لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا، خۆپیشاندانی خەڵک دژبە کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی سنە، زاهیدان، خاش، چەندین شوێنی تاران، هەروەها لە شارەکانی ئەهواز، کەرەج، شیراز، ئیسفەهان و چەند شارێکی تر بەردەوام بوو. خەڵکی بەلوچستان لە شارهكانی زاهیدان و خاش بۆ بیستەمین هەینی بەردەوام بە دانی دروشم دژبە دیکتاتۆڕی و خامنەیی ڕژانە سەر سەقامەکان. ئەم ناڕەزایەتیانە نیشانی ئەدات کە تاکتیکەکانی ڕژیم لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا کاریگەر نەبووە و ئاخێزی سەرتاسەری خەڵکی ئێران بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی سەرانی ڕژیم هەروا درێژەی هەیە.
سەڵای شۆڕشێک کە لە کوردستانەوە دەستی پێکرد لە ماوەی چەند ڕۆژدا سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە و لە چوار گۆشەی دنیاشدا دەنگی دایەوە. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” خاوەنی وەها زەرفیەتێکی بەسیج کونەندە بوو کە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری دنیا لەگەڵی دا هەستی هاودڵی و یەک بوونیان کرد. ژنان لە هەموو شارەکان لە ڕیزی پێشەوەی نەبەرد لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بوون.
زانکۆکانوخوێندکارانکەدەساڵبووبێدەنگبوونبەهێزیزیاترەوەهاتنەوەمەیدانینەبەردلەگەڵحکومەتیئیسلامی. سەرپۆش سوتان، نەبەردی تەنبەتەنی ژنان و لاوان لەگەڵ هێزە سەرتاپا چەکدارەکانی حکومەت، بوو بە بابەتێکی ئاسایی و ڕۆژانە. گەشتەکانی ئیڕشاد چوونەوە کونەکانی خۆیان و بە کردەوە حیجابی زۆرەملێ لە زۆربەی شوێنەکانی وڵات فڕێدرا. پشتیوانیە جەماوەریەکان لە دەرەوەی وڵات، لە ئاخێزی خەڵک لەنێوخۆی وڵات پەرەی سەند. پەیوەندی خەڵکی تێکۆشەری نێوخۆ لەگەڵ کۆچبەرانی دەرەوەی وڵات پتەوتر بوو. کرێکاران لە بەشە کلیدیەکانی نەوت و پیتڕوشیمی یەکەم هەنگاوی هاوڕێیەتی چارەنووس سازی خۆیان لەگەڵ ئەم شۆڕشە هەڵێنایەوە. هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دروست کردنی کەلێن لەنێوان خەڵکی ناڕازیدا بوو بە بڵقی سەرئاو. ٤٣ ساڵ هەوڵ و پیلانی کۆنەپەرستان و کۆماری ئیسلامی بۆ وەڕێخستنی شەڕی کورد و تورک، شیعە و سوننی لە چەند ڕۆژدا بەرەوڕووی سکتێکی ئابڕوبەرانە بوویەوە و لەمڕۆدا لە شارە تورک نشینەکاندا شاهیدی دانی دروشمی پشتیوانی لە خەڵکی کوردستانین. بەلوچستان و کوردستان بوون بە چاو و چرای شۆڕشی ئێران.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کاسەی سەبری خەڵک لێو ڕێژ بووە و ئیتر تەنانەت ئیسلاح خوازانی حکومەتیش کارێکیان لەدەست نایەت بۆ مانەوەی ئەم ڕژیمە. لێبڕاوی و شەفافیەتی دروشمەکان، ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە لە گشت خەبات و تێکۆشانی چوار دەیەی ڕابردو جیا دەکاتەوە. دژایەتی لەگەڵ سەرجەم نیزامی ئیسلامی داخوازی گشتی بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانە و پایەداری ڕژیم تێکشکاوە. خەڵک بوێرانەتر لە هەمیشە هاتونەتە مەیدانی خەباتێکی چارەنووس ساز لەگەڵ ڕژیم و هاوسەنگی هێزیان بە قازانجی خۆیان گۆڕیوە. درێژەی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆتە هۆی ناکارا بوونی زیاتری سیاسەتی سەرکوت.
بەڵام داخوازی و تەوەقوعەکان هەمە لایەنە و بەرینتر بۆتەوە. ئێستا داخوازی گشتی خەڵک کۆتایی هاتنی حکومەتی ئیسلامی و دادگایی کرانی سەرانی جەنایەتکاری ڕژیمی ئیسلامی و دامەزراندنی ئازادی و بەرابەری و ڕیفاهی ئابووریە. بە قوڵتر بوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی هەژاری، ڕۆژ و مانگەکانی داهاتوو گەلێک پڕ جۆش و خورۆش و چارەنووس ساز دەبن. یەکێتی زیاتر، ئیدامەکاری ناڕەزایەتی و لێک هەڵپێکانیان لەگەڵ مانگرتنی بەرینی جەماوەری و کرێکاری پشتی حکومەتی ئیسلامی دەشکێنێ.
پشێوی لە ڕیزەکانی سەرەوەی ڕژیمدا ئاشکرایە. لە وەها بارودۆخێکدا بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو کەسەکانی نێو ڕیزی حکومەت و سەربە دامودەزگا سەرکوتگەر و چەکدارەکان ئەوەیە کە ئێوەش بیر لە داهاتوی خۆتان بکەونەوە و چارەنووسی خۆتان و بنەماڵەکانتان لەم ڕژیمە جیا بکەنەوە و وەرنە نێو ڕیزی خەڵکەوە. ئەم شۆڕشە ڕێگای گەڕانەوەی نییە و پێداویستیەکانی سەرکەوتنی هەنگاو بە هەنگاو فەراهەم دەبێت.