ی داگیر كردووه و هه‌م له ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدانی گونده یه‌هوودی نشینه‌كان له ناوچه‌كانی فه‌له‌ستین، دانیشتووانی خۆجێیی له وڵاته‌كه‌ی خۆیان ده‌ركردووه. پانتاییه‌ك كه له‌ئێستادا بۆ ئه‌و وڵاته ماوه‌ته‌وه ته‌نانه‌ت كه‌متره له بیست له‌سه‌دی ئه‌و پانتاییه‌ی كه له لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بۆ ئه‌م وڵاته دیاری كرابوو. نه‌واری غه‌زه به‌ڕواڵه‌ت له ده‌ست فه‌له‌ستینیه‌كان دایه، به‌ڵام كێیه كه نه‌زانێ كه ئه‌وێش زیندانێكی گه‌وره‌ی سهرئاواڵهیه و هه‌موو ڕۆژێ به بیانووی بوونی حه‌ماس، خه‌ڵك ماڵه‌كانیان به‌سه‌ر دا ده‌ڕووخێ. به‌شێكی دیكه كه به‌ڕواڵه‌ت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری مه‌حموود عه‌باس دایه، وه‌ها خۆدموختاریهكه كه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هه‌ركات به پێویستی بزانێ ڕێگه به‌خۆی ده‌دا كه گوندی یه‌هوودی نیشین درووست بكات و هاوكات به بیانووی جۆراوجۆره‌وه، جه‌ولانگای هه‌موو ڕۆژێی هێزه داگیركه‌ره‌كانی ئیسرائیله.
بێ گومان فه‌له‌ستینیه‌كان، ئه‌م ده‌ستدرێژیه ئاشكرایه و ئه‌م داگیركاریه تازه‌یه بێ وڵام ناهێڵنه‌وه. ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دایسه‌پاندووه، هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی فه‌له‌ستین، له نزیك شاری جریكۆ، ده‌ستیان دایه ڕێپێوان. ڕه‌نگبێ ترامپ و نه‌تانیاهوو له ئێستادا بتوانن به‌شێكی دیكه له وڵاتی فه‌له‌ستین به خاكی ئیسرائیل په‌یوه‌ست بكه‌ن، به‌ڵام بێ گومان ناتوانن ئاواتی به‌رحه‌قی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین له‌م خه‌ڵكه بستێننه‌وه. ئه‌وه‌یكه له ئێستادا ڕه‌وته كۆنه‌په‌رسته‌كانی وه‌ك حه‌ماس و كۆماری ئیسلامی و یان ده‌وڵه‌تی گه‌نده‌ڵی مه‌حموود عه‌باس خۆی به نوێنه‌ری خه‌ڵكی فه‌له‌ستین ده‌زانێ، هیچ له‌و ڕاستیه كه‌م ناكاته‌وه كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه ٧ ده‌یه‌یه بۆ دابین كردنی خواستی عادڵانه‌ی خۆیان به‌شه‌ڕ دێن و ته‌سلیمی ئه‌م داگیركاریانه نه‌بوون، ئه‌مجاره‌شیان ته‌سلیم نابن. بێ گومان ئه‌و نه‌سلانه‌ی وا له بیری مێژوویی خۆیاندا، قاره‌مانیه‌تیی ئه‌م خه‌ڵكه‌یان پاراستووه، ئه‌و نه‌سلانه‌ی كه له كاتی به‌دونیا هاتنیانه‌وه، له كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ری، ئاواتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان له دڵ دایه و یان ئاواته‌خوازی ژیانێكی ئینسانین، سه‌ره‌ڕای قووڵترین تراژێدیی زاڵ به‌سه‌ر چاره‌نووسیانه‌وه، ملكه‌چی ئه‌م باروودۆخه نابن. برینی ژاناوی ئه‌وان برینێكی قووڵه كه مۆری خۆی له‌سه‌ر هه‌موو ڕووداو و گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه داوه. ئه‌م برینه به ده‌ستدرێژی و داگیركاری ساڕ‌ێژ ناكرێت.
بێ گومان پێشڕه‌ویی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له لۆبنان و عێراق و گۆڕانكاریی شۆڕشگێڕانه له ئێران، باروودۆخی بابه‌تیی گونجاو بۆ ڕزگاریی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین له داگیركاری و له چنگ هێزه كۆنه‌په‌رسته‌كان دابین ده‌كات. به دڵنیاییه‌وه، موقاومه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌پێناو مافی ژیانی خۆی، به سیاسه‌تی داگیركه‌رانه و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی له‌مجۆره، تێكناشكێت.