کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شۆڕشی ئێران مژدە دەری ئاڵوگۆڕی قوڵی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیە

photo 2023 01 09 12 15 55

  کۆماری ئیسلامی بەشوین قەتڵی حکومەتیمەجید ڕەزا ڕەهنەوەردو موحسین شکاری دا لە زیندان، بە کوشتنیمحەممەد مێهدی کەرەمیوسەید محەممەد حسێنیجارێکی تر دەستی دایە جەنایەت. بێ گومان بیستنی هەواڵی ئێعدامی ئەو لاوە ناڕازیانەی کە بۆ دادپەروەری و ئازادی خەبات دەکەن و خوازیاری ژیانێکی شیاوی ئینسانی بوون، دڵی هەموو ئینسانێکی شەریف ئازار ئەدات. بەڵام ئەم جۆرە جەنایەتانە ناتوانێ ڕەوتی بەرەوپێشی شۆڕشی خەڵک بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئیستبدادی حکومەتی ئینسانکوژی ئیسلامی ڕابگرێت. ئێعدامی ئەو دوو لاوە، لە ڕاستیدا نیشانەی داماوی و زەبوونی حکومەتی ئیسلامیە نەک بەهێزی و ئیقتیداری.

ئێعدام، کوشتنی خیابانی و تیرۆر تەنیا شگرد و بژاردەی حکومەت بووە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خەڵکی وەگیان هاتوو لە ماوەی نزیک بە چوار مانگ کە بەسەر درێژەی شۆڕشێکدا تێدەپەڕێت کە ناوی ژینا ئەمینی ڕەمزی بەرپا بوونیەتی، حکومەتی ئیسلامی هەرچیەکی لە توانایدا بووە بۆ تێک شکاندنی ئەنجامی داوە و ئاکامەکەشی ناکامی بووە. تیرۆر، قەتڵە حکومەتیەکان لەسەر شەقام و ئێعدام لە زیندانەکاندا، ڕەوتی بەرەو پێشەوەی شۆڕشی ڕانەگرتوە و ڕاشیناگرێت. بە قەتڵی حکومەتی ژینا، قین و توڕەیی پۆنگ خواردو لە ژێر پێستی شار و کۆمەڵدا تەقیەوە. ئێمە لەم ماوە کورتەدا شاهیدی بەرپابوونی شۆڕشێکی بەهێزی سیاسین کە هاوکات گەلێک لە پەیوەندیە کۆن و پەڕتوکاوە کۆمەڵایەتیەکانیشی کردۆتە نیشانە. ئامادەیی بەرینی ژنان کە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ئێراندا بوونەتە خاوەنی پشتیوانی پیاوانی یەکسانی خواز، لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا کەم وێنەیە.

شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ کە لەلایەن ڕەوتی مەزهەبیەوە دەستی بەسەردا گیرا و حکومەتێکی مەزهەبی شیعەی گەیاندە دەسەڵات، لەسەر خوێن، شەڕ، تازیەباری، سینە زەنی، مەرگ و شەهادەت، بێگانە هەراسی و نەفرەت لە هەموو دیاردەیەکی نوێ و مۆدێڕن، ئەمڕۆیی و زانستی بوو دامەزا. بەڵام شۆڕشی ژینا ڕاست لە ئاڕاستەی پێچەوانە و بۆ سڕینەوەی هەموو بابەتە کۆن و نا ئەمڕۆیی و دزێویە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی سەرچاوەگرتوو لە بەدەسەڵات گەیشتنی حکومەتی مەزهەبیەوە بەرپا بوو.

لە شۆڕشی ژینادا دروشمیژن، ژیان، ئازادیڕەنگدانەوە و دەنگ دانەوەی خواست و ئاواتەکانی زۆربەی خەڵکی ئێرانە. ئەو چەمک و مەفهومانەی کە ڕاست لە دژایەتی و بە پێچەوانەی فەرهەنگی کۆنەپەرستانە و دامەزراو لەسەر نا یەکسانی ژن و پیاوە. لە شۆڕشی ژینادا تەنیا سەرنج نەخراوەتە سەر پڕاویز خستن، لاوازکردن و سەرئەنجام تێکشاکاندنی ئیقتیداری مەزهەبی بەڵکو تێكشکاندن و سڕینەوەی پیرۆزی لە سەرجەم دیاردە و سێمبولە مەزهەبیەکان ئامانجە.

ئەوەی هیوا بە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە لە دڵاندا دەپشکوێنێ، دەرێژەی حوزوری ژنان و لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، خوێندکاران و قوتابیان، هونەرمەندان و وەرزشوانان، فەرهەنگیان و خانەنشینان، و بەکورتی، بەشێکی بەرین لە خەڵکی کۆمەڵگایە لە ماوەی ٣ مانگ و ٢٠ ڕۆژی ڕابردودا بە پێشەنگایەتی ژنان. ئاستی جەماوەری بوونی ئەم بزوتنەوەیە بەتایبەت لە کوردستان و بەلوچستان کەم وێنەیە. ئێستا ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە گەورە و بەرینە بەرەو ئەوە دەچێت تا جەماوەری بەرینی کرێکاران لە ناوەندەکانی گەورەی بەرهەمهێنان لە خۆبگرێت و هەر ئەم ڕاستیەشە ناقوسی مەرگی ڕژیمی لێداوە.

شۆڕشی ژینا نە تەنیا حکومەتی ئیسلامی لە ئێران، بەڵکو لە سەرجەم ناوچەکەدا تەنگی بە حکومەتە مەزهەبی و ستەمکارەکان هەڵچنیوە. بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران بوو بە هۆی شکڵ گرتنی تالیبان، داعش، حیزبۆللە و باقی ڕەوتە دەمارگرژ و توندڕەوە شیعە و سونیەکان. ئەم شۆڕشە ڕاست لە خاڵی پێچەوانەی ئەودا، ناوچەکەی بۆ جەریاناتی کۆنەپەرستی مەزهەبی نا ئەمن کردوە و مژدە دەری ئاڵوگۆڕە قوڵە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیەکانە.