کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەفەری رۆحانی خوێکردن بە برینی خەڵکدا لە مهاباد

سەفەری رۆحانی بۆ شاری مهاباد ڕاست هاوکات لەگەڵ ساڵگەردی ئێعدامکردنی ٥٩ لاو و تازەلاوی شاری مهاباد، بەرنامە بۆ دارێژراو بوو. گرنگ نییە کە ئەم هەڵبژاردنە ئاگاهانە بووە یان بە ڕێکەوت، گرنگ ئەوەیە کە ئەم رۆژە لە بیرەوەری خەڵکی مهاباد دا لەبیر ناکرێت. سەفەری رۆحانی بۆ مهاباد لەم رۆژەدا خوێکردن بە برینێک دایە کە دوای ٣٣ ساڵ هێشتا گیان و جەستەی خەڵکی ئەم شارە و هەموو کوردستان ئازار ئەدات. رۆحانی و زۆربەی ئەوانەی کە لە دووی خوردادی ١٣٦٧ بەملاوە بوونە ئیسلاح خواز یان عەداڵەت تەڵەب، خۆیان لە بەرپرسانی ڕاستەخۆی جەنایەتێکن کە لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ دا لەدژی خەڵکی کوردستان ئەنجام درا. رۆحانی لە قسەکانیدا لە شاری مهاباد باسی ئەم رووداوەی نەکرد و هەڵبەت ئەو چاوەروانیەشی لێنەدەکرا. بەڵام لە ڕیاکاری و فریوکاری و دانی وەعدەی بێ بنەمادا، دەستی کەمی لەوانی پێشوتر لەخۆی، وەک ئەحمەدی نیژاد نەبوو.قسەکانی رۆحانی لەسەر سێ مێحوەری سەرەکی چڕ ببۆوە. یەکەم پێداهەڵگوتن بە خەڵکی مهاباد دا کە ” گۆیا سنور پارێزێکی بەغیرەتن”. دووهەم پێویستی سڕینەوەی هەڵاواردنی ئیداری و فەرهەنگی و ئاموزش لە سەر زمانی کوردی. سێهەم دەور و نەخشی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق لە دابین کردنی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستاندا. 726
لە خاڵی یەکەمدا ئاغای رۆحانی دەبێ بزانێ کە سنور پارێزانی بەناو بەغیرەت، نەک خەڵکی کوردستان، بەڵکو سپای پاسدارانێکی جەنایەت پێشەیە کە خۆی گەورە ترین تۆڕ و شەبەکەی مافیایی قاچاغی مادەی هۆشبەر لە ڕێگای سنورە جۆڕاو جۆرەکانی وڵاتەوە بەڕێوەدەبات. بەڵام لە هەمان حاڵدا ئەو کۆڵبەرە زەحمەتکێشانەی کە بۆ دەستەبەر کردنی ئیمکاناتی بەڕێچونێکی مەمرە و مەژی خۆیان لە ئاو و ئاگر ئەدەن، ئەداتەبەر گوللە. پاسدار و باقی کەسانی چەکداری جیرە خۆر کە لەوپەڕی جەبونی و جەنایەت پیشەییدا، لە پاسداری کردن لە سنورەکان رۆژ نییە کە چەند جەنازەی ئەم ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانە، نەخەنە سەردەستی خەڵکی ئەم ناوچەیە. خەڵکی مهاباد لەوەی کە لەوان وەک سنور پارێزی ولاتێک ناو ئەبرێت کە ڕژیمێکی جەنایەتکار و دژی ئینسانی بەسەریدا حاکمە، بێزارن.

