شەپۆلی سێهەمی مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆن داران کە بە دوای بانگەوازێکدا لە رۆژی شەممە ٣١ی مانگی خەرمانان لە ناڕەزایەتی بە دەستەبەر نەبوونی داخوازیەکانیان دەستی پێکرد، رۆژی چوارشەممە ١١ی مانگی ڕەزبەر چووە نێو دوازدەهەمین رۆژیەوە. ئەم مانگرتنە سەراتسەریە تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ شاری لە ٣١ ئوستانی وڵات گرتۆتەوە. لە ئاکامی ئەم مانگرتنە سەرتاسەریەدا کە سێهەمین مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆن و کامیۆن دارەکانە لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردودا، بەندەرگاکان، جادە نێونەتەوەییەکان و مێحوەرە سەرەکیەکانی نێوان شارەکان هاتوچۆی کامیۆنەکانی تێدا وێستاوە و پیشەسازی گواستنەوە و گەیاندن کە یەکێک لە ژێرخانەکانی ئابووری سەرمایەداری ئێرانە ئینفلیج بووە. دەوڵەت و باقی ناوەندە دەست ئەندەرکارەکانی حکومەتی بە جێگای وڵام دانەوە بە داخوازی ڕەوای شۆفیر کامیۆنەکان بە سەر لێ شێواوی دەستیان داوەتە دەست بەسەر کردنی مانگرتوان. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییە جۆراو جۆرەکان رۆژی سێشەممە ١٠ ی مانگی ڕەزبەر ١٥ کەسی تر لە مانگرتوان گیراون و بە حیساب کردنی ئاماری گیراوەکانی پێشتر ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا گیراون گەیشتۆتە ١٧٧ کەس. تاوانی گیراوەکان ” دروست کردنی کێشە لە نزمی گشتیدا و ئەمنیەت”ە. بەڵام سەرەڕای ئەم گوشار و گرتن و زیندانی کردنانە شۆفیر کامیۆنەکان لەم دەورەیە لە مانگرتنی سەرتاسەریشدا هەروا شێلگیرانە پێ داگر بوون لەسەر مافەکانیان لەوانە کەم بوونەوەی نرخی تایەی ماشێن و لەوازمی یەدەکی، زیاد بوونی ٧٠ لەسەدی نرخی کرێ، کەسری حەقی دانی بیمەی شۆفیرەکان، لابردنی دەڵاڵ و واسیتەکان لە پایانە و باربەریەکان، زیاد بوونی حقوقی خانەنشینی و کاری سەخت و دژوار، چاودێریی بەسەر بەرخوردی نابەجێ و سەلیقەکاری مەئمورانی ڕاهنمایی و ڕانەندەگی دا و سزای مەئموران و ئەفسەرانی ڕشوە خۆر بدرێت.
لە حاڵێکدا کە ئەم مانگرتنە سەرتاسەریە درێژەی هەیە، پشتیوانی گوروپە جۆراو جۆرەکان لەم مانگرتنەشدا پەرەی سەندوە. رۆژی سێ شەممە ١٠ ی مانگی ڕەزبەر سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوس ڕانی تاران و دەوروبەر، سەندیکای کرێکارانی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری حەوت تەپە، گوروپی یەکێتی خانەنشین کراوەکان، کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی سینفی موعەلیمانی ئێران و کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێكهێنانی تەشەکولە کرێکاریەکان لە ڕاگەیاندنێکدا پشتیوانیان لە مانگرتنی ڕەوای کامیۆنداران و شۆفیر کامیۆنەکان کردوە و خوازیاری دەستەبەر بوونی هەرچی زووتری داواکاریەکانیان بوون. ئەم تەشەکولە سەربەخۆ کرێکاریانە هەروەها بەرەنگار بوونەوەی پۆلیسی- ئەمنیەتی- قەزایی لەگەڵ مانگرتنی کامیۆن دارەکان و شۆفیر کامیۆنەکانیان مەحکوم کردوە و خوازیاری ئازادی هەرچی زووتر و بێ شەرت و مەرجی گیراوەکان و مەنعی بەدوادا چوونیان و هەڕەشەی دەزگا قەزاییەکان لەبەرانبەریاندا بوون.
مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆن داران بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان لە بارودۆخێکدا درێژەی هەیە، کە توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری لە سەرودەمی گەڕانەوەی فازی دووهەمی تەحریمەکان بۆتە هۆی دابەزینی کارەسات باری توانایی کڕینی بنەماڵە کرێکاریەکان و زۆربەی خەڵکی ئیران. ساڵی ١٣٩٧ کە بە دۆلاری ٤ هەزار و ٩٩٠ تمەن دەستی پێکردبوو، لە دەست پێکی نیوەی دووهەمی ساڵدا، نرخی دۆلارەکەی لە بازاڕی ناڕەسمیدا گەیشتە زیاتر لە ١٧ هەزار تمەن. ئەم دابەزینە ٢٥٠ لەسەدیەی ئەرزشی پۆڵی نێوخۆییە لە بەرانبەر دۆلاردا بەخێرایی کاریگەری لەسەر نرخی کالا و پێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵک هەبوو وە بوو بە هۆی دابەزینی کارەسات باری توانایی کڕینی کرێکاران، حقوق بگیرانی ئاسایی و توێژی کەم داهات. یەکێک لە نوێنەری کامیۆن دارەکانی ئوستانی بوشەر لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری تەسنیم، دەڵێ:” ئەگەر ئەمرۆش ٥٠ لەسەد کرێکان زیاد بکرێن، دیسانیش قەرەبوی هەزینەی تەحمیلی بەسەر شۆفیرەکاندا ناکات”. ورد بوونەوە لەم ڕاستیانە نیشانی ئەدات کە شۆفیر کامیۆنەکان لە چ بارودۆخێکی فەلاکەت باری ئابووریدا بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان خەبات دەکەن. بەڵام سەرەڕای دژواری ئابووریەک کە بەسەر ئەوان و بنەماڵەکانیاندا سەپاوە، شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆن دارەکان تەنیا بە درێژەدان بە مانگرتنی سەرتاسەری و یەکپارچەی خۆیان دەتوانن داخوازیەکانیان بەسەر ناوەندە حکومەتیەکاندا بسەپێنن. دەست دانە ڕێکخستنی سێهەمین مانگرتنی سەراتسەری لەماوەی ٤ مانگی ڕابردودا و هیدایەت و پەیگیری داخوازیەکانیان لە ژێر گوشاری هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردن و پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی کاربەدەستانی ڕژیم بۆ توشی شکست کردنی مانگرتن نەتەنیا خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆن داران دایە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگیشە لە مەسیری کامڵ بوونی خەباتی کرێکاری لە ئێراندا. هەنگاوی دواتر لە بەرەو پێش چوونی خەباتی کرێکاری ئێراندا، دروست کردنی هاوئاهەنگی و هاوکات کردنی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکاران لە دامەزراوە و ڕشتە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەت گوزاریدا. دروست کردنی شوڕای هاوئاهەنگی مانگرتنی کرێکاری بە هیممەتی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی خەباتی کرێکاری لە ناوەندە جۆراو جۆرەکانی پیشەسازی و خزمەت گوزاریدا هەنگاوێکی گرنگە لە ڕاستای دروست کردنی هاوئاهەنگی و هاو کات کردنی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکاریدا.
لە بارودۆخی نەبوونی تەشەکولە جەماوەری و چینایەتیەکانی سەرتاسەریی کرێکاراندا کە بتوانێ خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکاران یەک دەست و لە ئاستێکی سەرتاسەریدا ڕێىەری بکەن، ئەوە ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە ناوەندەکانی جۆراو جۆری پیشەسازی و خزمەت گوزاریدان کە لە پێوەند و هاکاری لەگەڵ یەکتردا و بە دروست کردنی شوڕای هاوکاری دەتوانن تا ئاستێک کەلێنی نەبوونی تەشەکولی جەماوەری و سەرتاسەری کرێکاران پڕ بکەنەوە. لە بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێستادا و لەگەڵ بوونی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لەسەر سەقامەکان، چینی کرێکار بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی بەهێزی مانگرتنی سەرتاسەری نەتەنیا دەتوانێ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لە سەر سەقامەکان بەهێز بکات و بەرەو پێش چوونی زەمانەت بکات، بەڵکو دەشتوانێ زەمینە بۆ بوون بە ڕێبەری بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیش فەراهەم بکات.
لە حاڵێکدا کە سێهەمین شەپۆلی مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنە دارەکان ١٣ رۆژە درێژەی هەیە و تا ئێستا زیاتر لە ١٧٧ کەس لە مانگرتوان گیراون. بەڕێوەچوونی ئاکسیۆنەکانی پشتیوانی و سازمان دانی کەمپەینە سیاسی و تەبلیغیەکان لە دەرەوەی وڵات لە مەحکوم کردنی ڕژیمی کۆماری ئعیسلامیدا و بۆ پشتیوانی لە داخوازی ئەم مانگرتنە و بە داخوازی ئازادی هەرچی زوتر و بێ شەرت و مەرجی گیراوەکان دەتوانێ هەزینەی سیاسی کردارێکی سەرکوتگەرانە بۆ ڕژیم بەرێتە سەرێ و دڵ گەرمی زیاتر بدات بە مانگرتوان و بنەماڵەکانیان.