کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەر لێ شێواوی سەرانی ڕژیمی ئیسلامی و وڕێنەکانیان

Untitled 57

وێب سایتی خەبەر ئانلاین لە ڕاپۆرتێکدا کە رۆژی یەکشەممە ٢٤ ی مانگی ڕەزبەر بڵاو بۆوە، لە زمان مامۆستایەکی زانستی سیاسی زانکۆی تارانەوە، سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی وتویەتی، کە:” ئەم قەبارە و ئاستە لە ناڕەزایەتیەکان هەموان و لەوانە کاربەدەستانی دەوڵەتی و ئەوانەی لە مەجلیس و قوەی قەزاییەدان، غافڵگیر کردوە.”

  ئەو بە جەخت کردنەوە لەسەر شک و گومانەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە بواری شێواز و چلۆنایەتی بەرخورد لەگەڵ ناڕەزایەتیەکان، وتی:” هەر بەم هۆیەوە لەسەر ئەو بڕوایەم بەرپرسان تا ڕادەیەک لەگەڵ نەبوونیچ بایەد کەرددا توشی سەر لێ شێواوی هاتون“. لە قسەکانی ئەم مامۆستایەدا ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر بوونی هەیە. و ئەویش ئەوەیە کە ڕژیمی ئیسلامی و سەرجەم دامودەستگا ئەمنیەتی و نیزامی و دەوڵەتیەکان دەزانن کە تا چ ڕادەیەک قین و توڕەیی و نەفرەت لەنێو خەڵکدا لەدژی کۆماری ئیسلامی لەسەریەک کەڵەکە بووە، بەم حاڵەشەوە ناڕەزایەتی ملیۆنی لەنێو خۆدا و هاتنە سەر شەقامی بە سەدان هەزار کەسی لە دەرەوەی وڵات خامنەیی و هاوبەشەکانی غافڵگیر و هەراسان کردوە. ماوەیەک بوو ژوورەکانی فکری کۆماری ئیسلامی هۆشدارییان ئەدا کە گەندەڵی نجومی ئیداری، پەرەسەندن و قوڵ بوونەوەی کەلێنی چینایەتی، گرانی، بێکاری، گوشار بۆسەر ژنان و لاوان، ئاسەوارەکانی کوشتاری پەتای کوڕۆنا کە حکومەت بە بەرگرتن لە هاتنی واکسێن بەرپرسی بوو، کۆمەڵگای گەیاندۆتە ئاستی تەقینەیەکی کۆمه‌ڵایەتی و سیاسی. حکومەت کە هاوردەکردنی ئامرازەکانی سەرکوت و چەکدارکردنی بە سەدان کەس لە بەکرێگیراوانی بە تفەنگ، گازی فرمێسک ڕێژ و ماشێنی دژه‌شۆڕش ڕێکخستبوو، بۆ بڕینی ئینترنێت نوێترین ئامرازەکانی ئیلکترونیکی لە پێشکەوتو ترین وڵاتانی رۆژئاوایی کڕیبوو، وشیارانە و بە بڕیاری شەخسی خامنەیی بەری بە هاوردە کردنی واکسێنی بەرگرتن لە کوڕۆنا گرت. قین و توڕەیی و نەفرەتی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی بە قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی تەقیەوە و لە ماوەی مانگێکدا زۆر ترین شارەکانی ئێرانی کردە گۆڕپانی خەبات و تێکۆشان لەدژی کۆماری ئیسلامی.

  سەرانی ڕژیم کە ئاگاداری قین و توڕەیی خەڵک بوون، پێیانوابوو لەبەر ئەوەی بزوتنەوەکانی پێشتر بە سەرکوی توند و دەست بردن بۆ جەنایەت لەدژی خەڵک دامرکابونەوە، ئەمجارەش هەر بەم شێوەکارانە بۆ دەورەیەکی دیکەش ناڕازیان دەنێرنەوە ماڵەکانیان. بەڵام ئەم جارە قین و توڕەیی خەڵک و ئاستی ناڕەزایەتیەکان بە رادەیەک بەرینە کە حاکمانی ئیسلامی و دەستگای سەرکوتی بە توندی هەراسان کردوە. لە خامنەییەوە بیگرە تا نوێنەرەکانی لە مەجلیسی ئیسلامیدا، لە فەرماندە جەنایەتکارەکانەوە تا ئیمام جومعەکان، دڵنیایی بە خۆیان و کەسانی دیکە ئەدەن کە:” ئەگەر خودا بیەوێ نیزام دەمێنێتەوە و پایەدارە و ناڕوخێ.” بەڵام ڕاستیەکان واوەترن لە وڕێنە و خۆهەڵکێشان و درۆ و دەلەسە باوەکانیان.

لەگەڵ پەرەسەندنی خەبات و ناڕەزایەتیەکان لە ناوەندە کرێکاریەکان، دەرگیرتر بوونی قوتابخانەکان، هاتنە مەیدانی ئازەربایجان لە کاردانەوە بە جەنایەت لە ئەردەبیل، دەورێکی تازە لە خەبات لەدژی حکومەتی ئیسلامی دەستی پێکردوە. ترس و وەحشەتی حاکمانی ئیسلامی زیاتر دەبێت و خەڵک شاهیدی کرانەوەی ئاسۆی نوێ دەبن لە دووهەم مانگی ناڕەزایەتیەکاندا.

  هیچ ڕادەیەک لە جەنایەت و سەرکوتی ڕژیم قین و توڕەیی خەڵک دانامرکێنێتەوە. نە ئاگردانی زیندانی ئەوین، نە جەنایەت لە سیستان و بەلوچستان، نە تیرۆر و موشەک باران لە کوردستان، نە وەحشیگەری و توندوتیژی لەدژی قوتابیان و خوێندکاران حکومەتی ئیسلامی لە ئاگری قین و نەفرەتی خەڵک ناپارێزێ. خەڵک دەزانن کە لە سەرەتای کۆتایی هاتنی تەمەنی کۆماری ئیسلامی نزیک بوونەتەوە و سەرکەوتنی یەکجارەکی بە نزیک و دەستەبەربوو دەبینن.