بەڵام سەبارەت بە ئاموزشی زمانی کوردی و لاچونی هەڵاواردنی فەرهەنگی و ئیداری کە رۆحانی بە چێژەوە وەعدی دا کە لەگەڵ ” وەزیرەکانیدا لەم بارەیەوە ڕاوێژ دەکات” و یان ئەو قسە سوکانەی وەک ئەوەی کە ” بۆ من بەس نییە کە یەکێک لە سەفیرانی ئێمە سوننیە و خەڵکی کوردستانە و کافی نییە کە ئەگەر بەرپرسانێک لە وەزارەتخانە جۆراو جۆرەکاندا لە وانە وەزاڕەتی نەوت کوردن”، ئاشەکە لەوە سوێرتر بوو کە رۆحانی بە زەینیدا هاتووە. نەخشەی شکست خواردووی کەسانی پێش ئەو لەم بوارەدا گەلێک گشتگیرتر لە قسە بێ مایەکانی ئەورۆژەی رۆحانی بوون. ئیسلاحخوازانی حکومەتی لە هەمان دەورەی سەرۆک کۆماری محەممەد خاتەمیەوە، سەودای کپ کردنی بڵێسەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان لەدژی ستەمی نەتەوایەتی لە مێشکدا پەوەردە دەکەن. ئەوان بوون کە لە ماوەی هەشت ساڵ لە سەرۆک کۆماری خاتەمیدا، هەوڵیاندا بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان لە ناوەرۆکی دیموکراتیک، ڕزگاری بەخش و ڕادیکاڵی خۆی بەتاڵ بکەن. کۆنترۆڵ کردنی بزوتنەوەی کوردستان لە ڕێگای کەسانی ناوچەیی سەربە ڕژیمەوە، لە خزمەت پیلانی گشتی ئەواندا بووە بۆ پاراستنی ڕژیمی ئیسلامی. ئیجازەی فێر کردنی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆکانی کوردستان، پێهێنانی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ئیسلامی، دروستکردنی ئەنستیتۆی فەرهەنگی، بڵاوکردنەوەی رۆژنامە بە زمانی کوردی، ئیجازەدان بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی فەرهەنگی کۆنترۆڵ کراو، سپاردنی هێندێک لە پۆستە ناوچەییەکان بە کەسانی خۆجێی، بەگشتی ئەمانە تاقی کراونەتەوە و ئاکامی جێکی سرنجی ڕژیمیان نەبووە. ئەوان هەروەها ناچار بوون ساڵ بە ساڵ بە زللە روومەتی خۆیان سوور بکەنەوە و هەر ساڵە و جارێک دووپاتی بکەنەوە کە گۆیا ” ئەمنیەت بەردەوام لە کوردستان سەقامگیرە”. سوننەتی خەبات و خۆڕاگری شۆڕشگێڕانە لە کوردستان، نفوزی جەماوەریی کۆمەڵە، زووتر لەوەی کە بە زەینیاندا دەهات پەتەی پرۆژە فریوکارانەکانیانی خستە سەر ئاو. کۆمەڵە لە هەمان کاتدا بە پشت بەستن بەو ڕاستیانەی حاشایان لێ ناکرێت ڕایگەیاند” تا کاتێک کە لە ئێراندا ڕژیمێک لەسەر کارە کە دوژمنایەتی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان دەکات و ئامرازەکانی سەرکوتی بە دەستەوەیە، ئەم جۆرە پرۆژانە لە چوار چێوەی فریو و پیلان واوەتر ناچن.” لە ئێستادا رۆحانی بە زمانێکی لاڵەپەتانە روو بە خەڵکی کوردستان کە ئەم فریوکاریانەیان گەلێک جاری تر بیستوە و بینیوە، زوڕناکەی لەسەرەکەی دێکەوە ئەژەنێت.

سەبارەت بە نەخشی کۆماری ئیسلامی لە دابین کردنی ئەمنیەتی ناوچەکەدا رۆحانی وەک نمونە ئاماژە بە سوریە و یەمەن و عێڕاق دەکات. با جارێ لە قسە کردن لەسەر رۆڵی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتانەدا بگەڕێین. لە ساڵی ٢٠٠٣ وە و پاش روخانی ڕژیمی سەدام ، حزبە شیعەکانی که لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی دەکرێن لە عێراقدا هاتونەتە سەر دەسەڵات،ئایا خەڵکی عێڕاق تەنانەت شەوێکیشیان بە بێ کوشتار و وێرانی و ئاوارە بوون بە ژیانی خۆیانە بینیوە. ئایا ئەوەی کە کۆنەپەرستانی شیعە مەزهەب لەگەڵ ئاینەکانی دیکەیان کردوە، هیچی کەم تر بووە لەوەی کە ئەمرۆ داعش لەگەڵیان دەکات؟ هێزەکانی حەشدی شەعبی کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە ڕێکخراون، پێدەنێنە هەر شوێنێک جەنایەت و وێرانی و مەرگ لەگەڵ خۆیان ئەبەن و هەر جێگایەکیش چۆڵ بکەن، لەدوای خۆیان سەرزەویەیەکی سوتاو بەجێدێڵن. بۆنی پیلانەکانی داهاتوویان لەو ناوچانەدا کە خەڵکی کورد و غەیرە کورد بە یەکەوە ئەژین، لە ئێستاوە بەرلوت دەکەوێ. ئایا ناکرێ لانیکەم نیوەی ئەم جەنایەتانە لەسەر کۆماری ئیسلامی بنووسرێت؟ ئایامەترسی کۆماری ئیسلامی بۆ داهاتووی ئەمنیەتی کوردستانیش ڕاستەقینە نییە؟

خەڵکی مهاباد بە چاوی سوکایەتی و گاڵتە پێکردنەوە دەڕواننە سەفەرەکەی رۆحانی و ناورۆکی قسەکانی. ئەوان زۆر باش دەزانن کە دەستەبەر بوونی هەر داواکاری و بە دەست هاتنی هەر مافێک، تەنیا لە گرەوی خەباتی خەڵکی کوردستان، شان بە شانی هاوچارەنووسانیان لە ئێران دایە لەدژی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانیەوە.