کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکستی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی و بەهێز بوونی بوارەکانی کۆمەڵگایەکی سیکۆلار لە ئێران

کەم بوونەوەی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نوێژ ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها زیاد بوونی نەفرەتی خەڵک لە رژیمی ئیسلامی، نیگەرانی کاربەدەستانی ئه‌م رژیمه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌. ئەم نیگەرانیە جاریوایە بە شێوەی راستەوخۆ و هێندێک جاریش ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئاخوندەکان و باقی کاربەدەستانەوە بەیان دەکرێت. خامنەیی لەهەموو دەرفەتێکی گونجاودا جەختی لەسەر گرینگی راکێشانی خەڵک و بەتایبەت لاوان بەرەو مزگەوتەکان کردۆتەوە. ئەو لە پەیامێکدا گلەیی کرد کە کۆی بەرپرسانی نیزامی ئیسلامی وەزیفەی خۆیان سەبارەت بە راکێشانی ژنان و پیاوان و بە تایبەت لاوان و تازەلاوان بۆ نوێژ کردن بەجێ نەهێناوە. لەسەر بنەمای ئەم قسانە لە نێوەڕاستی مانگی گوڵانی ٩٤ دا، دەبیرخانەی ستادی باڵای کانونی فەرهەنگی ـــ هونەری مزگەوتەکان پێکهات تا لەپاڵ تەشەکولە بێ ئەژمارەکانی تردا کە لە ماوه‌ی ٣٦ ساڵی رابردودا دروست کراون، لاوان راکێشن بەرەو مزگەوتەکان و بە نوێژ کردنەوە سەرگەرمیان بکەن. قەرارە ئەم تەشەکولە نوێیە لاوان لەپاڵ ترساندن لە گوشاری قەبر و جەهەننەم، بە تەماع وەبەرنانیش وادار بە نوێژ کردن بکەن.کۆتاییەکانی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢، سەرۆکی دەزگای قەزایی، ئامولی لاریجانی، وتی: “ئەرکی ئێمەیە تا قورئان لە هەموو کاروباری رۆژانەی ژیانماندا ده‌خاڵەت بدەین و ئەمەش قورئانی مردوو زیندوو دەکاتەوە.” لە نێوەڕاستی مانگی رێبەندانی ٩٣، “عەلەمەل هودا” ئیمام جومعەی موه‌قه‌تی مەشهەدیش گلەیی لە بێ ئیعتینایی لاوان بە ئیسلام و سێ دەیە تاریخی کۆماری ئیسلامی کرد. ئەو لە کۆبونەوەی بەرپرسانی ستادی نوێژی جومعه‌ی خۆراسانی رەزەوی بە مێحوەریەتی “ستادی نوێژی جومعه‌ و جەوان گەرایی” وتی: “نوێژی هەینی دەبوو بەشێوەیەک مودیریەت بکرێت کە نەسڵی سێیەم بەرەو خۆی رابکێشێ.” سەید شەهابەدین چاوشی جێگری سیاسی ئۆستانداری تاران لە رۆژی جومعه‌ ١١ی گوڵانی ١٣٩٤ لە کۆبونەوەی سەرتاسەری ئەندامانی شوڕا ئیسلامیەکانی شار و دێهاتەکانی شارستانی مەلارد دانی بەوەدا نا کە ٩٠ لەسەدی لاوان لەمرۆدا لە ئیسلام دوور کەوتونەتەوە. محەممەد یەزدی سەرۆکی مەجلیسی خوبرەگان بەم دواییانە هێرشی کردە سەر هێندێک لە دانیشگاكان، موعه‌لیمان و خوێندکارەکان و وتی: ئەوان گیرۆدەی رسومی رۆژئاوایی بوون و لە ئەرزشەکانی ئیسلام دوور کەوتونەتەوە. بەپێی وتەکانی، ئەو لاوە دیندارانەی کە دەچنە دانیشگاكان بەجێگای ئەوەی کە باشتر بن بەرەبەرە دینەکەیان لەدەست ئەدەن. تازە ترین هەڵوێست گرتن لەم پێوەندەدا دەگەڕێتەوە بۆ مەلایەکی ئوسولگەرا بە ناوی محەممەد رەزا زائێری. ئەو رۆژی چوارشەممە ٦ی مانگی جۆزەردان لە شاری قوم بە ئاماژە بە “توێژینەوەکانی ساڵی رابردو”، وتی:” لەم توێژینەوانەدا کە یەکێک لە دۆستان لە ساڵی ٩٣ دا مەحرەمانە ئەنجامی دابوو وە ئاکامەکەی، سەرەتای ئەمساڵ ئاشکرا کرا، نیشاندرا کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی رۆحانیەت گەلێک کەم بۆتەوە بەشێوەیەک کە متمانەی خەڵک بە پزیشکەکان و ئۆستادانی دانیشگا زیاترە لە رۆحانیەت.” ئەو بابەتەکەی وەک “کارەساتناوبرلێبرد و وتی: “حەوزەی عیلمیەمان دەبێ بە دوو دەستی بدات بەسەری خۆیدا”.448

نەفرەتی خەڵک لە رژیم لەم بوارەدا لە ئاکسیۆنێکی خەڵکی ئێکباتانیشدا خۆی نیشاندا. بەپێی هەواڵەکان لە نێوەڕاستی مانگی گوڵانی ٩٤ دا خەڵکی شارەکی ئێکباتان لە ناڕەزایەتی بە دروست کردنی دارالقورئان لەم شارەکەدا توومارێکیان بە ٢٥ هەزار ئیمزاوە ئامادە کرد و لە بەرانبەر شوڕای شاری تاران دەستیاندایە ناڕەزایەتی دەربرین. دارالقورئان قەرارە لە لایەن گروپێک بەناوی عاشقانی مەهدیەوە دروست بکرێت. جێگای ئاماژە پێکردنە تا ئێستا چەندین جار دانیشتوانی ئێکباتان لە ناڕەزایەتی بە دروست کردنی دارالقورئان دەستیانداوەتە کۆبونەوە.

کۆماری ئیسلامی لە سەرتاسەری ماوەی حاکمیەتی دژی ئینسانی خۆیدا هەموو ساڵێک بە ملیارد تمەنی لە بودجەی وڵات بۆ پەرەپێدانی ئیجباریی قورئان و نوێژ لەبەرچاو گرتووە. تەربیەت کردنی بەکرێگیراوی قاڕی، نۆحە خوێن، حافزی قورئان، موبەلیغی مەزهەبی و پێش نوێژ بۆ مەسموم کردنی زەینی ژنان و پیاوان و بەتایبەت لاوان لە ئەولەویەتەکانی رژیم بووە و هەیە. رۆژنامەی ئیعتدال رۆژی ٢٣ی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢ نووسی یەکێک لەو تەرحانەی کە بە ئامانجی تەرویجی فەرهەنگی قورئانی لەبەرچاو گیراوە، دامەزراندنی ١٠ هەزار خانەی نوورە لە سەرتاسەری وڵاتدا کە ئاموزشدانی قورئان لە تەمەنی منداڵیەوە وەئەستۆ دەگرێت. بەپێی نووسراوەی ئەم بڵاو کراوەیە لە ساڵی ١٣٩٢ بودجەی پەسند کراو لە مجلیس بۆ کاروباری قورئانی زیاتر لە ٢٠٠ ملیارد تمەن بووە.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە تەنیا بەشێک لە هەزینەی ئۆرگانە مەزهەبیەکان و دروست کردنی مزگەوت و هیتر لە بودجەی دەوڵەتی دابین دەبێت. خاوەنانی سەرمایە، هەیئەتە مەزهەبیەکان و بەتایبەت توجاڕی بازاڕ کە لە ئەحکامی وەک “دارۆغەی خودا لە لە بازاڕدایە”، زۆرترین قازانج لە چەوساندنەوەی کرێکاران دەکەن بە پارەی حاسڵی دەستڕەنجی کرێکاران و دەستیان کردوە بە دروست کردنی مزگەوت و ئەماکنی مەزهەبی. بەپێی ئاماری وەزاڕەتی نێوخۆ لە ساڵی ١٣٩٢ لە وڵاتدا زیاتر لە ٦٠ هەزار مزگەوت هەبووە و تاران، نزیکەی ٢ هەزار مزگەوتی تێدا بووە. بەپێی محاسبەی وەزاڕەتی نێوخۆ لە هەر ناوچەیەکدا و بۆهەر ٢٠٠ بنەماڵە دەبێ مزگەوتێک هەبێت. ناوەندە مەزهەبیەکان و بەتایبەت مزگەوتەکان لە کۆماری ئیسلامیدا لەپاڵ کردارەکانی تردا ناوەندی سیخوڕیش بوون و بەم هۆکارە بونیان گەلێک پێویست بووە. لە پاڵ مزگەوتەکاندا دەبێ ئاماژە بە ژمارەیەک ناوەندی تری وەک تەکیەی عەزاداری، مەقبەرە، ئیمامزادە و حسەینیەش بکرێت. بۆ نمونە تەرحی موسەلای گەورەی تاران، موسەللای خومەینی، لە ٢٠٤ هێکتار لە زەویەکانی عەباسئاباد لە زەویەکدا بە بەرینایی ٦٥ هێکتار، خاوەنی ١٤ گوڵدەستە، ١٢ سەحن و ٥ دەرگایە. بەرزایی ئەیوانی گەورەی موسەللاکە ٧٢ میترە و موسەللاکە خاوەنی ٧ گۆنبەدە. ئەم بینایە خاوەنی نهۆمێکی سەرەکی و نیو نهۆمێکی زاڵە بەسەریدا کە جێگای ٧٠ هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە. نزیکەی ٢٨ ساڵە لەحاڵی دروست کردن دایە و بۆتە گرانترین مەقبەرەی جیهان.ئەمانە نیشانی ئەدەن کە پێ بەپێی لاوازتر بوونی ئیسلامی رژیم، هەزینە و بودجەی ناوەندە مەزهەبیەکان و کەسانی خزمەتگوزاری مەزهەبی زیاتر بووە. بەڵام سەرەڕای تەرخان کرانی بودجەی کەڵان و بەکارهێنانی دەیان هەزار ئاخوند لە ماوه‌ی ٣٦ ساڵی رابردودا بۆ ئیسلامی کردنی کۆمەڵگا ئێستا دەرکەوتوە کە ئەم پرۆژەیە بەرەو شکستی بەتەواوەتی چووە. لەمرۆدا لە تەسەوری کەسدا ناگونجێ کە جەریاناتی ئوپوزسیۆنی ئیسلامی ئەم رژیمە لە سبەی رۆژی حاکمیەت لە ئێراندا بتوانن دەرو نەخشێکی ئەوتۆیان هەبێت. رژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو ئەگەرێکی زەرفیەتەکانی ئەوانی سوتاندوە. شکستی ئیسلامی سیاسی لە ئێران، زەمینەی رۆشنگەری و سەرهەڵدانی کۆمەڵگایەکی سیکۆلاری گەلێک بەهێز کردوە. ئەم راستیە لە هەمانحاڵدا رێگا بۆ پەرەسەندنی بنەماکانی سوسیالیزمی عیلمی لەنێو کرێکاران و لاوان و توێژی پێشڕەوی ژناندا گەلێک خۆشتر دەکات.