کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەڕ لە دەورەی شۆڕشگێڕانەدا و کۆماری ئیسلامی

63214843 101

شۆڕشی شکۆداری خەڵکی ئێڕان وەک گورزێکی گران بەسەر سەری دەسەڵاتداران و بڕیاردەرانی سەرەکی کۆماری ئیسلامیدا کەوتوە و کێژی کردون. مانۆڕە نیزامیە پڕ لە هەراو هوریاکانیان لە سنورەکانی عێڕاق و کۆماری ئازەربایجان و بڕیار و هەڕەشەی هێرش کردنەسەر کوردستانی عێڕاق، کۆماری ئازەربایجان و وڵاتی عەرەبستان لەم کێژ بوونەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم دەسەڵاتدارانە ئێستاش وەک ساڵەکانی دەیەی شەستی هەتاوی، واتە وەک کاتێک بیر دەکەنەوە کە چوون بەپیر شەڕ لەگەڵ عێڕاقەوە کە ئەویان بە بەرەکەتی ئیلاهی دەزانی.

لەم دەیەدا زۆربەی خەڵک یان توشی گومان بوون سەبارەت بە ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتو ئەو وەعدەو بەڵێنە بێ ناوەرۆکانەی کە تاقی نەکرابوونەوە و بە خەڵکی دابوو، یان ساڵێک شۆڕشەکەیانی ماندوو و بێ کردار کردبوو. ئەو هێز و کەسانەی کە دەیانەویست ئامانجی سەرەکی شۆڕشی ٥٧ واتە ئازادی و ڕیفاه دەستەبەر بکەن تەنیا کەمینەیەکی چەپ و کومونیست و یان نەیاری شێوازی حوکمڕانی ڕژیمی تازە بوون. بە ناچار لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی ئەو دەیەدا شەڕی ئێران و عێڕاق هات بە کۆمەکی ڕژیمەوە و لە ژێر سایەی ئەودا شۆڕشی خەڵتانی خوێن کرد.

بەشی پێشڕەوی خەڵکی ئێران ئێستا و لە بارەدۆخێکی بەتەواوی جیاوازدا لەگەڵ دەیەی شەستی هەتاوی، لە شۆڕشێکی ڕوو لە گەشە و پەرەسەندندا کە پایەکانی کۆماری ئیسلامی هێناوەتە لەرزە و مانەوەیی خستۆتە مەترسی جیدیەوە هاتونەتە مەیدان. ئەوان بێ ترس لە سەرکوتگەران و بە بڕیاری جیددی بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی لەم شۆڕشەدا بەشدارییان کردوە و رۆژ لەگەڵ رۆژ ڕیزەکانیان پتەوتر دەکەن. لەم بارودۆخەدا سەرانی ڕژیم لەگەڵ ناردنی بنەماڵەکانیان بۆ شوێنێکی ئەمن و دیاریکردنی هێڵی پاشەکشە و هەڵاتنیان هەموو ئامرازەکانیان بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش هێناوەتە مەیدان. یەکێک لەو ئامرازانە بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی لە سەر سنورەکان، و ئەو هەڕەشانەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان. سەرانی داماوی ڕژیم لەم  گومانەدان کە هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ لە دەرەوەی سنورەکان زەینی خەڵک ئاودیوی دەرەوە دەکات و بە میلیتاریزە کردنی نێوخۆ ئیمکانی زیاتر بۆ سەرکوتی شۆڕشی ئێستا دەستەبەر دەکات.

