شێخ عێزەدین حوسێنی؛  مەلایەک کە پشتیوانی لە ڕاپەڕینی جووتیاران‌ کرد

 

هاوری یوسفی

شێخ عێزەدین حوسێنییەکێک لە دیارترین سیما ئایینییەکان و هەروەها به یەکێک لە ناسراوترین مەلاکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستانهەژمار دەکرێت. هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی شۆڕشگێڕی ئەوکات بۆ وەدیهێنانی خواستی خودموختاری کورد لە کوردستانی ئێران هاوتەریب لەگەڵ هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دێمۆکراتیک و سێکۆلار لە پاڵ بەرگریکردن لە یەکسانیی ژنان و پیاوان، ئەوی کرده ڕێبەری مەعنویی بەشی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

ئێرانوایەری کوردیلە دوو ڕاپۆرتدا، دەپەرژێتەسەر ڕەهەندەکانی ژیان و چالاکییە ئایینی و سیاسییەکانی شێخ عێزەدین. لە بەشی یەکەمدا، واتە ئەم بەشەی کە لە بەردەستتانە، پەرژاوینەتەسەر چالاکییەکانی ئەم کەسایەتییە ئایینی و سیاسییە لە سەردەمی پێشڕاپەڕینی ١٣٥٧دا. لەم راپۆرتەدا، وتووێژی تایبەتیمان کردووە لەگەڵ کەسانی نزیک و هەروەها ئەندامی بنەمالەی شێخ عێزەدەین حوسێنی و پەرژاوینەتەسەر پیشتیوانیکردنی شێخ عێزەدین لە ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان، خەبات دژی خورافاتی ئایینی و بەرگریکردن لە مافی ژنان. بەشی دووهەمی ڕاپۆرتەکە، تایبەت دەبێت بە ژیانی شێخ عێزەدین حوسێنی پاش شۆڕشی ١٣٥٧.

***

شێخ عێزەدەین حوسێنی” (١٣٠١_١٣٩٠) لە سەیدانی بەرزەنجەیە. باوکی جگە لەوەی ئاییندار بوو، ماوەیەک لە شاری “بانە” دادوەری بوو. شێخ‌ عێزەدین لە سەردەمی گەنجێتی‌دا لەژێر کاریگەریی ڕوانگه پێشکەوتووەکانی “مەلاحسێن مەجدی”دا بوو. مەلاحسێن یەکێک بوو لە مەلایەنەی کە کچەکەی ناردەبەر خوێندن. شێخ عێزەدەین ئەوی بە کەسایەتییەکی عالم، زانا و پاک دەزانی و دەیناساند.

شێخ عێزەدین ڕوانگە ڕەخنەییەکەی خۆی لە تافی لاوی‌دا بەم جۆرە وێنا دەکات: “بە درێژایی ژیانم لە ژێر کاریگەریی بیر و بڕوای خورافی‌دا نەبووم. هەندێک لە خورافه ئایینی و جموودی فیکریی ناوچەکەم وەلادا و تەنانەت ئەو کاتەی فەقێ بووم باس و بابەت‌گەلێم دەورووژاند وەک فیتنەیی دەچوون. خەڵکانێک دیان وت ئەم مەلایە کۆمەڵێک قسە دەکات کە لەگەڵ بیروباوەڕی ئەوانی‌تردا جیاوازە و تەنانەت هەندێک‌جار هێرشیان دەکردە سەرم.”

مامۆستا لە درێژەدا دەڵێت: “هەر لە تافی لاوێیەوە بەدواداچوونم بۆ شتەکان‌دا دەکرد و بەبێ هۆ هیچم قبووڵ نەدەکرد. گەر بابەتێکی تازە هەبا، بە دوای‌دا دەچووم تا لەگەڵی ئاشنا دەبووم. کاتێک کە وانەم دەوتەوە دەستم کرد بە خوێندنەوە. کتێبە مێژوویی و فەلسەفی کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەروون‌ناسیەکانم دەخوێندەوە.”

مامۆستا لە سەردەمی لاوێتی‌دا بانەی بەجێ‌هێشت و چووە دێهاتەکانی ناوچەی موکریان. لە ساڵی ١٣٢٩ لە گوندەکانی “کانی‌ڕەش”، “گۆلێ” و “قاراوا” مەلای مزگەوت بووە. لە ساڵی ١٣٣٧ چۆتە “مەهاباد” و لە مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی مەهاباددا وانەی وتۆتەوە. لە ساڵی ١٣٤٧دا بۆتە ئیمام جومعەی شاری مەهاباد.

مامۆستا لە ساڵی ١٣٢٢ بۆتە ئەندامی “کۆمەڵەی ژێکاف”. ئەم ڕێخراوە نهێنییە لە مانگی خەرمانانی ١٣٢١دا لە مەهاباد دامەزرا و ئامانجەکەیشی ڕزگارکردنی کوردستانی گەورە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بوو. کۆمڵەی ژێکاف لە ٢٥گەلاوێژی١٣٢٤دا گۆڕا بە حیزبی دیموکراتی کوردستان.

“پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەن‌پوور”، لە پێنجەمین ساڵیادی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی‌دا لە وڵاتی “سوید”، جگە لە باس‌کردنی بوێری مامۆستا لە ڕەخنەکردنی تابۆ باوەکانی کوردستان، ئاماژەی کرد بە بەرگری‌کردنی مامۆستا لە ڕاپەڕینی جووتیارانی ناوچەی موکریان لە کۆتاییەکانی پاییزی ١٣٣١ و سەرەتاکانی ١٣٣٢ پاش کەوتنی کۆماری مەهاباد لە مانگی سەرماوەزی ١٣٢٥دا.

حەسەن‌پووڕ لەو باوەڕەدایە کە پێکهاتەی چینایەتیی کۆماری مهاباد کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر مامۆستا هەبوو. چونکە بەشی گەورەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی کۆماری مهاباد لە دەستی دەرەبەگەکان و شێخانی کوردستان‌دا کۆببووە: “مامۆستا پێکهاتەی چینایەتیی کۆماری مهابادی بە دڵ نەبوو؛ تەنانەت مەولانا خاڵەمین، کە ئەویش ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف بوو، هەروای بیر دەکردەوە.”

بە گوتەی ئەمیر حەسەن‌پوور، مامۆستا لە سەردەمی ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان‌دا تەمەنی نزیک ٢٥ ساڵ بوو. مەلایەکی خۆشەویست بوو و چونکە دەیانزانی لایەنگری جووتیاران و هەژارانە، ڕێز و نفووزێکی زۆری لەناو جەماوەری خەڵک‌دا هەبوو.

حەسەن‌پوور دەڵێت مامۆستا لە جەرگەی ئەو ڕاپەڕینەدا بووە و ماوەیەک پێش ڕاپەڕینەکە، مەلای گوندی گۆلێ بووە کە دەوری ٣٠٠ کەس حەشیمەتی هەبووە. “ئیبراهیم‌ئاغای قارەمانی” کە مرۆڤێکی دژەجووتیار و ئاغای گۆلێ بوو: “ماوەیەک پێش ڕاپەڕینەکە شایی بۆ کوڕەکەی گێڕا. لە ڕۆژی دووهەمی شاییەکەدا سەرهەنگ موزەفەری، فەرماندەی ئەرتەشی شاهەنشاهی لە مەهاباد بانگهێشتی شاییەکەیان دەکات کە مرۆڤێکی هەرە گەندەڵ و داوێن‌پیس بووە. ئیبراهیم‌ئاغا داوای لە خەڵکی گوندەکە کردبوو ژنەکانیان بنێرن کە لەبەرچاوی سەرهەنگ موزەفەری‌دا هەڵپەڕن.”

خەڵکەکە بە شڵەژاوییەوە دەچنە لای مامۆستا و داوای یارمەتیی لێ‌دەکەن. مامۆستا بڕیارەکەی ئیبراهیم‌ئاغا بە دەسدرێژی بۆسەر کەرامەت و نامووسی خەڵکەکە دەزانێت و پێیان دەڵێت هەرکاتێک ژنان و کچانی ئاغاکان هەڵپەڕان ژنەکانی ئێوەیش هەڵپەڕن.

