نزیک بە ٦ مانگ لەمهوبهر ڕۆژی ١٠ی مانگی گوڵان بوو کە دادسەرای گشتی تاران لە حوکمێکدا دەستوری فیلتێر كردنی کاناڵی ئینتێرنێتی تێلێگرامی دەرکرد. لەم حوکمەدا هاتبوو کە تیلێگرام بەهۆی “تێكدانی وەحدەتی نەتەوەیی و پێكهێنانی ناکۆکی لە نێوان توێژە کۆمەڵایەتیەکاندا” دادەخرێت. لە دەستوری قەزایی پێوەندیدار بە تێلێگرامەوە هەروەها هاتبوو کە” ئهو داخستنه دەبێ بە شێوەیەک بهڕێوهبچێت کە بە هیچ نەرم ئەفزارێکی “وەک فیلتێر شکێن و شتی تر” دەستی بهناوهڕۆكی ئهو شهبهكهیه ڕانهگات.
حوکمی دادسەرا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ڕووداوەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو بوو کە تێیدا خۆپیشاندان لەدژی ڕژیم لە زیاتر لە سەد شاری ئێران، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە کاناڵی تێلیگرامەوە، هاوئاهەنگ کرابوو. لە مەودای ٦ مانگی ڕابردوودا کەسانێکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە کەوتونەتە زیندان و جەریمەی نەغدی کراون. بەڵام با بزانین ئاکامەکەی چی بووە. بەم دواییانە ” ناوەندی ڕاپرسی خوێندكارانی ئێران” ناسراو بە” ئیسپا” لەم بارەیەوە ڕاپرسیەکی ئەنجامداوە کە ئاکامەکەی لە ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆدا بڵاو بووهتەوە. لە ڕاگەیاندنی ئاکامی ئەم ڕاپرسیەدا هاتووە:” ٦ مانگ دوای فیلتێر کرانی تێلێگرام، سەرەڕای گوشاری زۆر و بەرین بۆ ناچار کردنی خەڵک بۆ کەڵک وەرگرتن لە پەیام ڕەسانەکانی نێوخۆ بە جێگای تێلیگرام، دیسانیش زۆربەی کاربەران لەم پەیام ڕەسانە کەڵک وەردەگرن.” بەپێی ئەم ڕاپرسیه، ٦٢ و نیو لەسەد لەو کەسانەی وڵامیان داوەتەوە وتویانە بەر لە فێلتێر کرانی تێلیگرام لەم پەیام ڕەسانە کەڵکیان وەرگرتووە و ئێستاش ٤٧ ٣ دههۆمی لەسەد لە سەرجەمی کەسانێک وڵامیان داوەتەوە وتویانە هەروا لە تێکیگرام کەڵک وەردەگرن. کاتی فیلتێر کرانی کاناڵی تێلیگرام، ئەم تۆڕە كۆمهڵایهتییه نزیکەی ٥٠ ملیۆن کاربەری هەبوو. تازە ڕوو کردنە ئەم كاناڵه دوای ئەوە دەستی پێکرد کە تۆڕەکانی وایبر و لاین فیلتێر کران.
ئەگەر بگەڕێیەنەوە بۆ خۆڕاگری ڕژیم لەبەرانبەر تێکنولۆژی مۆدێڕنی ڕەسانەییدا دەردەکەوێ کە ئەم ڕژیمە چۆن بە توندوتیژێكی تەنانەت گەلێک زیاتر لەوەی ئەمڕۆ ئەنجامی ئەدات و لە بارودۆخی سیاسی نالەبار تردا بۆ خەڵکی ئێران، لهم بهربهرهكانییهدا شکست و ناکامی بووهتەوە و هەموو جارێک سەری لەبەرد دراوە. داستانی قەدەغە بوونی ویدیۆ و گرتن و زیندانی کردنەکانی ساڵانی پێشو لهسهر ئهو تێكنۆلۆژییه، هەمومان لەبیرمانە. ئاکامەکەی چی بوو؟ لە گەرماوگەرمی ئەم کێشەیەدا ئێران بە نیسبەتی جەمعیەتی چووە ڕیزی زۆر ترین بەکارهێنهری دەزگای ویدۆیی و وێنەی ویدۆیی لە دنیادا. فیلمە سینەماییەکان بەرلەوەی کە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەریاندا بڵاوبكرێنهوه لە ئێران لەنێو لاواندا دەست بە دەست دەگەڕان و سەرئەنجام نە تەنیا دەزگای ویدیۆ، بەڵکوو ویدیۆ کولوپەکان بە شێوەی ئاشکرا، خۆیان بەسەر ڕژیمدا سەپاند. دواتر سەردەمی کەڵک وەرگرتن لە ئانتێنی ماهوارە هات. کۆماری ئیسلامیی بە سەرسەختی تەواو بەری بە هاوردە کردن، بەرهەمهێنان، فرۆشتن و دامەزراندنی گرت. یاسای بۆ دەرکرد، خەڵکی لەبەر هەبوونی خستە زیندان و جەریمەی کردن، لەدژی کەڵک لێوەرگرتنی تەبلیغاتێکی بەرینی کۆنەپەرستانەی خستەرێ، مەئمورەکانی پۆلیس و هێزی ئینتیزامی بۆ لەنێو بردنی ئانتێنەکان ڕەوانەی سەر سەربان و دەرو دیواری ماڵی خەڵک کرد و چیان لەدەست هات لەم بوارەدا کردیان. جارێک لە عەمەلیاتێکی نمایشیدا سەدان دیشی ماهوارەیان ڕیز کرد و بە تانک بەسەریاندا رۆیشتن. ڕاگەیەنرەکان لەو کاتەدا نووسیان:” کۆماری ئیسلامیی بە تانک دەچێتە شەڕی ماهوارەکان”! بەڵام ڕژیم ناچار بوو، بوونی جهنگهڵێك له ئانتێنی ماهوارە لە سەر سەربانەکان تەحەمول بکات و ورتەی لێوە نەیەت. کار گەیشتە جێگایەک کە ئاخوندەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا بەساتی ماهوارەیان دامهزراند و ناچار بوون تەبسەرە بۆ یاساکانیان دابنێن و هەنگاو بەهەنگاو و بە سەرشۆڕی ناچار بوون، بوونی ماهوارە لە ماڵەکاندا قەبوڵ بکەن. ئهمڕۆكه ئاماری فرۆشتنی ئەم ئامێرە نوێەی ڕاگەیاندن بە نیسبەتی جەمعیەت، لە ئێران دا زیاترە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی دنیا، کە لەم بارەیەوە هیچ بەربستێکیان دانەناوە.
بەڵام سەرەڕای ئەم ناکامییانە سەرانی ڕژیم لەم ڕەوتە واقعیانە دەرسیان وەرنەگرت. ئەمجار ڕژیم کارکردی ئەم سیاسەتەی سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە تۆرە ئینترنێتیەکانیش تاقی كردهوه. سەرەتا ئیجازەی دامازرانی بە شێرکەتەکانی پێشکەش کاری خزمەتگوزاری ئینتێرنێتی نەدا و دواتر نرخی کەڵک لێوەرگرتنی گران کرد و ئەوکات خێراییەکەی کەم کردەوە، یاسایان بۆ تاوانی ڕایانەیی لە مەجلیس پەسند کرد. هیجکام لەم هەنگاوانە ئاکامێکی نەبوو. سەرئەنجام ناچار بوون لە هەموو ئەم بوارانەدا پاشەکشە بکەن. ئەمجارە وێبلاگ نووسینیان قەدەغە کرد و وێبلاگ نووسانیان خستە زیندان، بەڵام دیمان کە بانترین ئاماری ویبلاگ نووس لە ئێران سەریان هەڵدا. لەسەر سایتە ئینترنێتیەکان فیلتێریان دانا، پیشەسازی فیلتێر شکێن پەرەی سەند، سپای پاسداران بۆ نەبەرد لەگەڵ دنیای مەجازی ناوەندی تایبەتی سایبری دامەزراند، لە بەرانبەردا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتێرنێت پەرەی گرت.
لەمڕۆدا لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتی بە جیهانی بوون و شۆڕشێکی گەورەی کە لە بواری ڕاگهیاندن و بەرەو پێش چوونی تێکنولۆژی زانیاری و لهوشیاری جهماوهری خەڵکی ئێراندا ڕوویداوه، بەڕێوەچووە، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ کەلێنی فەرهەنگی نێوان خەڵک و حکومەت و ئیدئۆلۆژی حاکمیەتی ئیسلامیی کە لەسەر بنەمای فەرمانەکانی ئایینی ئیسلام بینا کراوە، قوڵتر بووهتەوە.
کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لە بواری تێکنولۆژیک و ڕەواجی فەرهەنگی ئیسلامیدا بەرەوڕووی شکست بووهتەوە، بەڵکوو ئەم ئامرازانە بەکردەوە چوونەتە خزمەت ڕێكخستنی بزوتنەوە و حەرەکەتە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانەوە. ڕاپرسی” ئیسپا” ڕاگەیاندنی شکستی کۆماری ئیسلامیی لە نوێ ترین سەنگەرێک دایە کە داماوانە خەریکبوو تێیدا خۆڕاگری دەکرد. هێشتا گەلێک شکستی بەردەوامی تر هەن کە بە هیممەتی کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەر و لاوانی پڕشوری ئێران دەبێ بەسەر ڕژیمدا بسەپێت.