لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا “واحید شێخ محەممەدی” هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “ئاڵیاوێ” سەر بە شاری شنۆ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر “ڕەزایی” سزای ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو سزایە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕژیم” بە سەر ناوبراودا سەپاوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە. دانیشتنی دادگای “واحید شێخ محەممەدی” کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچووە. جێگای ئاماژەیە ناوبراو ڕۆژی شەممە ١١ی مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی شارەکانی دیگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر و دوای ٤٥ ڕۆژ ڕاگیران بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرابوو.