کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەرکەوتنی پۆدۆموس، هەنگاوێکیتر بەرەو چەپ

حیزبی ئیئتیلافی چەپی نوێ، واتە پودموس، لە هەڵبژاردنی ناوچەیی سپانیا زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا. ئەم حیزبە بەم سەرکەوتنە توانی پاشەکشە بە دوو حیزبی سوننەتی، یانی حیزبی دەستە راستی و خزمەتگوزاری ئاشکرای سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بەناوی “خەڵک” و حێزبی چەپی سوننەتی و میانە واتە “حیزبی سوسیالیست” بکات و بەشێوەیەکی کاتیش بووە، سیستمی دوو حیزبی حاکم تێکبشکێنێت. هەردوو رەوتی موتەحیدی پۆدۆموس، پۆستە بەهێزەکانی شارەداری مادرید پێتەخت و بارسیلۆنایان لە سپانیا بەدەست هێنا. رۆژی سێشەممە ٢٤ی مانگی مەی، بەرابەر لەگەڵ ٣ی جۆزەردان هەڵبژاردنی شوڕا ناوچەییەکانی شار، شارەدارییەکان و هەروەها دەنگدان بۆ نوێنەرانی پاڕلمانی ناوچەیی لە ١٣ ناوچە لە ١٧ ناوچەی وڵاتی سپانیا بەڕیوەچوو. لەم هەڵبژاردنە ناوچەییەدا کەمێک کەمتر لە ٣٦ ملیۆن شارۆمەندی خاوەن مافی دەنگدان هەبوو. کەمێک کەمتر لە ٦٥ لەسەدیان ٦٧ هەزار و ٦١١ ئەندامی شوڕا، ٨ هەزار و ٩٣ شارەدار و نوێنەری پاڕلمانی هەر ١٣ ناوچەی هەڵبژاردنیان دیاری کرد.حیزبی حاکمی “خەڵک” و حیزبی سوسیالیست کە بەرلە ٢٠١١ کابینەی سپانیایان بەدەستەوە بوو، بەهۆی ئەوەی کە بەپێی رێنماییەکانی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، بانکی ناوەندی ئوروپا و یەکیه‌تی ئوروپا ریازەتێکی ئابووری وێرانگەریان بەسەر کرێکاران و حقوق بگیراندا سەپاند، بە دژواری لە لایەن دەنگدەرانەوە سزا دران. ئەوان بە تەرتیب بە بەدەستهێنانی ٢٧ لەسەد و ٢٥ لەسەدی دەنگەکان توشی شکستی گەورە بوون. حیزبی راستی “سیۆدادانوس”یش کەمێک زیاتر لە سێ لەسەدی بەدەستهێنا و باقی دەنگەکان بۆ چەپەکانی پێوەندیدار بە پودموس بوون. پابلو ئیگلسیاس، رێبەری پودموس، دوای دەستەبەر کردنی ئەم سەرکەوتنە وتی کە کەس ناتوانێ لە بەرانبەر “بەهاری گۆڕاندا خۆی رابگرێت”.پێش بینی خاوەن ڕایان ئەوەیە کە پودموس لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری داهاتودا کە لە مانگی نوامبری ئەمساڵدایە لە سپانیا سەردەکەوێ. بە بۆچوونی ئەوان ئەگەر سەرکەوتنی سیریزا لە یونان سەرمایه‌داری ماڵی ئوروپای تەکاندا، سەرکەوتنی پودموس دەتوانێ گورزێکی گەلێک کاریگەرتر بێت لەم بوارەدا. ئەمانجی سیاسی و شێوەکاری سیریزا زۆر لە ئامانج و شێوەکاری پۆدۆموس دەچێت؛ لەبەر ئەوەی هەردوکیان رێشەیان لە گرایشی دژی سەرمایەداری کرێکاران لە شکڵی دژایەتی لەگەڵ ریازەتی ئابووریدایە و لەبەر ئەمەش هاوکارییەکی نزیکیان بە یەکەوە هەیە. دیارە سەرکەوتنی پودموس، سیریزا لە یونان و رەوتەکانی هاوشێوەی لە پورتوغاڵ و وڵاتی ئیرلەند بەهێز دەکات.443

پۆدۆموس، کە وەک چەترێکی سیاسی کاردەکات، رەوتێکی ئیئتیلافیە کە پشتیوانی جەماوەری و بەرینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی سپانیای لەپشتە. ریشەی ئەم جەریانە لە “بزوتنەوەی ناڕەزایەتی” ٢٠١١، بەناوی ” ١٥ ام” دایە کە بە پەیڕەوی کردن لە ئاخێزی خەڵکی میسر لە سپانیا شکڵی گرت و ئامانجی یارمەتی گەیاندن بە گۆڕینی نەخشەی سیاسی ئوروپا بە قازانجی کرێکاران، زەحمەتکێشان، خاوەنانی سەرمایەی بچوک و کەڵانی خەڵکێکە کە لە روانگەی رێبەرانی ئەم جەریانەوە لەژێر گوشاری باری قەیرانی سەرماداریدا پشتیان چەماوەتەوە. سیریزا تا رادەیەک یارمەتی هاتنەدی ئەم ئامانجەی داوە و پۆدۆموس لەم بوارەدا کاریگەری زیاتری دەبێت. لەبەر ئەوەی یونان وڵاتێکی بچوکە کە تەنیا ٢ لەسەدی ئابووری ئوروپای لە ئیختیار دایە، بەڵام سپانیا چوارەمین ئابووری گەورەی ئەم یەکیه‌تییەیە.رێبەرانی پۆدۆموس، وەک سیریزا کۆمەڵێک خوێندەوار و ئوستادن کە لەگەڵ سوسیال دیموکراسی سوننەتیدا سنوربەندییان کردووە و لەسەر ئەو بڕوایەن کە باری قەیرانی سەرمایەداری دەبێ بخرێتە سەرشانی بەدیهێنەرانی و نەک کرێکاران و جەماوەری بێبەش. لە روانگەی ئەوانەوە سەرمایەداران دەبێ بە دانی ماڵیاتی زیاتر، باری قەیرانی سیستمەکه‌یان وەئەستۆ بگرن و نەک ئەوەی کە بە داسەپاندنی ریازەتی ئابووری بیخەنە سەر شانی چینی کرێکار و خەڵک.گرینگی پۆدۆموس لە دژایەتیدا لەگەڵ ریفۆڕمیستی ئەحزابی سونەتی سوسیال دیموکرات و ریازەتی ئابووری جێی پەسه‌ندیاندایە. ریازەتی ئابووری لە ئێستادا ئەساسی ترین رێگاچارەی بۆرژوازیە بۆ دەرچون لە قەیرانی ئابووری و شپرزەیی سیاسی سەرچاوەگرتوو لێیەوە. دژایەتی رێکخراو لەگەڵ ئەم سیاسەتە خۆی لە خۆیدا پۆدۆموس لەبەرانبەر سەرمایەی بەهێزی ماڵیدا رادەگرێت. بەڵام ئەم بەرەنگار بوونەوەی حیزبی چکۆڵەی سیریزا لە بەرانبەر سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، بانکی ناوەندی ئوروپا و یەکیه‌تی ئوروپامان بینیوە. رەوتی پۆدۆموس لە سپانیا و سیریزا لە یونان جەریانە هاوشێوەکانیان لە پورتوغاڵ، ئیرلەند و تەنانەت وڵاتانی وەک ئیتالیا لە ئێستادا بەتەواوی خاوەنی پشتیوانی چینی کرێکارن. ئەوان بەم هۆیەوە لەلایەن چینی کرێکاری ئەم وڵاتانەوە هەڵبژێردراون کە ئەم چینە لە تەشەکولی چینایەتی- ناسازشکار و ئەحزابی سیاسی کومونیست و ئینقلابی خۆی بێبەشە. خاڵی بەهێزی ئەم رەوتە پشتیوانی بەرینی کرێکاران له‌وانه‌. بەڵام خودی ئەم جەریانە سیاسییە بەرهەمی قەیرانی ئێستای سەرمایەداریە و بەم ئیعتیبارەوە کاتی و زوو تێپەڕن. پۆدۆموس، وەک سیریزا حێزبێکی پاڕلمانیە، ئەندام و رێبەرانی ئەم جەریاناتە شەخسەن ئاگاداری مەحدودیەتی قودرەتی پاڕلمانین و دەزانن دەوڵەتانی بەهێزی ئوروپایی لەپاڵ پارلماندا پشتیان بە کۆمەڵێک ناوەندی حکومەتی غەیرە ئینتیخابی وەک هێزە چەکدارەکان، قوەی قەزاییە و هیتر بەستوە و بەبێ دودڵی، قازانج و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران لەبەرانبەر کرێکاراندا دەپارێزن. پابلو ئیگسیاس، رێبەر و دامەزرێنەری پۆدۆموس، لە وتووێژ لەگەڵ تارق عەلی، سیمای ناسراوی چەپی بریتانیا، ئەم راستیەی بەم شێوەیە دەربڕی:”لە ئوروپادا چەند دەوڵەتێکی زۆر بەهێز هەن. راگەیەنەرەکان پێوەندیەکی بەردەوامیان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵاتدا هەیە. لە ئاکامدا، تەنانەت لە ئەگەری سەرکەوتن لە هەڵبژاردنیشدا ئیمکانی ئاڵوگوڕ و تەحەولاتی جیدی گەلێک سنوردارە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئێمە دەبێ وشیار و ئاگادار بین. ئێمە ئەم بابەتەمان سەبارەت بە یونان بینی؛ ئەوەی کە لە چوارچێوەی یەکیه‌تی ئوروپادا فەزایەکی گەلێک بەرتەسک بۆ فەعالیەت و چالاكی دەوڵەتەکان له‌ ئارادایه‌. ئەوە بەو مانایەیە ئیمکانی دروست بوونی ئاڵوگوڕ کەمە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشە لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان کە بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بەڵام لە هەمانحاڵدا وەک دەرفەتێکی بەنرخ دەکرێ چاوی لێبکرێ لەبەر ئەوەی کە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان ئیجازەمان پێئەدەن تا زیاتر بەرەوپێش بچین و داواکارییە سیاسیەکانمان بێنینەگۆڕێ.”گرینگ، ئاراستە کردنی ئەم بەرەوپێش چوونەیە. بەرژەوەندی چینی کرێکار له‌وه‌دایه‌ کە بە پێكهێنانی تەشەکولی سیاسی و چینایەتی، بزوتنەوەکەی خۆی لە پۆدۆموسەکان و سیریزاکان تێپەڕێنێ و بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت.