کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

   سەرکەوتنی شۆڕش لە گرەوی هەتنە مەیدانی کرێکاران، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دایە

download

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردودا کرێکارانی ئێران بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان وەک هێزێکی ناڕازی شێلگیر بەردەوام لە مەیدانی خەباتدا بوون و ئەم خەباتەش بە هۆی کاردانەوەی سەرکوتگەرانەی ڕژیم لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕەنگ و بۆنی سیاسی بەخۆیەوە گرتوە. هەڵسوڕاوانی کرێکاری زۆربەیان تەمەن و تافی لاوی خۆیان، بە هۆی ناڕيزایەتی دەربڕین، لە زینداندا بەسەر بردوە و ژمارەیەکیان ئێستاش لە زیندانی ڕژیمدا دیلن.

  لە ٢٦ ی مانگی خرمانانەوە کە شۆڕشی گەلانی ئێران بەدروشمی ژن ژیان ئازادی دەستی پێکرد، بەشداری کرێکاران لەم شۆڕشەدا تاکەکەسی بووە و ئامادە بوونیان وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بەرچاو نەبوو. بەشداری ئەوان کاتێک دەرکەت کە گەڕەکە پەڕاوێز نشین و کرێکاریەکان لە شارە جۆراو جۆرەکان، و لەوانە لە باشوری تاران بە شێوەیەکی بەرچاو هاتنە نێو ئاخێزە جەماوەریەکەوە. لاوان لەم جۆرە گەڕەکانەدا کۆمیتەی گەڕەکیان پێکهێنا و دەستیان کرد بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی خەڵک. ئێستا شاهیدی دەستپێکی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی ڕێکخراوی کرێکارانین لە بارودۆخێکی سیاسی نوێدا. کرێکارانی ناڕازی وێڕای تەرح کردنی داخوازیە سینفیەکان، خەباتی خۆیان بە بەشێک لەم ئاخێزە دەزانن کە ئێستا لە ئارادایە. هەر لەم پێوەندیەدا شوڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیە کرێکاریە پەیمانیەکانی نەوت، کرێکارانی سەندیکاکانی حەت تەپە و شیرکەت واحد، شۆڕای سینفی مامۆستایان و ئەوانی تر، کۆمەڵێک بەیانامەیەیان بۆ پشتیوانی لەم شۆڕشە و مەحکوم کردنی ڕژیم بڵاو کردۆتەوە.

  هەر ئێستا مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان و خاوەن کامیۆنەکان لە ئارادایە و پیلانەکانی ڕژیم بۆ شکست پێهێنانی بەرەوڕووی ناکامی بۆتەوە. ئەم چەند نمونەی خوارەوە نیشانی ئەدات کە چینی کرێکاری ئێران لە سەرەتای ڕێگایەکدایە کە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە ئیمکانپەزیر دەکات.

  رۆژی سێ شەممە یەکی مانگی سەرماوەز، کرێکارانی پیتڕوشیمی مەسجد سلێمان بۆ زیاد بوونی حەقدەستەکانیان و ناڕەزایەتی دژبە بەکردەوە دەرنەهاتنی گەڵاڵەی ڕیزبەندی پیشەکان دەستیان لەکار کێشایەوە.

  رۆژی سێ شەممە یەکی مانگی سەرماوەز، کرێکارانی کارخانەی ماشێن سازی بەهمەن ماتۆڕ بۆ زیاد بوونی حەقدەست و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژبە وڵام نەدرانەوەی داخوازیەکانیان دەستیان لەکار کێشایەوە.

  رۆژی سێ شەممە یەکی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١، کرێکارانی پاڵاوگەی یازدە هەڵکەوتو لە فازی ١٩ ی کۆمەڵگەی گازیی پارسی جنوبی دەستیان کرد بە مانگرتن و لە حەوشەی شیرکەت کۆبوونەوە. ئەوان خوازیاری دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان و لەوانە درانی سەرجەم حەقدەستی مانگی خەزەڵوەری هەموو کرێکارانی شاغڵ لە پارسی جنوبی بوون.

  کرێکارانی کارخانەی پارس ئامپۆل ی ساوە رۆژی چوارشەممە ٢ ی مانگی سەرماوەز بۆ سێهەم رۆژی بەردەوام درێژەیان بە مانگرتن و کۆبوونەوەی خۆیان دا لەم یەکەی بەرهەمهێناندا بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکانیان.