سپای پاسداران سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ و لە گەرمەی دەستپێکی ئاخێزێک کە بوو بەم شۆڕشەی ئێستا، هێندێک شوێنی لە نزیک شاری سولەیمانیە کردە ئامانجی هێرشی موشەکی و پەهبادی. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە لایەن هێزی زەمینی سپاوە بڵاو کراونەتەوە ئەو هێزە ٧٣ موشەکی دوور هاوێژی زەمین بە زەمین و دەیان فرۆکەی بێ فرۆکەوانی خۆکوژیی لەو هێرشەدا بەکارهێناوە. بەڵام ئەو کردارە ماجەراجویانە بەجێگای بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی خەڵکی وشیاری ڕاپەڕیو قین و توڕەیی ئەوانی بەرانبەر بە ڕژیم زیاتر و ڕیسوا بوونی قوڵتری جیهانی کۆماری ئیسلامی لای ڕای گشتی خەڵکی پێشڕەو و ئازادی خوازی لێکەوتەوە. بەڵام سەرانی لە داو کەوتوی ڕژیم توانایی دەرس وەرگرتنیان لەم شکستە نییە و دەیانەوێ ئاستی کردارە ماجەراجویانەکانیان بەرینتر بکەنەوە.

رۆژنامەی واڵستریت ژورناڵ رۆژی سێ شەممە ١٠ ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ باسی لە گەڵاڵەی هێرشی حکومەتی ئیسلامی سەرمایە بۆسەر چەند ئامانجێک لە عەرەبستان و هەرێمی کوردستانی عێڕاق کردوە. هەواڵنێری سی بی ئێس لە پێنتاگۆن، وەزاڕەتی بەرگری ئامریکا ش لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بوونی کۆمەڵێک وێنەی ماهوارەیی کرد کەهێزەکانی سپای پاسداران لە حاڵی ئامادە باشیدا نیشان ئەدات بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشانە.”

حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سپای پاسداران رۆژی ٧ ی خەزەڵوەر وتی:” بە ئالی سعود و ڕاگەیەنەرەکانی ژێر دەسەڵاتی و کارگێڕانی فیتنەکان ئەڵیم وریا بن دێینە جەستەتان، ئێوە کە وێنە نیشان ئەدەن و فیتنە درست دەکەن، پێتانوایە ئیمکانی هەیە چیتان بەسەر بێت، بەڵام زۆریش ئارخەیان مەبن، دڵنیایی و ئارامیتان لێ زەوت دەکەین.”

سەرەڕای ئەم هەڕەشە ئاشکرایانە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایە لە وڵام بە پرسیاری هەواڵنیران سەبارەت بە ڕاپۆرتی بڵاوکراوە لە رۆژنامەی وال ئیستریت ژورناڵدا وتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و لە چوارچێوەی ئوسول و پڕەنسیپی نێونەتەوەییدا، درێژە بە سیاسەتی بەیەکەوە هەڵکردن و هاوسێیەتی ئەدات.

ئەم ناکۆک وێژییانە نیشانی ئەدات کە لەنێو دەسەڵاتداراندا سەبارەت بە هێرش بۆسەر ئەو ئامانجانەی باس کران لە عەرەبستان، وەک دامەزراوەی نەوتی و شیرکەتی گەورەی ئارامکۆ، ناکۆکی بوونی هەیە. کۆمەڵێک لە دەسەڵاتداران دەزانن کە هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر ئەو ئامانجانە لە عەرەبستان، لەلایەن ئەو وڵاتە و دەوڵەتی ئیمپڕیالیستی ئامریکاوە وڵای ددان شکێن وەردەگرێتەوە و مەیل و پلانی هێندێک لە سەرانی ڕژیم بۆ بەلاڕێدا بردنی زەینی خەڵکی شۆڕشگێڕ توشی شکست و ناکامی دەکات. هەر ئێستاش تەنیا لەبەر ئەوەی هەڕەشەی هێرشی نیزامی کراوە بۆسەر وڵاتانی دراوسێی ئێران نرخی دراوی ئێران دابەزیوە و نرخی دۆلار بەرز بۆتەوە کە کارناسان ئەوە بە مەترسیەکی جیدی بۆسەر ئابووری ڕوو لە وەرشکست و داتەپیوی ڕژیم دەزانن.