کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  سەڵتەنەت تەڵەبەکان و خەیاڵی گەڕانەوەی نیزامی پاشایەتی بۆ ئێران

14011011000302 Test PhotoN

  ڕەوتی ڕاستی ئوپوزسیۆن لە پەلەقاژەیەکی بێ سەمەردا هەوڵئەدات تا شۆڕشی” ژینا” بە دروشمی” ژن، ژیان، ئازادی” بە هەر نرخێک بووە لە ناوەرۆکە ئازادی خوازانە و پێشکەوتوەکەی داتەکێنێ و بە یارمەتی ڕاگەیەنەرە سەروەتمەندە فارسی زمانەکان دەست بەسەر ئەم شۆڕشە شکۆدارە بگرێت. سەڵتەنەت تەڵەبەکان و ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکانی ژێر کونتڕۆڵیان، ئەو سیلیبریتیانەی تا دوێنێ دەستیان لە کاسەیەکدا بووە لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی و دوای چل و سێ ساڵ جەنایەتی حکومەتی ئیسلامی تازە هاتونەتە ڕیزی ئوپوزسیۆنەوە، لەگەڵ ژمارەیەک لەو کەسانەی ڕێزەکانی حاکمیەتیان جێهێشتوە، شێوە بەرەیەکیان پێکهێناوە و هەوڵ ئەدەن بە بەکار هێنانی سیاسەتی درۆ، ئاوەژوو کردنەوە، و تەنەنات پەیڕەو کردنی توندوتیژی کەلامی و فیزیکی لە دەرەوەی وڵات نەیارانی خۆیان وادار بە بێدەنگی بکەن.

  لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لە نێوخۆدا و ئەگەری ڕوخانی حکومەتی ئیسلامی، لەگەڵ هاتنە مەیدانی شکۆداری خەڵکی کوردستان و بەلوچستان، کرێکاران، ژنان، لاوان، خوێندکاران و قوتابیان، ئوپوزسیۆنی ڕاست کە بۆ ماوەی چوار دەیە نەزۆک و وەرشکستە مابۆوە، گیانێکی نوێی هاتەوەبەر. هەنگاوی یەکەمی ئەوان تاشینی دروشمی کۆنەپەرستانەی مەرد، مەیهەن، ئابادی لە بەرانبەر دروشمی پێشکەوتو و ئازادی خوازانەی ژن، ژیان ئازادی دا بوو. لە هەنگاوی دووهەمدا پەرچەمی سەڵتەنەتیان بەسەر خۆپیشادانەکاندا سەپاند لە دەرەوەی وڵات. لە ڕاگەیەنەرەکاندا لەدژی خەڵکی کوردستان، بەلوچستان و هەموو خەڵکی ژێر ستەم هەڵوێستیان گرت. بە خۆش کردنی ئاگری کورەی پێویستی دیفاع لە یەکپارچەیی ئێران و تاوانبار کردنی نەیاران بە جودایی خوازی دوژمنانی فەڕزیان دروست کرد.

  کۆمەڵێک مۆرەی ئوپۆڕتونیست و هەندێک جار گوماناویان بە یارمەتی ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکان گەورە کردەوە و منداڵەکانی پاسای پێشویان کێشایە نێوەڕاستی مەیدانەوە. سەڵتەنەت بە هۆکاری گەندەڵی بەرین و نیهادینە بوو، ئیستبدادی پاشایەتی و جەنایەتی ساواک، ناکۆکی چینایەتی بەرین بە ڕاپەڕینی خەڵک ڕوخا. ئێستا منداڵەکانی دیکتاتۆڕی پێشو کە کەمترین ڕەخنەیان سەبارەت بە جەنایەت و تاڵانو بڕۆکانی بنەماڵەی سەڵتەنەتی و ئیستبدادی ڕەشی ئەو دەورەیە نییە، وەک ڕزگاری دەر هێناوەتە گۆڕێ. جەریاناتی ڕاست دەیانەوێ هۆکارەکانی ڕوخانی سەڵتەنەت بشارنەوە و ئاوەژووی بکەنەوە. لانیکەم خەڵک بگێڕنەوە بۆ یەک سەدە لەمەوبەر و لە خەیاڵی گێڕانەوەی سەڵتەنەتدا بەسەر دەبەن.

  ئوپوزسیۆنی سەڵتەنەت تەڵەب دەزانن کە لە ئێراندا پێگەیەکی کۆمەڵایەتیان نییە، لەسەر ئەو هیوایەن کە لە هەلومەرجێکی گونجاودا، بە پاراستنی هێزە چەکدارەکان، بە بەکارهێنانی بەشێک هەرلەم حکومەتە، شێوە کودتایەک ڕێکبخەن. حەفتا ساڵ لەوەپێش بە یارمەتی دوو حکومەتی ئینگلیس و ئامریکا و پاشای ئەوکاتی ئێران کودتای ٢٨ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ یان ڕێکخست. حەوت دەیە دواتر کوڕی هەمان دیکتاتۆڕ لە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشە کۆنەپەرست و هەل پەرستەکانی ئوپوزسیۆن و بە دەورونەخشی مێحوەریی مێدیای فارسی زمان لە هەوڵی ئەوەدان کودتایەکی تر ڕێکبخەن. کودتایەک بۆ گێڕانەوەی سەر کورسی دەسەڵاتی کەسێک کە تەنانەت لە قسەشدا ئامادە نییە حیسابی خۆی لە حیسابی باوکە تاجدارەکەی جیا بکاتەوە و لەگەڵ دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دا بێگانەیە.

  خەڵک مافی ئەوەیان هەیە بپرسن دوای سەد ساڵ ئیستبداد و جانەیەتی هەردوو ڕژیمی سەڵتەنەتی و ئیسلامی بۆچی دەبێ بە کەمتر لە ئازادی، یەکسانی و ژیانێکی باشتر ڕازی بن.

  ڕەزا پەهلەوی پێگەیەکی لەنێو خەڵکی ئێراندا نییە و ئەگەر قەرارە دەورێکێشی هەبێت، لە باشترین حاڵەتدا نوێنەری بەشێک لە ئوپوزسیۆنی ڕاستە و پەیوەندی بە سەدەمێکی تێپەڕیو و نیزامی ڕوخاوی ڕابردوەوە هەیە.