کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شۆڕشی سەرکەوتوی ئێران لە یەکەم هەنگاویدا کۆتایی بە دەسەڵاتی دین بەسەر دەوڵەتدا دێنێ

Untitled 5

ئاخوندەکان وەک پەرەپێدەری خورافە و سیمبولی درۆ کردن و فریوکاری نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە جیرەخۆرانی حکومەتی پێکدێنن. لەم رۆژانەدا لەپاڵ دەربڕینی بێزاری لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەم توێژە لە بەکرێگیراوانی حکومەتیش بە فڕێدرانی عەمامەکانیان بوونەتە ئامانجی نەفرەتی لاوان. ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی هەیئەت ڕەئیسەی مەجلیسی خوبرەگان، لەم پێوەندیەدا وتویەتی:” عەمامە سیمبولی دینە و تەنیا چەند میتر قوماش نییە. کەسێک کە عەمامە فڕێ ئەدات لە ڕاستیدا دینی فڕێداوە“.

حکومەتی ئیسلامی و ڕۆحانیەکان ٤٤ ساڵە بە زۆر و زۆرداری کۆنەپەرستی مەزهەبیان بەسەر سەرجەم کاروبارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، هونەری، ئاموزشی، سیاسی، بنەماڵەیی و تەنانەت کەسایەتی کەسەکانی نێو کۆمەڵدا سەپاندوە. لە رۆژی لەدایکبوونەوە تا کاتی مەرگ هیچ قۆناغێک لە ژیانی کەسانی نێو کۆمەڵ نییە کە دوور بێت لە دەستێوەردانی بێجێ و زۆروێژانەی ئاخوندەکان. چی بخۆن، چی لەبەرکەن، چ گۆرانیەک گوێ لێبگرن و یان چاو لە چ فیلمێک بکەن، لەگەڵ کێ بەڕێدا بڕۆن، بچن بۆکوێ، چۆن بیربکەنەوە، چ بیروبۆچونێکی سیاسی و یان چ دین و مەزهەبێکیان هەبێت، دیندارن یان بێدین، لە هەموو ئەم بابەتانە و زیاتریشدا بەرەوڕوی دخاڵەتی ئاخوندەکان و دەستگای پشکنینی بیروباوەڕی ناوەندە حکومەتیەکانن.

خەڵک بە هەر شێوەیەکی کە لە توانایاندا بووە دژایەتی خۆیان لەگەڵ حکومەتی مەزهەبی و دەستگای گەندەڵی ڕۆحانیەت نیشانداوە. ڕۆحانیەکان و دەستگای مەزهەب ڕوودارتر لە پێشوو سوڵتەی خۆیان بەسەر گشت دامودەزگا دەوڵەتیەکان، کەرتی تایبەت، ڕاگەیاندن، هونەری، ئاموزشی و فەرهەنگیدا پەرە پێداوە. ئاخوندەکان تەنانەت بەرنامەی منداڵانی تەلەویزیۆن و باخچەی ساوایانیشیان لەبیر نەکردوە و دەستیان کردوە بە سەمپاشی زەینی منداڵانی ساوا.

ژمارەی ئاخوند و هەڵسوڕاوانی حەوزە مەزهەبیەکان لە سنوری نیو ملیۆن کەس تێپەڕیوە. هەزینەی بە ملیارد دۆلارییان بۆ خەرج دەکرێت. خەڵکێک کە بەرەوڕوی بێکاری، گرانی، نەبوونی خزمەتگوزاری دەوڵەتی، قەیرانی ژینگەیی و دەیان و سەدان گرفتی گەورە و چکۆلە بوونەتەوە شاهیدی ئیمتیازاتی ئاخوندەکان و دەمودەزگا مەزهەبیەکانن. لە وەها بارودۆخێکدا و بەتایبەت لە شۆڕشی ژینادا عەمامە پەڕانی کاردانەوەیەکی سروشتی خەڵکی وەگیان هاتووە لە حکومەتی مەزهەبی و ئاخوندەکان. کچان و کوڕانی لاو بە ئازایەتیەکەی کەم وێنەوە گیانی خۆیان خستۆتە مەترسیەوە و مێزەری ئاخوندی، ئەم سیمبولی ڕیاکاری، درۆ و خورافەیە لە سەریان دەخەنە خوارەوە.

ئاخوندەکان چوار دەیەیە لەگەڵ لات ولوتەکانی گەشتی ئیڕشاد ژنان و پیاوان لەبەر ئەوەی کە پۆشینی ئیسلامییان نییە دەستبەسەر، ئەشکەنجە و زیندانی دەکەن. جاریواش بووە تێزابیان بە دەموچاوی ژنان و نەیارانی خۆیاندا کردوە، ئێستا عەمامە پەڕانی یەکسان بە کوفر دەبینن و پێیان وایە کەسێ ئەو کارە دەکات دەبێ ئێعدام بکرێت.

بەشێکی بەرچاو لە جەمعیەتی ئێران بەهۆی کردار و یاسا ئیسلامیەکان دژی هەموو دین و مەزهەبێکن. بەتایبەت ڕۆحانیەت و دەستگای دین بە هۆکاری گەندەڵی، سەرکوت، تاڵان، بوونی یاسای کۆنەپەرستانە و تەبعیزئامێز دەزانن. لەمڕۆدا خەڵک تەنیا بە فڕێدانی مێزەرەوە ناوەستن و لە سبەی ڕۆژی سەرکەوتندا هەموو ئاخوندە حکومەتیەکان کە پاساودەری سەرکوت و ئیستبدادی ڕژیمن، دەبێ وڵامدەرەوەی جەنایەت، گەندەڵی سیاسی، و ئەخلاقی، تاڵان کردنی سەروەت و سامانی گشتی بن. تێکەوە پێچانی حکومەتی مەزهەبی، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و لە ئاموزش و پەروەرش، تایبەت و خوسوسی کردنی مەسلەی دین، هەڵوەشاندنەوەی دین و مەزهەبی ڕەسمی، ئازادی دینداری و بێ دینی، هەڵوەشاندنەوەی پشتیوانی حکومەت لە ئاخوندەکان و لە دەستگای ئاین، لانیکەمی داخوازی خەڵکە لە بەرخورد لەگەڵ ئاخوندەکان و دەمودەزگای مەزهەب.