  رۆژی چوارشەممە ٢ ی مانگی سەرماوەز، کرێکارانی کارخانەی ماشێن سازی بەهمەن دیزێل ی قەزوێن بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکانیان مانیان گرت و نەچوونە سەرکار و لەم یەکەی بەرهەمهێنانەی هەڵکەوتو لە  شارەکی پیشەسازی ئەلوەندی قەزوێن کۆبوونەوە.

  رۆژی چوارشەممە ٢ ی مانگی سەرماوەز، ئاگر کوژێنەوەکانی مەشهەد لە درێژەی ناڕەزایەتی بەردەوامیاندا سەبارەت بە ناڕەزایەتی بە ئاستی نزمی حەقدەست لەبەردەم ئوستانداری خۆراسانی ڕەزەوی کۆبوونەوە. ئەوان خوازیاری زیاد کرانی حەقدەستەکانیان بوون.

  کارمەندانی شیرکەتی نیرو موحەرەکەی قەزوێن رۆژی پێنجشەممە ٣ ی مانگی سەرماوەز بە مانگرتنی کرێکارانی پیشەسازی ماشێن سازییەوە پەیوەست بوون. ئەمە حەوتەمین مانگرتنە لە شیرکەتی ماشین سازیدا.

  رۆژی شەممە ٥ ی مانگی سەرماوەز، کرێکارانی شیرکەتی سەرما ئافەرین، هەڵکەوتو لە شارەکی سەنعەتی ئەلبورز لە ناڕەزایەتی بە ئیجرا نەبوونی بە دروستی گەڵاڵەی ڕیزبەندی پیشەکان و ئاستی لە خوارەوەی حەدەستەکانیان مانیان گرت و لە حەوشەی کارخانەکەدا کۆبوونەوە.

  زیاتر لە ٤ هەزار کەس لە کرێکارانی ئاسن تواندنەوەی ئیسفەهان لە بەشە جۆراو جۆرەکانی ئەم شیرکەتە، رۆژی شەممە ٥ ی مانگی سەرماوەز بۆ زیاد بوونی حەقدەستەکانیان مانیان گرت و لە حەوشەی شیرکەتەدا ڕێپێوانیان ئەنجامدا. ئەم ڕێپێوان و مانگرتنە شکۆدارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بڵاو بۆوە. جێگای ئاماژەیە کە سپا ڕاستەخۆ بە یارمەتی هێزەکانی و یان لە ڕێگای حەراسەتەوە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردودا فەزایەکی ئەمنیەتی قورسی بەسەر ١٦ هەزار کرێکاری زەوبی ئاهەندا سەپاندوە. ئەم مانگرتن و ڕێپێوانە بۆ یەکەم جارە لەم ئاستەدا ڕووی داوە و کرێکاران وشیارانە، تەنیا بە کەڵک وەرگرتن لە هاوسەنگی هێزێکی ئێستا لە ئارادایە توانیویانە ئەم کارە بکەن.

  زیاد کرانی حەقدەستەکان، لابردنی دەڵاڵەکان، داسەپاندنی قەراردادی هەمیشەیی و ڕاستەوخۆ بەسەر خاوەنکارەکاندا، و بە کردەوە دەرهاتنی گەڵاڵەی ڕیزبەندی پیشەکان، بێگومان کرێکاران دەباتە پێگەیەکی باشترەوە بۆ بەشداری کردنی ڕاستەوخۆ تر لە شۆڕشی ئازادی خوازانەی خەڵکدا. ئەم خەبات و مانگرتنەی کە بە داخوازی هێرش بەرانەوە بەڕێوەچوون، ڕێنیشاندەر و ئیلهامبەخشن و زۆری پێناچیت کە ئێمە لەگەڵ شەپۆلێک لە هاتنە ئارای داخوازی سینفی بەرەو ڕوو دەبینەوە کە لە ڕابردودا لەسەر یەک کەڵەکە بووە.

  پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری بە داخوازی هێرشبەرانە و سیاسیەوە، بێگومان بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە کە ئێستا لە ئارادایە، بەهێز دەکات و بە ئاڕاستەی ئەودا و لە ڕاستای ڕوخانی ڕژیمدا، بواری گشتگیر بوونی دروشمەکانی وەک:” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت”، ” نان، کار، ئازادی، حکومەتی شۆڕایی” فەراهەم دەکات.