ئیبراهیم‌ئاغا بە قسەکەی مامۆستا تووڕە دەبێت، بەڵام لەبەر ڕێز و خۆشەویستییەکەی مامۆستا لەناو خەڵکەکەدا بە ناچاری بێ‌دەنگ دەبێت. بە گوتەی ئەمیر حەسەن‌پوور پێشنارەکەی مامۆستا بە خەڵکی گوندەکە دەندانەوەیەکی زۆری لە ناوچەکەدا هەبوو و جووتیارانی بە دژی دەرەبەگەکان جەری‌تر کرد.

کۆتاییەکانی مانگی پاییزی ١٣٣١ ڕاپەڕینی جووتیاران دەستی پێ‌کرد و زۆربەی گوندەکان ئازاد کران و دەرەبەگ و ئاغایەکی زۆر ڕایان کرد. ئاغاکان دەسبەجێ پەنا دەبەنەبەر سەرهەنگ موزەفەری. کۆتاییەکانی مانگی زستانی هەمان ساڵ هێزێکی گەورەی تەیار بە کۆمەکی سەرهەنگ موزەفەری پێکهات کە بەشە بەرچاوەکەی ئاغاکانی “دێبۆکری” پێکیان دەهێنا. هێرشەکە دەستی پێ‌کرد. هەموو گوندەکان گەمارۆ دران و جووتیاران زۆر بێ‌بەزەییانە سەرکوت کران و ژمارەیەک جووتیاریش کوژران. ئەمیر حەسەن‌پوور دەڵێت: “ئاغاکان تەنانەت پەینیان دەرخواردی هەندێک لە جووتیارەکان‌ دا.”

پاش سەرکوتی ڕاپەڕینەکە، مامۆستایش ناچار بوو گوندی گۆلێ بەرەو قاراوا بەجێ‌بهێڵێت.

یەکێتیی بیرکردنەوە و پراکتیک؛ بەرگری‌کردن لە پرەنسیپی یەکسانیی ژن و پیاو

“ئەحمەد ئیسکەندەری”، لە نزیکانی شێخ عێزەدین، لە وتووێژ لەگەڵ ئێران‌وایەردا ڕەوایەتێکی گێڕایەوە سەبارەت بە چارەسەرکردنی بابەتی مارەکردنی هاوکاتی ژنێک لە دوو پیاو لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری بۆکان لە ناوەڕاستەکانی ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی. پرسی هەستیاری مارەکردنی ژنێک لە دوو پیاو و دۆشدامانی مەلاکانی گوندەکە لەسەر تەفسیرە جۆراوجۆرەکانی ئەحکامی ئایینی، گەیشتە شوێنێک کە زانا شارەزا و بەنفووزە ئایینییەکان ناوبژیوانی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

“مەلاهادی سەرا”، کە یەکێک لە زانا بەرجەسەکانی شاری سەقز بوو، لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەچنە ئەو گوندە.

کێشەکە ئەوەیە کە کچی یەکێک لە پیاوەکانی گوندەکە دەیویست لەگەڵ ئەو کوڕەی خۆشی دەویست هاوسەرگیری بکات. بەڵام باوکی کچەکە بە تووندی دژی ئەم هاوسەرگیرییە بوو و دەیویست کچەکەی لە پیاوێکی‌تر مارە بکات.

لە کۆتایی‌دا کچەکە لەگەڵ کورە دڵخوازەکەی ڕەدوو دەکەوێت. مەلای ئەو گوندەی کچ و کوڕەکەی پەنایان بۆ بردبوو دەسبەجێ کچەکە لە کوڕەکە مارە دەکات.

باوکی کچەکەیش پاش ئاگاداربوونەوە لە هاوسەرکیری‌کردنی کچەکەی وەک وەلیی ئەمر، بەبێ ئامادەبوونی کچەکەی، ئەو لە پیاوێکی‌تر مارە دەکات. بنەڕەتی شەرعیی بڕیاری باوکەکە ئەمەیە کە چونکە ئەو وەلیی ئەمری کچەکەیەتی کەواتە دەتوانێت کچەکەی لە پیاوێکی‌تر مارە بکات، تەنانەت ئەگەر کچەکە ڕازی نەبێت.

“ئەحمەد ئیسکەندەری” دەڵێت، چونکە مامۆستا پێیوابوو که دەبێت زۆربەی ئەحکامی ئایینی و تەفسیرە ئایینییەکان بەپێی کات‌وشوێن تەفسیر بکرێن، یەکسانیی مافەکی یان حقووقی ژن و پیاو و وشیارییان لە کردار و کردەکانیان بۆ مامۆستا بنەما بوون.

مامۆستا لە درێژەی ئەم تەفسیرەدا “بەرگری‌کار ڕەدووکەوتن بوو.”

بە گوتەی ئیسکەندەری بنەڕەتی بەڵگاندنەکەی مامۆستا و مەلاهادی، جگە لە قبووڵ‌کردنی وەلی ئەمری باوکەکە، بنەرەتەکەیان بە وشیاری، ئیختیار، ئامادەیی و ڕەزامەندیی کچەکە دەزانی. مادامێک کە کچەکە نه حازرە و نە ڕازییە و بەپێی عەقل و وشیاری پیاوەکەی هەڵبژاردووە، مارەکردنە غیابییەکەی بەتاڵ و مارەکردنە یەکەمەکەی حەڵاڵ و مەشرووعە؛ لە کۆتایی‌دا لەلایەن هەر دوو مامۆستاکەوە ڕاگەینرا کە مارەبڕینە غیابییەکە بەتاڵە.

کچەکەی مامۆستا؛ جیاوازییەک نەبوو لە نێوان ئێمە و براکەمان‌دا

“شیرین حوسێنی”، چالاکی سیاسی و منداڵی چوارەمی شێخ عێزەدین، کە لەگەڵ خوشکەکانی پاش ڕاپەڕین و لە تەمەنی ٢٢ ساڵی‌دا بووە پێشمەرگە و ئەندامی کۆمەڵە، لە وتووێژ لەگەڵ ئێران‌وایەردا کەش‌وهەوای ماڵەکەیان بەم جۆرە وێنا دەکات:

“کەش‌وهەوای بەنەماڵە، بەپێچەوانەی ڕوانگەی گشتی کراوە و ئارام بوو. مامۆستایش مرۆڤێکی لەسەرەخۆ، ئەهلی ئەدەب و خوێنەرێکی زۆر باشی کتێب بوو و کتێبخانەیەکی گەورەیشمان هەبوو؛ کتێب زینەتی ماڵی ئێمە بوو. ئێمە شەش خوشک و یەک براین بەڵام قەت جیاوازیی لە نێوان ئێمەدا نەبوو.”

“باوکم هەمیشە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە بخوێنین و قۆناغە بەرزەکانی خوێندی زانستی ببڕین. تەنانەت پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە جگە لە کتێبەکانی خوێندن کتێبە مێژوویی، سیاسی، ئەدەبی و ئابوورییەکان بخوێنینەوە. بۆ نموونە، لەو کتێبانەی کە هەمیشە پێشنیاری دەکرد هەموومان بیخوێنینەوە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی جیهان-ی، جواهێر لال‌نێهرۆ و ڕۆمانی تاعوون-ی ئەلبێر کامۆ بوو.”

شیرین حوسێنی دەڵێت مامۆستا هیچکات بە زۆر کار یان شتێکی پێ‌نەدەکردین. “تەنانەت هەندێک‌جار دایکم بەرامبەر بە مامۆستا ناڕەزایەتی دەردەبڕی. مرۆڤێکی بەتاقەت بوو و زۆر بەکەمی تووڕە دەبوو. بۆ وێنە، ئەگەر ترست لە تاریکی بوایە، چەندین‌جار گڵۆپەکەی دەکوژاندەوە و دایدەگریساندەوە و بە سیمایەکی کراوەوە دەیوت: هیچ نەگۆڕاوە، کەواتە نابێ لە تاریکی بترسن.”

بە گوتەی ئەم چالاکە سیاسییە، مامۆستا چونکە کەسایەتییەکی ناسراو بوو، کچەکانی هیچکات زەختیان لەسەر نەبوو و ڕێگرییان لێ‌نەکراوە: “مامۆستا مرۆڤێکی کراوە بوو؛ ئازاد بووین، ڕێگری‌کردن قەت کێشە و کەڵکەڵەی ئێمە نەبووە. هەر ئەو ئازادییە داهاتووی ئێمەیشی دیاری کرد.”

مامۆستا لە تەمەنی ٨٩ سالی لە شاری ئۆپسالای وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

بەشی دووهەمی ئەم ڕاپۆرتە، دەپەرژێتەسەر چالاکییەکانی شێخ عێزەدین حوسێنی دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *